|
زمان و بیر
تاڤگه عومه‌ر حه‌مه‌ساڵح
زمان و بیر په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویان به
یه‌كتره‌وه هه‌یه ، زانایان و لێكۆڵه‌ران لێكۆڵینه‌وه‌ی
زۆریان ئه‌نجامداوه بۆ ده‌رخستنی په‌یوه‌ندی نێوانیان و
ده‌رخستنی ئه‌وه، كه‌وا زمان كاریگه‌ری له‌سه‌ر بیر هه‌یه
یاخود به پێچه‌وانه‌وه یان هه‌ردووكیان كاریگه‌ریان هه‌یه
له‌سه‌ر یه‌كتری؟ یاخود ده‌كرێ به‌بێ زمان بیر به‌كاربێنین
یان به پێچه‌وانه‌وه؟ بۆیه زانایان زۆر هه‌وڵیانداوه و
چه‌ندین توێژینه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م
پرسیارانه و چه‌ندین پرسیاری تر.
زمان گرنگییه‌كی زۆری له ژیانی ڕۆژانه‌ی
مرۆڤدا هه‌یه. ساپیر ده‌ڵێ: ((زمان هۆیه‌كی ناغه‌ریزی تایبه‌ت
به مرۆڤه بۆ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیكردن و گواستنه‌وه‌ی هزر و
هه‌ست و ئاره‌زوو به‌كاردێت ، له كۆمه‌ڵه هێمایه‌ك
پێكهاتووه و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤدایه)) (أدوارد ساپیر:
1376: 26). له‌م پێناسه‌یه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه‌وا زمان
تایبه‌ته به مرۆڤـ و جگه له‌وه‌ی ئه‌ركی به‌هێزكردنی
په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه ئه‌ركێكی گرنگی تری هه‌یه ،
ئه‌ویش ده‌ربڕینه له هه‌ست و سۆزی بیری قسه‌كه‌ر و
گواستنه‌وه‌ی بۆ كه‌سی به‌رانبه‌ر.
یاخود زمان ئامێرێكه مرۆڤـ بۆ بیركردنه‌وه
به‌كاری دێنێ. واته به‌هۆی زمان له بیركردنه‌وه به‌رده‌وام
ده‌بین. (هۆگۆ شۆخارت) ده‌ڵێ: ((زمان به‌رهه‌می ده‌روونی تاكه
كه‌سێكه)، واته زمان به‌رهه‌می ناوه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌مان بۆ
ده‌رده‌خات و زمانیش له ده‌روونی مرۆڤه‌وه دروست ده‌بێت.
(شتایتاڵا) له‌و باوه‌ڕه‌دایه: زمانی تاكه
كه‌س ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیری تاكه كه‌سه و زمانی كۆمه‌ڵا
ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیری هه‌ستی كۆمه‌ڵه ، واتای وشه‌ش سنووردار
نییه ، چونكه به‌ستراوه‌ته‌وه به باری ده‌روونی و
تاقیكردنه‌وه‌كانی مرۆڤـ ، هه‌ربۆیه‌ش واتای وشه ناگاته
ڕاستی تاك و له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه گۆ نه‌كرێت.
(فندریس) خاوه‌نی (زمانه‌وانی ده‌روونی) له‌و
باوه‌ڕه‌دایه كه: هه‌موو كرده‌یه‌كی گوتن هه‌ڵگری
كاریگه‌رییه‌كی ده‌روونییه.
(باڵی) (1865 – 1947) ده‌ڵێ: هه‌ر كرده‌یه‌كی
گوتن هه‌ڵگری سیمایه‌كی كه‌سی و ده‌روونییه. (میلكا أفیتش :
1996: 95)
زمان پێویستییه‌كی ژیانی مرۆڤه و هۆكارێكیشه
بۆ په‌یوه‌ندیكردن و پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵا. هیچ
میلله‌تێك له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م زه‌مینه نییه پێویستی به زمان
نه‌بێت بۆ پێشكه‌وتنی شارستانیه‌ت و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی.
له سه‌ره‌تای بوونی مرۆڤایه‌تییه‌وه تاكو ئێستا به درێژایی
ڕۆژگار زمان و بیر ده‌ورێكی باڵایان هه‌بووه له ژیانمان و
هه‌ریه‌كه‌یان به پێی ئه‌ركی خۆی ده‌ورێكی گرنگی هه‌یه له
ژیانی مرۆڤدا.
زمان هۆیه‌كه بۆ ده‌ربڕینی بیر له ڕێگه‌ی
ده‌نگ كه به شێوه‌ی وشه ده‌رده‌بڕێ. هه‌روه‌ها پێناسه‌ی
بیریش شتێكی وا ئاسان نییه ، به‌ڵكو پێویستی به وردبینی و
گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه تاكو بگه‌ینه ڕاستی ته‌واوی ئه‌م
بابه‌ته. یه‌كێك له‌م پێناسانه بریتییه له: ((به‌كارهێنانی
توانای مێشك له شته زانراوه‌كان بۆ گه‌یشتن به
نه‌زانراوه‌كان)) (أحمدشفیق: و.نه‌ریمان خۆشناو) واته بیر
ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات له شاره‌زایی بوونه‌وه‌ری زیندوو كاتێك به
دوای چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێت.
(دۆلاكروا) پێی وایه ((بیر دروستكه‌ری زمانه
له هه‌مان كات ئه‌وه‌ی دروستكه‌ری لایه‌نه‌كه‌ی تره
زمانه)). بیر ئه‌و ده‌فره‌یه كه له ناویدا پێشبینی و
خه‌یاڵا و بیره‌وه‌ریی و زیره‌كی هه‌یه ، زیره‌كی جوولێنه‌ری
بیره و لای مرۆڤـ ناگـاته پـلـه‌ی تـه‌واوی له كاتێكدا
نه‌بێ كه مێشك ژیری و چالاكی به شێوه‌یه‌كی بێ وێنه
به‌كاربێنێت كه تێگه‌یشتن و بـۆچوونه‌كان له ڕێگه‌ی
زمانه‌وه بێت (حاتم صالح: 1989: 139).
واته بیر ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات له شاره‌زایی
بوونه‌وه‌ران جا مرۆڤـ یان هه‌ر گیانله‌به‌رێكی تر بێت كاتێك
تووشی كێشه‌یه‌ك ده‌بێت یاخود بۆ دوای چاره‌سه‌رێكدا ده‌گه‌ڕێ.
(الدوز هكسلی
Aldus Huxley)
ده‌ڵێ: ڕۆشنبیری مرۆڤ و هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی و
بیركردنه‌وه به‌بێ زمان نابێت. (جمعه سید یوسف : 1990 :
143).
زمان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ یه‌كێكی تر ده‌گۆڕێت
به‌مه‌ش بیركردنه‌وه‌شیان ده‌گۆڕێت. هه‌موو ناونانێكیش له
ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی له وشه‌ش دایه كه‌متره
له‌وه‌ی له ناو بیردایه ، واته وشه‌كان پڕ به واتای ئه‌وه
نین كه له ناو مێشكدایه.
زمان بیر ڕوون ده‌كاته‌وه و بیریش زمان
داده‌هێنێت. بیر به بێ زمان ناتوانێ ده‌ربڕین له هیچ شتێك
بكات ، چونكه خوای گه‌وره بیری داوه به مرۆڤـ بۆ
بیركردنه‌وه له دیارده‌ی ده‌وروبه‌ری له‌گه‌ڵا ئامێرێكی
زمانی بۆ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی له ناو بیردایه. زمان ئه‌و
توانایه‌یه كه له مرۆڤدایه بۆ داهێنانی ڕه‌مزی نوێ به
گوێره‌ی پێویست بۆ ده‌ربڕینی بیری نوێ كه پێشتر مرۆڤـ بیری
لێ نه‌كردۆته‌وه، چونكه بیر به ته‌نیا ناتوانێت ده‌ربڕین
له‌سه‌ر هیچ شتێك بكات به‌بێ زمان.
ده‌توانین بڵێین: بیر كه‌مێك پێش زمان دێت له
لایه‌نی كاتی ، چونكه له سه‌ره‌تا بیر ده‌كه‌ینه‌وه ئینجا
به دوای ده‌ربڕین ده‌گه‌ڕێین كه ئه‌م واتایه بدات كه له
ناو بیرماندایه. هه‌روه‌ها دانانی چه‌ند وشه‌یه‌ك بۆ یه‌ك
مانا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه كه بیر پێش ئه‌و هۆیه
زمانیانه‌یه كه‌وا به‌كاریان دێنین. منداڵیش له دایك ده‌بێت
پێش به ده‌ستهێنانی زمان. توانای بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه ،
ئینجا زمان به ده‌ست دێنێت نه‌ك زمانی هه‌بێت ئینجا توانای
بیركردنه‌وه به ده‌ست بێنێت ، به‌ڵام له لایه‌نی پێشكه‌وتن
له‌گه‌ڵا یه‌كترن. پێشكه‌وتنی زمان پێشكه‌وتنی بیری له‌گه‌ڵه
هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕاسته. بیركردنه‌وه‌ش هه‌ر زمانه،
به‌ڵام زۆر كات زمانێكی بێ ده‌نگ و هه‌ر له ناو مێشكدایه ،
به‌ڵام هه‌ندێك جار بیركردنه‌وه به ده‌نگه و كه‌سانی
چوارده‌وری گوێ بیستی بیركردنه‌وه‌كه‌ی ده‌بن.
زمان و بیر به ته‌واوی به ناو یه‌كتردا
چوونه وه‌كو دوو ڕووی یه‌ك شتن یاخود وه‌كو دووكه‌ڵا كه
نیشانه‌ی ئاگره. ئه‌مانه‌ش ته‌واوكه‌ری یه‌كترن بوونی
یه‌كێكیان بێ ئه‌وی تر نابێت. هه‌ر كاتێك لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر
زمانی هۆزێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌وا لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر
بیریان ئه‌كه‌ین. یاخود لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بیریان بكه‌ین
ئه‌بێت لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر زمانیان بكه‌ین. بۆیه ئه‌گه‌ر
مرۆڤـ توانای بیركردنه‌وه‌ی له ده‌ستدا ئه‌وكات توانای
ده‌ربڕینیشی نامێنێ. كه‌واته زمان خزمه‌تی بیر ده‌كات و
بیریش خزمه‌تی زمان ده‌كات.
بیر به هۆی زمان له گۆڕانكاری به‌رده‌وامه
له ئه‌نجامی كاریگه‌ری ده‌ره‌كی و پێشكه‌وتنی زانستی كه
پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵا ده‌رده‌بڕێ ، كه‌واته په‌یوه‌ندی زمان و
بیر په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وه.
كاریگه‌ری زمان له‌سه‌ر بیر
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی نێوان زمان و بیر,
زمانه‌وانه‌كان بیر‌و ڕای جیاوازیان هه‌یه. زمان له فۆڕم و
واتا پێكهاتووه , واتاش له‌ناو بیره, ئه‌گه‌ر واتا وه‌ك
چه‌مك لێكبده‌ینه‌وه ده‌كه‌وێته ناو بیر. بۆ سه‌لماندنی كه
ده‌ڵێین (دێ‌و) خۆی له‌به‌ر چاومان نییه, به‌ڵام چه‌مكێك
هه‌یه له‌ناو مێشكمان. كه‌واته زمان په‌یوه‌ندی به‌بیره‌وه
هه‌یه. به‌هۆی زمانه‌وه ده‌توانین ئه‌وه‌ی له‌ناو بیره
ده‌رببڕین, به‌ڵام ئه‌م فۆڕمانه هه‌رگیز ناتوانن هه‌روه‌ك چۆن
له‌ناو بیره به‌ته‌واوی ده‌رببڕن، هه‌روه‌ها ناتوانین به
شێوه‌یه‌كی ورد و ڕوون كاریگه‌ری زمان له‌سه‌ر بیر ده‌رببڕین,
چونكه تاكو ئێستا چه‌ندین بۆچوونی جیاواز هه‌یه له‌م
باره‌یه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یری زمانی قسه‌كه‌ر بكه‌ین و چۆنیه‌تی
كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌سی به‌رانبه‌ری له‌هه‌مان كۆمه‌ڵگه.
واتا ئه‌گه‌ر سه‌یری تاكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بكه‌ین ئه‌وه جیاوازی
هه‌یه له‌چۆنیه‌تی ده‌ربڕین و شێوه‌ی قسه‌كردنیان.
ئه‌م جیاوازیه له‌تاكێك بۆ یه‌كێكی تر
ده‌گۆڕێت. به‌هه‌مان شێوه كاریگه‌ریه‌كه‌ش له تاكێكه‌وه بۆ
یه‌كێكی تر ده‌گۆڕێت, چونكه شێوه‌ی ده‌ربڕین كه‌سایه‌تی ئه‌م
تاكه‌ت بۆ ده‌رده‌خات و به‌گوێره‌ی شێوه‌ی ده‌ربڕین و پله‌ی
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی له‌سه‌ر كه‌سانی به‌رانبه‌ر ده‌گۆڕێت.
واته شێوه‌ی ده‌ربڕینی زمان پاراوی كاریگه‌ری زۆری هه‌یه
له‌سه‌ر كه‌سی به‌رانبه‌ر. واته به‌هۆی ده‌ربڕینه‌كانه‌وه
ده‌توانین بیروڕای كه‌سێك له‌باره‌ی شتێكه‌وه بگۆڕین و
كاریگه‌ریت هه‌بێت له‌سه‌ری. بۆ نموونه پیاوێكی ئایینی كه
باس له‌لایه‌نێكی ئایینی ده‌كات كاریگه‌ری زۆرتره له‌كه‌سێكی
تر له‌م بواره شاره‌زاییه‌كی كه‌می هه‌یه یاخود (مه‌لا)
نییه. شێوه‌ی ده‌ربڕین و توانای كه‌سایه‌تیش له‌كه‌سێكه‌وه
بۆ كه‌سێكی تر ده‌گۆڕێت كاریگه‌رییه‌كه‌شی له‌سه‌ر بیری
به‌رانبه‌ر له تاكێكه‌وه بۆ تاكێكی تر ده‌گۆڕێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یری كه‌سێك بكه‌ین ، كه زمانه‌كه‌ی
له لایه‌نی بایلۆجی ته‌واو نه‌بێت، ئه‌وا كاریگه‌ری كه‌متره
له سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی زمان پاراو و به شێوازێكی جوان و
ده‌ربڕینی گونجاو قسه‌ده‌كات ، چونكه ئه‌گه‌ر سه‌یری كه‌سێك
بكه‌ین كه نه‌خۆشی زمانگرتنی هه‌بێت یان هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی تر
له زمانه‌كه‌ی له لایه‌نی بایلۆجی ده‌بینین كاریگه‌ری زۆر
كه‌متره ، چونكه زۆرجار كه‌سی به‌رانبه‌ر له به‌ر ته‌ركیزی
كردن له‌سه‌ر شێوه‌ی قسه‌كردنه‌كه‌ی زۆر ئاگای له ناوه‌رۆكی
بابه‌ته‌كه نامێنێت. یاخود ئه‌و كه‌سانه له هه‌موو كات
ناتوانن ده‌ربڕینی گونجاو به شێوه‌یه‌كی جوان و شیاو
ده‌رببڕن، بۆیه زمانه‌كه‌یان كاریگه‌ری كه‌متره له‌سه‌ر بیری
كه‌سی به‌رانبه‌ر ، چونكه وه‌ك ده‌زانین له كاتی ئاخاوتن
زمانگر تووشی سێ ڕه‌وشتی گوته‌یی ده‌بێت یان سێ ڕه‌وشتی
گوته‌یی له ڕه‌وشتی ئاخاوتنی زمانگر هه‌ستی پێ ده‌كرێت، كه
ئه‌مانه‌ن:
1. دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌نگ یان وشه
یان ڕسته‌ی كورت.
2. وه‌ستان له كاتی ئاخاوتندا.
3. درێژكردنه‌وه‌ی ده‌نگێك یان
بڕگه‌یه‌ك (دانا ته‌حسین محه‌مه‌د: 2008: 75)
لێره‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه ئه‌م شێوه
ده‌ربڕینانه كاریگه‌رییان كه‌متره له‌سه‌ر كه‌سی به‌رانبه‌ر
، چونكه وه‌ك وتمان گوێگر سه‌رنج له شێوه‌ی قسه‌كه ده‌دات
زیاتر نه‌ك له ناوه‌رۆك یاخود ئه‌وه‌نده سه‌رنج ده‌داته
وشه‌كانی تاكو له واتایان بگات و ئاگای له ناوه‌رۆكی بابه‌ت
نامێنێ بۆیه كاریگه‌ری له‌سه‌ر تاكی به‌رانبه‌ر كه‌متره
له‌و كه‌سانه‌ی به زمان پاراو و دروست و ڕه‌وان ده‌دوێن.
له‌مه‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه زمان پاراوی و لێزانی له
هه‌ڵبژاردنی وشه و ده‌سته‌واژه‌كان كاریگه‌ری زۆریان هه‌یه
له‌سه‌ر كه‌سی به‌رانبه‌ر ، بۆیه هه‌ندێك جار قسه‌كه‌ر به‌هۆی
زمانه‌كه‌ی و جوانی شێوازی قسه‌كردنی ده‌توانێت بیروڕای كه‌سی
به‌رانبه‌ری بگۆڕێت جا ئه‌گه‌ر ئه‌م بیروڕایه‌ی ڕاست بێت یان
به پێچه‌وانه‌وه.
(فندرس) ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی له مێشكدایه
كه‌متره له‌وه‌ی له زماندایه.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به گرنگی زمان له‌سه‌ر
بیر ، ئایا زمان پێویسته هه‌بێت بۆ بیركردنه‌وه یان نا ،
بیروبۆچوونی جیاواز هه‌یه له باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه له
ڕووی بایلۆجییه‌وه.
گروپی یه‌كه‌م: پێیان وایه كه بوونی زمان
مه‌رجێكی تایبه‌تییه بۆ توانای بیركردنه‌وه. ئه‌فلاتوون له
زانا دێرینه‌كان و (جۆن واتسۆن) له زانا هاوچه‌رخه‌كان
نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات ((ده‌ڵێت بیركردنه‌وه له زمانێكدا
ڕووده‌دات كه ئاخاوتن و پێكهاته‌كانی بێ ده‌نگ بێت)) ،
هه‌روه‌ك بڵێیت كه‌سێك گفتوگۆ و وتوێژ له‌گه‌ڵا كه‌سێكی تردا
بكات ئه‌مه‌ش مانای وایه كه فێربوونی زمان مه‌رجێكه بۆ
بوونی توانای بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤـ.
گروپی دووه‌م: كه (هۆستیۆن فندلر)
نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات بیروبۆچوونێكی جیاوازیان هه‌یه بوونی
زمان و فێربوونی زمان به مه‌رجێكی تایبه‌تی و چه‌سپاو دانانێت
بۆ په‌یدابوونی و توانای بیركردنه‌وه ، به‌ڵگه‌شیان بۆ ئه‌مه
ئه‌وه‌یه كه‌وا ((كه‌سێكی كه‌ڕ و لاڵا توانای بیركردنه‌وه‌ی
هه‌یه ، چونكه هه‌ست به ده‌روپشتی خۆی ده‌كات و بڕیار
وه‌رده‌گرێت، له‌وانه‌شه گۆڕانكاری به‌سه‌ر بیڕوراِی خۆیدا
بێنێت ، كه‌چی زمانیش نازانێت و ناتوانێت قسه‌بكات ، بگره له
منداڵیشه‌وه یه‌ك وشه‌ی نه‌بیستووه و نه‌یوتوه)) (أحمد شفیق
خگیب: و. نه‌ریمان خۆشناو: 2009: 95 – 96)
كاریگه‌ری بیر له‌سه‌ر زمان
بیركردنه‌وه له ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤـ
هه‌ڵده‌قوڵێت و هه‌موو بیركردنه‌وه‌ی زانستی و زانیاریشی له
ژیانی ڕۆژانه سه‌رهه‌ڵده‌دات ، بۆیه بارودۆخی ژیانی
میلله‌تێك و زمانی كه له‌گه‌ڵا میلله‌تێكی تردا جیاوازه،
شێوه‌ی بیركردنه‌وه و زمانیشی جیاوازه. هه‌روه‌ها شێوه‌ی
تێگه‌یشتنیشیان جیاوازه، زمانیش میراتێك نییه وه‌ك ڕه‌نگی
پێست و شێوه‌ی له‌شه و ...هتد. به‌ڵكو به گوێره‌ی شوێنه‌كه
ده‌گۆڕێت، هه‌ربۆیه‌ش بیری میلله‌تێك له‌گه‌ڵا شێوه‌ی
بیركردنه‌وه‌ی میلله‌تێكی تر ده‌گۆڕێت. هه‌روه‌ها مێژوو و
ژینگه‌ی میلله‌تێك له‌گه‌ڵا میلله‌تێكی تر جیاوازه، ئه‌مه‌ش
كاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوه‌ی بیركردنه‌وه هه‌یه. زمانی ئه‌م
میلله‌ته‌ش به گوێره‌ی زانیاری و ئاستی ڕۆشنبیری ئه‌م
میلله‌ته یاخود ئه‌و تاكه ده‌بێت. چونكه شێوه‌ی
بیركردنه‌وه‌كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوه‌ی زمانه‌كه ده‌بێت
كه‌سی ڕۆشنبیر و زمانێكی پاراو و جوانی هه‌یه، به‌ڵام كه‌سێك
ئاستی ڕۆشنبیری كه‌م بێت فه‌رهه‌نگی شێوه‌كانیشی لاوازه وه‌ك
كه‌سی ڕۆشنبیر فه‌رهه‌نگی وشه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند نییه. بۆیه
زمانه‌كه‌شی له ئاستی ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌بێت.دنیای واتاكان
له‌گه‌ڵا دنیای ده‌نگه‌كان پێكه‌وه په‌یوه‌ستن. (محمد مه‌حوی:
2009: 184)
پێشكه‌وتنی لایه‌نێك له ژیاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی
له‌سه‌ر بیری كه‌سه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه هه‌یه، به‌مه‌ش
كاریگه‌ری له‌سه‌ر زمانی ناوچه‌كه ده‌كات.
(بیلابیبر) (1963) پێی وایه بۆ تێگه‌یشتنی
په‌یوه‌ندی بیر به زمانه‌وه زۆر پێویسته دوو لایه‌نی بیر
له یه‌كتر جیابكه‌ینه‌وه، كه لایه‌نی دینامیكی ڕوخسار و
لایه‌نی ناوه‌رۆك و كاكڵه‌یه. جا لایه‌نه دینامیكییه
شكڵییه‌كان چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی وه‌كو چه‌مك و یاسا و
ده‌ره‌نجامه‌كان ده‌گرێته‌وه ، ئه‌م لایه‌نه دینامیكییه
ڕوخساره‌ش بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی یه‌ك شتن ، ... به‌م مانایه
ده‌توانین بڵێین: كه لۆجیك بۆ هه‌موو گه‌لان هه‌ر لۆجیكه و
یاساكانی بیركردنه‌وه‌ش بۆ مرۆڤـ هه‌ر یه‌كه ، به‌ڵام له
نێوان تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی ده‌روونی توخمێكی دی
هه‌یه كه (ناوه‌رۆك)ه ، ناوه‌رۆكی بییركردنه‌وه به پێی
شاره‌زایی گه‌لان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت. (موفق حمدان : و.
نه‌ریمان خۆشناو: 2010 : 111)
(دونلاب) ده‌ڵێت: ((كاتێ بونیادی زمانی
نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌خوێنینه‌وه ده‌توانین شێوه‌ی
بیركردنه‌وه‌شیان بزانین و كاتێكیش چه‌مكه‌كانیان
ده‌خوێنینه‌وه، ده‌توانین ئه‌و شتانه دیاری بكه‌ین كه پێی
جیاده‌كرێته‌وه. زمان له بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاوه
هه‌ڵده‌قوڵێت ، جیاوازی نێوان زاراوه‌كانی زمانه جیاوازه‌كان
نیشانه‌ی جیاوازی كه‌لتوره‌كانه)) (حاتم صالح چامن: 1989:
143)
بیر دیارده‌كانی ده‌وربه‌ر و ژینگه و سروشت
له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی مێشكی مرۆڤـ كۆپی ده‌كات و وا له مرۆڤـ
ده‌كات تێ‌یان بگات. واته كاری بیركردنه‌وه‌یه له
دیارده‌كانی ده‌وروبه‌ری. هه‌رچی زمانه ئه‌ركی گواستنه‌وه‌ی
بیر و ئاڵوگۆڕكردنی له نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا. زمان و بیر
ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، چونكه زمان بیر ڕوون ده‌كاته‌وه و
بیریش زمان داده‌هێنێ.
سه‌رچاوه‌كان:
1. أدوارد ساپیر ، 1376 (1997) ، زبان
(در أمدی بر مطالعه سخن طفتن) ، چاپ أول ، انتشارات سروش ،
تهران.
2. میلكا أفیتش ، 1996. ت. سید
عبدالعزیز مصلوع و وفا‌و كامل فاید ، اتجاهات البحث اللسانی ،
بغداد.
3. أحمد شفیق الخطیب ، زمان و بیر ، و.
نه‌ریمان خۆشناو ، گۆڤاری زمان‌ناسی ، ژ. (3)ئه‌یلولی 2009 ،.
4. حاتم صالح الچامن ، 1989 ، علم
اللغه ، طبعه بمطبعه التعلیم العالی بالموصل.
5. محمد مه‌حوی ، 2009 ، زانستی هێما
(هێما ، واتا‌و واتا لێكدانه‌وه) به‌رگی دووه‌م ، چاپخانه‌ی
په‌یوه‌ند ، سلێمانی.
6. موفق حمدان ، زمان و بیر ،و.
نه‌ریمان خۆشناو ، گۆڤاری زمان‌ناسی ، ژ. (6) كانوونی دووه‌می
2010.
7. جمعه سید یوسف ، 1990 ، سیكولوجیه
اللغه والمرض العقلی ، عالم المعرفه.
8. دانا ته‌حسین محه‌مه‌د ، 2008 ،
نه‌خۆشی زمانگرتن له نێو منداڵانی كورددا ، نامه‌ی ماسته‌ر ،
زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ، هه‌ولێر.
|