|
كێشه‌ی زاراوه له به‌راوردی
ئه‌ده‌بیدا
د. عادل گه‌رمیانی- كۆلێژی
زمان/ زانكۆی كۆیه
ساده‌ترین پێناسه‌ی چه‌مكی زاراوه ئه‌و
ناوه‌یه هه‌ندێ زانا‌و شاره‌زا له‌سه‌ری ڕێك ده‌كه‌ون بۆ
مه‌به‌ستێكی مه‌عریفی وه‌ك زاراوه ئه‌ده‌بیه‌كان یا زاراوه
زانستییه‌كان یا زاراوه فه‌لسه‌فیه‌كان .. هتد . دروستكردنی
زاراوه‌ش به چه‌ند ڕێگایه‌ك ده‌بێت وه‌كو له‌ڕووی دارشتنه‌وه
زاراوه‌ی دارێژراو دروست ده‌بێت ، هه‌روه‌ها له‌ڕووی
خواستنه‌وه زاراوه‌ی خوازه‌یی دروست ده‌بێت و ، له‌ڕووی
ڕۆژانه به‌كارهێنانه‌وه زاراوه‌ی باو دروست ده‌بێت و ،
له‌ڕووی وه‌رگێرانه‌وه زراوه‌ی وه‌رگێراو دروست ده‌بێت و ،
له‌ڕووی هه‌ڵكۆڵینی زمانییه‌وه زاراوه‌ی هه‌ڵكۆڵێنراو دروست
ده‌بێت .
به‌راورد وه‌ك چه‌مك به‌واتای وه‌رگرتنی دوو
شتی جیاواز له‌نێو ته‌رازووی به‌راوردكردنه‌كه‌دا بۆ
خستنه‌ڕووی لایه‌نه‌كانی لێكچوون و جیاوازی نێوان شته
به‌راوردكراوه‌كان . له بواری ئه‌ده‌بیاتدا به‌راوردی
ئه‌ده‌بی وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی مه‌عریفی له‌نێوان ده‌قه زمان
جیاوازه‌كان ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی كاریگه‌ری یا
داهێنانی نێو ده‌قه به‌راوردكراوه‌كان و له ئه‌نجامیشدا
به‌راوردی ئه‌ده‌بی ده‌بێته ئه‌ڵقه‌یه‌كی به‌ستنه‌وه‌ی
كه‌ڵچه‌ری گه‌لانی جیهان و ، به‌م شێوه‌یه به‌راوردی ئه‌ده‌بی
خزمه‌تی ئه‌ده‌بی جیهانی ده‌كات .
له‌بواری به‌راوردی ئه‌ده‌بیدا چه‌ند
قوتابخانه‌یه‌كی به‌راوردی سه‌ره‌كی هه‌یه كۆنترینیان
قوتابخانه‌ی به‌راوردی فه‌ره‌نسییه له‌سه‌ر ده‌ستی فرانسوا
ڤیلمان سه‌ری هه‌ڵدا كاتێ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ (1828-183.) له
زانكۆی سۆربۆن له‌باره‌ی كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی به‌سه‌ر
ئه‌ده‌بی ئیتاڵی وانه‌ی ده‌وته‌وه‌و ، له‌م قوتابخانه‌دا
زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راورد به‌كارده‌هێنرێت بۆ ناو لێنان له‌و
پرۆسه به‌راورده له‌نێوان ده‌قه زمان جیاوازه‌كان ده‌كرێت .
گۆته نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانیایه
له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا هه‌وڵیدا بۆ دروستبوونی جۆره
ئه‌ده‌بیكی گشتی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی و گه‌لان وێنه‌ی خۆیان
تێیدا ببیننه‌وه ، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێ هۆكار ئه‌و هه‌وڵه
پیرۆزه‌ی گۆته سه‌ری نه‌گرت ، به‌ڵام كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو
به‌سه‌ر بزاڤی به‌راوردی ئه‌ده‌بی له ئه‌ڵمانیا كه‌وا
زاراوه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی به‌راوردیان به‌كارده‌هێنا ، چونكه
لێكۆڵه‌ر له‌بواری ئه‌ده‌بی به‌راورددا سوود وه‌رده‌گرێ له
مێژووی ئه‌ده‌بی گه‌لانی خاوه‌ن ده‌قی به‌راوردكراوه‌كان .
لێكۆڵه‌رانی به‌راوردی ئه‌ده‌بی له ڕووسیای
قه‌یسه‌ریی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌هه‌م
سه‌ره‌تا له‌ژێر كاریگه‌ری قوتابخانه‌ی به‌راوردی فه‌ره‌نسی
زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردیان به‌كارده‌هێنا ، به‌ڵام دوای
سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر له ساڵی 1917 له ڕووسیاو پاشتر
دروستبوونی سیسته‌می سۆشیالیستی له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و
هه‌ندێ وڵاتی ئه‌وروپا ئه‌وسا زاراوه‌كه گۆڕا بۆ زانستی
ئه‌ده‌بی به‌اروردی سۆشیالیستی و ئه‌لیكسنده‌ر دیما له
كتێبه‌كه‌یدا ( شه‌نكسته‌كانی ئه‌ده‌بی به‌راورد ) به وردی
خه‌سڵه‌ته تایبه‌تییه‌كانی ئه‌م زاراوه‌ی باسكردووه‌و ،
به‌لایه‌وه ئه‌ده‌بی به‌راورد زانستێكه هه‌رچه‌نده
به‌لامانه‌وه ئه‌ده‌ب زانسته نه‌ك ئه‌ده‌بی به‌راورد كه‌وا
چه‌شنێكی ئه‌ده‌بییه نه‌ك زانست ، هه‌روه‌ها ئه‌م زاراوه‌یه
ئاماژه به ڕه‌هه‌ندێكی سۆشیالیستی ده‌كات كه‌وا ئه‌ده‌ب
له‌سایه‌ی سیسته‌می سۆشیالیستسدا ده‌بێ خاوه‌ن ئاڵا‌و بیرێكی
سۆشیالیستی بێت به‌پێچه‌وانه‌ی چه‌مكی ئه‌ده‌بی به‌راورد لای
پۆل ڤان تیگمی ڕابه‌ری قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردی
فه‌ره‌نسی له سه‌ده‌ی بیسته‌هه‌مدا كه‌وا داوای ده‌كرد له
به‌راوردكردنی ئه‌ده‌بیدا ته‌نیا مه‌ڵبه‌ندێتی ئه‌وروپی
به‌گشتی و جه‌مسه‌ری فه‌ره‌نسی له به‌راوردكرنه‌كه‌دا ڕه‌چاو
ده‌كرێت ، هه‌رچه‌نده هه‌ردوو قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردی
فه‌ره‌نسی و سۆشیالیستی بایه‌خێكی زۆر به دیاریكردنی جۆری
كارتێكردنه ئه‌ده‌بییه‌كه ده‌ده‌ن .
دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی هه‌ندێ لیكۆڵه‌ری
به‌راورد له ئه‌مه‌ریكا په‌یدابوون هه‌وڵیاندا جۆره
كه‌سایه‌تییه‌كی جیاوازی ئه‌مه‌ریكی به پرۆسه‌ی به‌راوردی
ئه‌ده‌بی بده‌ن و ، به‌ناوبانگیان ڕینییه ویلیكه كه‌وا له
كتێبه‌كه‌یدا (چه‌مكه ڕه‌خنه‌ییه‌كان) زاراوه
به‌راوردی ئه‌ده‌بی به‌كارهێناو ، به‌لایه‌وه ئه‌ده‌بی
به‌راورد له‌ڕاستیدا بریتییه له پرۆسه‌یه‌كی به‌راورد
له‌نێوان ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌كاندا .
جگه له‌و چوار قوتابخانه ئه‌ده‌بییه
به‌راورده چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی دیكه‌ی تازه‌ی پێگه‌یشتوو
هه‌یه وه‌ك قوتابحانه‌كانی ئه‌ده‌بی به‌راوردی هیندی و
به‌رازیلی و عه‌ره‌بی و كوردی كه‌وا كێشه‌ی زاراوه‌كه
به‌لایانه‌وه ساغ نه‌بۆته‌وه‌و لێكۆڵه‌رانیان له‌ژێر
كاریگه‌ری هه‌ردوو قوتابخانه‌ی به‌راوردی ئه‌ده‌بیی فه‌ره‌نسی
و ئه‌مه‌ریكی زاراوه‌كه به‌كارده‌هێنن .
ئه‌گه‌ر به‌وردی وردبینه‌وه له واتای
زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راورد ( الادب المقاڕن -
COMPARATIVE LITERATURE)
وه‌یا به‌راوردی ئه‌ده‌بی وه‌یا ڕه‌خنه‌ی به‌راورد وه‌یا
زانستی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری ، كه‌وا هه‌ر یه‌كێكیان له نێو
قوتابخانه‌یه‌ك له قوتابخانه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌راوردی
ئه‌ده‌بی له‌به‌ر به‌ڵگه‌و هۆی خۆی به‌كار ده‌هێنرێ ، ئه‌وا
له نێویاندا هه‌ندێ جیاوازیمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ . بۆ
نموونه مه‌به‌ست له زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راورد له
قوتابخانه‌ی به‌راوردی فه‌ره‌نساییدا ئه‌و جۆره نووسینه‌یه
بۆ كاری به‌راورد ته‌رخانكرابێ و لایه‌نی پێوه‌ندی مێژوویی
نێوان ده‌قه ئه‌ده‌بییه به‌راوردكراوه‌كان بخاته ڕوو له
ڕێی ده‌سنیشانكردنی جۆری ناوه‌ندێتی گواستنه‌وه‌ی لایه‌نی
كاریگه‌ریی نێوان نووسه‌ری ده‌قی كارتێكه‌رو نووسه‌ری ده‌قی
كارتێكراو . ئه‌م جۆره كرده‌وه ئه‌ده‌بییه به لامانه‌وه
ده‌كرێ وه‌ك كرده‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیی شیكاری سه‌یر بكرێ،
به‌ڵام ناكرێ وه‌ك جۆره ئه‌ده‌بێكی سه‌ربه‌خۆ دابنرێ ،
چونكه نه‌بوه‌ته خاوه‌ن سه‌رفرازی خۆی له نێو ڕه‌گه‌زه‌كانی
ئه‌ده‌بدا . هه‌رچه‌نده ده‌كرێ وه‌ك چه‌شنه ئه‌ده‌بێك سه‌یر
بكرێ هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌ڵێین ئه‌ده‌بی مناڵان وه‌یا ئه‌ده‌بی
ده‌روونی وه‌یا ئه‌ده‌بی سۆشیالیستی وه‌یا ..هتد .
مه‌به‌ست له زاراوه‌ی به‌راوردی ئه‌ده‌بی (
المقارنه الادبیه ) ئه‌و جۆره كاره‌یه زیاتر به ئه‌ركی
خستنه ڕووی جۆری به‌راوردكردنه‌كه هه‌ڵده‌ستێ ، كه‌وا له
بواری ئه‌ده‌بدا ده‌كرێ ، به‌ڵام ئه‌م زاراوه‌یه پاشتر له
لایه‌ن ڕابه‌رانی قوتابخانه‌ی به‌راوردی فه‌ره‌نسایییه‌وه
هه‌ندێ ده‌ستكاریكرا . بۆ نموونه زاراوه‌كه له سه‌ده‌ی
نۆزده‌هه‌مدا به‌لای جان جاك ئه‌مپێره‌وه ده‌بێته مێژووی
ئه‌ده‌بیاتی به‌راورد (تاریخ الاداب المقارن) و ،
زاراوه‌كه به‌لای بالدنسپێركه‌وه ده‌بێته مێژووی ئه‌ده‌بیی
به‌راورد كرا‌و ( التاریخ الادبی المقارن ) و، زاراوه‌كه له
سه‌ده‌ی بیسته‌هه‌مدا به‌لای پۆڵ ڤان تیگیم و جان ماریه
كاریه و فرانسوا گۆیارو هه‌زارو پێشوا ده‌بێته ئه‌ده‌بی
به‌راورد (الادب المقارن).
لێكۆڵه‌رانی به‌راورد له قوتابخانه‌ی
به‌راوردی ئه‌مه‌ریكایی حه‌ز له به‌كارهێنانی زاراوه‌ی
ڕه‌خنه‌ی به‌راورد ( النقد المقارن ) ده‌كه‌ن ، چونكه
به‌لایانه‌وه لێكۆڵه‌ری به‌راورد له كاره ئه‌ده‌بییه‌كه‌یدا
ده‌بێ به جۆره شیكردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی هه‌ڵبستێ له
كاتی ده‌سنیشانكردنی لایه‌نه باش وخراب و جیاوازی‌و لێكچووی
نێوان ده‌قه ئه‌ده‌بییه به‌راوردكراوه‌كان . هه‌روه‌ها
لایه‌نی خستنه ڕووی ئاستی ئیستاتیكای ده‌قه
به‌راوردكراوه‌كان و ئاستی داهێنانی نێو ده‌قه
به‌راوردكراوه‌كان له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی قوتابخانه‌ی
به‌راوردی ئه‌مه‌ریكایییه.
سرووشتی زاراوه‌ی ڕه‌خنه‌ی به‌راورد
به‌لامانه‌وه جێی په‌سه‌نده ، به‌ڵام له به‌كارهێنانی توشی
كێشه‌ی چۆنێتی ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵ كاری شیكردنه‌وه‌و ڕه‌خنه‌ی
هاوسه‌نگی ( النقد الموازن ) ده‌بین ، چونكه هاوسه‌نگی و
به‌راورد دوو ڕووی یه‌ك دراوی ئه‌ده‌بیییه.
زاراوه‌ی زانستی ئه‌ده‌بی به‌راورد ( علم الادب
المقارن ) زیاتر له نێو قوتابخانه‌ی به‌راوردی سۆشیالیستی
چه‌سپاوه‌و ، وه‌ك هه‌وڵدانێكه بۆ به‌خشینی مۆركێكی تایبه‌تی
به سرووشتی ڕێبازی به‌راوردكردنی نێو ئه‌م قوتابخانه‌یه .
ئه‌م جۆره كاره ئه‌ده‌بییه ناكرێ به زانست دابنرێ ،
چونكه خودی ئه‌ده‌بی به‌راورد به لقێك له لقه‌كانی زانستی
ئه‌ده‌ب داده‌نرێت ، كه‌وا بریتییه له : مێژووی ئه‌ده‌بی و
تیۆری ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ئه‌ده‌بی به‌راوردكراوو
ئیستاتیكای (جوانی) ئه‌ده‌بی.
زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردكراو ( الادب
المقارن ) له نێو ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا زیاتر له زاراوه‌ی
ره‌ِخنه‌ی به‌راورد به‌كارده‌هێنرێ ، به‌ڵام ئه‌م جۆره
ئه‌ده‌به به‌لامانه‌وه بناغه‌ی لۆجیكی نییه ، چونكه خودی
زاراوه‌كه باس له ڕه‌گه‌زه ئه‌ده‌بییه به‌راوردكراوه‌كان
ده‌كات نه‌ك له جۆره ئه‌ده‌بێكی تازه، بۆیه به‌لامانه‌وه
وه‌ها باشتره بووترێ ئه‌ده‌بی به‌راوردكه‌ر ( الادب المقارٍن
) كه‌وا باس له چه‌شنه نووسینێك ده‌كات به كرده‌وه‌ی
به‌راوردكردنی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان هه‌ڵده‌ستی .
له‌بواری به‌راوردی ئه‌ده‌بیی كوردیدا سێ
زاراوه‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت :
1- ئه‌ده‌بی به‌راورد كه‌وا وه‌رگیرانێكی
زاراوه‌ی الادب المقارن (بفتح الرا‌ء).
2- ئه‌ده‌بی به‌راوردكار كه‌وا وه‌رگێرانێكی
زاراوه‌ی الادب المقارن (بضم الرا‌ء).
3- به‌راوردی ئه‌ده‌بی كه وه‌رگێرانێكی
زاراوه‌ی المقارنه الادبیه‌یه ..
ئێمه له هه‌ڵبژاردنی زاراوه بۆ ناوی
قوتابخانه‌ی به‌راوردی كوردیمان زاراوه‌ی به‌راوردی ئه‌ده‌بی
هه‌ڵده‌بژێرین ، چونكه مه‌به‌ستی زاراوه‌كه له ڕاستیدا جۆری
پرۆسه‌كه‌یه نه‌ك جۆره ئه‌ده‌بیه‌كه‌یه كه‌وا یا شیعر
ده‌بێت یا په‌خشان .
|