|
حوجره یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی په‌روه‌رده‌یی
له كوردستان
وه‌ڵامێك بۆ حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی
سه‌رنج:
خوێندنی
حوجره بزاڤێكی زمان‌ناسی و زاده‌ی هزری و مه‌عریفیی
كوردییه0له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ئه‌م وتاره ره‌خنه‌ییه
بڵاوده‌كه‌ینه‌وه-زمان‌ناسی.
حه‌مه‌كه‌ریم
هه‌ورامی له ساڵی 2008 كتێبێكی به‌ناوی "مێژووی په‌روه‌رده‌و
خوێندن له حوجره‌كانی كوردستاندا" بڵاوكردۆته‌وه، به‌رگی
یه‌كه‌می كتێبه‌كه 559 لاپه‌ڕه‌یه.
به‌ڕاستی كه
ناونیشانی كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه ته‌زوێكی خۆشی به ناخم داهات
و ئۆخه‌یه‌كم كرد كه كوردێكی عه‌لمانیی ئاوڕی له بابه‌تێكی
ئه‌وها گرنگ داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌فسوس هه‌ركه به‌رگی
پشته‌وه‌م بینی ئه‌و ئۆخه‌یه‌م به هێدمه‌یه‌ك هێوژاندمی. كه
پێشه‌كیه‌كه‌م خوێنده‌وه، شۆكه‌كه‌م توندتر بوو. نوسه‌ر له
لاپه‌ڕه (5-9) له ژێر سه‌ردێری "چه‌ند په‌یڤێك له‌جیاتی
پێشه‌كی" چه‌ند په‌ره‌گرافێكی ته‌واو هه‌ڤدژ و ناكۆكی
نووسیوه. له په‌ره‌گرافێكدا وا له خوێنه‌ر ده‌كات كه وا
له نوسه‌ر بگات كه كه‌سێكی ئه‌كادیمی و كورد دۆست بێت، كه‌چی
له په‌ره‌گرافێكی تر حوجره‌و خوێندنی حوجره به بزاڤێكی
پاشكه‌وتوو داده‌نێت. ئه‌و جۆره نووسینه دوور و نزیك هیچ
په‌یوه‌ندییه‌كی به نوسینی بابه‌تیی و ئه‌كادیمیه‌وه نییه،
هه‌روه‌ها به‌حوكمی ئه‌وه‌ی نووسه‌ر كه‌سێكی لائیكیه‌و،
بابه‌تی حوجره و خوێندنی حوجره‌ش په‌یوه‌سته به‌مه‌لاو
رۆشنبیرانی دینی به پله یه‌ك و زانایانی بواری فه‌لسه‌فه و
لۆژیك و فه‌له‌ك.. بۆیه ئه‌م نووسینه ناچێته بیاڤی
بیره‌وه‌ریش!!
پێش ئه‌وه‌ی
سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك له باره‌ی رۆڵی خوێندن له حوجره
(قوتابخانه‌ی ناو مزگه‌وت) له‌سه‌ر ره‌وتی خوێندن و
خوێنده‌واری و رۆناكبیری ئه‌ده‌بیی و زمانه‌وانیی و سیاسی
بخه‌مه ڕوو، به‌چاكی ده‌زانم له په‌ره‌گرافه هه‌ڤدژه‌كانی
هه‌ورامی بكۆڵمه‌وه.
له‌لاپه‌ڕه
(6) هه‌ورامی ده‌نووسێت:
"مه‌سه‌له‌ی
حوجره‌ی فه‌قێ له كوردستاندا، دیارده‌یه‌كی هزریی و
په‌روه‌رده‌یی ناو كۆمه‌ڵی كورده‌وارییه، كارێكی قوڵ و
ئه‌وبه‌ر نادیاره..."
له‌لاپه‌ڕه
(7)یش ده‌نووسێت:
"دیاره
قوتابخانه‌یه‌ك نزیكه‌ی نۆ سه‌ده له وڵاتێكدا بناغه‌ی
داكوتابێ هیچ ناچێته عه‌قڵه‌وه ئه‌و قوتابخانه‌یه
تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و وڵاته ئان ئه‌و كۆمه‌ڵه كه تیایه‌تی
كاری تیا نه‌كردبێ و نیشانه‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆی پێ
نه‌به‌خشیبێ..."
له
په‌ره‌گرافێكی لاپه‌ڕه (8) ده‌نووسێت:
"ئێستا له‌و
بڕوایه‌دام سۆراخكردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و
قوتابخانه‌یه سۆراخكردنی گۆشه‌یه‌كی فیكری كوردییه..."
كه به‌وردی
له‌و سێ كورته په‌ره‌گرافه ورد ده‌بینه‌وه ناچار ده‌بین
خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمیانه بۆ ئه‌و ته‌رزه خوێندنه‌وه‌و
دیتنه‌ی هه‌ورامی بكه‌ین. ئه‌و، له‌و سێ په‌ره‌گرافه‌دا،
خوێندنی حوجره به دیارده‌یه‌كی هزریی و په‌روه‌رده‌یی ناو
كۆمه‌ڵی كورده‌واری داده‌نێت.
هه‌روه‌ها
ده‌كرێ گریمانه‌ی ئه‌وه‌ش بكرێ كه ئه‌و جۆره خوێندنه
زاده‌ی عه‌قڵی مه‌عریفیی كورد بێت هه‌روه‌ها ئه‌و دیارده
هزرییه كه‌لتورێكی كوردی ره‌سه‌نه، چونكه كورد له‌گه‌ڵ
موسڵمانبوونی ئاشنای خوێندنی ناو مزگه‌وت بووه، به‌ڵام
له‌گه‌ڵ ته‌واو موسڵمانبوونی كورد و جێگیربوونی ده‌سه‌ڵاتی
ئیسلامی به‌سه‌ر رۆح و ژیان و بیركردنه‌وه‌و باوه‌ڕی كورده‌وه
زاڵ بوو، كورد گرنگی زۆری به خوێندنی دینیی دا له‌م هه‌نگاوه
كورد زۆر شارستانی و مه‌ده‌نی تر له عه‌ره‌ب مامه‌ڵه‌ی
له‌گه‌ڵ ئیسلام كرد، چونكه به‌ر له‌وه‌ی كورد موسڵمان بێت
زۆربه‌ی له‌سه‌ر (زه‌رده‌شتییه‌ت) و (مه‌سیحیه‌ت) بوون،
كه‌مێكیشی (ئاگرپه‌رست) بوون. زه‌رده‌شتیه‌ت و جوله‌كایه‌تی و
مه‌سیحیه‌ت زۆر كاریان له تاكی كورد كردبوو، بۆیه له هه‌موو
گه‌لێكی تر زووتر موسڵمان بوون، ئه‌وان ده‌ركیان به‌وه‌كردبوو
كه له‌رووی باوه‌ڕه‌وه ئیسلام هیچ هه‌ڤدژییه‌ك له باوه‌ڕی
دینیی كورد دروست ناكات.
جگه له‌وه‌ی
مه‌سه‌له‌ی حوجره دیارده‌یه‌كی هزرییه، ئه‌وه وه‌ك
هه‌ورامیی ده‌نووسێت: "مه‌سه‌له‌ی حوجره‌ی فه‌قێ... كارێكی
قوڵ و ئه‌وبه‌ر نادیاره" جا ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره خوێندنه
عه‌قڵێكی مه‌عریفی به‌رهه‌م نه‌هێنێت، چۆن كارێكی قوڵ و
ئه‌وبه‌ر نادیار ده‌بێ؟!
هه‌ورامی له
خۆی و خوێنه‌ر ده‌پرسێت به‌وه‌ی چۆن ده‌چێته عه‌قڵه‌وه
حوجره ئه‌دگار و تایبه‌تامه‌ندیی و كاریگه‌ری خۆی له
كۆمه‌ڵگای كوردی نه‌به‌خشی بێت؟!
كێشه‌كه
ئه‌وه‌یه ئه‌و راستیه ناچێته عه‌قڵی (هه‌ورامی)یه‌وه،
ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر رۆڵی زانایانی كورد (كه هه‌موو ده‌رچووی
حوجره‌ن!) له بزاڤی رۆشنبیری و سیاسی ده‌ربێنین، ئه‌و
كۆمه‌ڵگا چی ئه‌وتۆی ده‌مێنێ تا تاكه‌كانی شانازی پێوه
بكه‌ن!! ئه‌رێ بونیاتی ئومه‌ت هه‌ر له ئه‌ستۆی عه‌قڵی
مه‌عریفی نییه؟!
ئه‌و عه‌قڵه
مه‌عریفی و ئیمانییه جگه له زاده‌ی حوجره زاده‌ی كوێنده‌ر
بووه؟!
هه‌ورامی
ده‌نووسێت:
"سۆراخكردنی
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و قوتابخانه‌یه سۆراخكردنی
گۆشه‌یه‌كی فیكری كوردییه..."
وه‌ك
خوێنه‌رێك بۆم هه‌یه وا له‌و رسته‌یه حاڵی ببم كه حوجره
زاده‌ی فیكری كوردییه‌و پێویسته سۆراخی ئه‌و قوتابخانه‌یه
بكه‌ین، چونكه له‌و پرۆسه‌یه گۆشه‌یه‌كی هزری كوردی
ده‌دۆزینه‌وه! به‌ڵام گومانم هه‌یه نووسه‌ر ته‌واو له
چه‌مكی هزر Thought
گه‌یشتبێت، ئه‌گه‌رنا، ئه‌گه‌ر حوجره
به‌رهه‌مهێنه‌ری هزری كوردی بێت، بێگومان ده‌بێ ئه‌و
بابه‌تانه‌ی له‌و "قوتابخانه هزری"یه خوێندرابن له ئاستێكی
ئه‌وها دابن هزر به‌رهه‌م بێنن.. ئه‌مه راستیه! به‌ڵام ئه‌و
دوو په‌ره‌گرافه‌ی خواره‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و
بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه‌ن! به‌رله‌وه‌ی ئه‌و دوو په‌ره‌گرافه
بخه‌مه روو و شرۆڤه‌یان بكه‌م، به پێویستی ده‌زانم ئاماژه
به "ئیزدواژیه‌ت"ی نووسه‌ر بكه‌م. ده‌بێ نووسه‌رێكی وه‌ك
هه‌ورامی له چه‌ند لاپه‌ڕێك ئه‌وها ناكۆك بێ؟ ئه‌و جۆره
نووسینه ماسته‌رنامه‌یه‌كم وه‌بیردێنێته‌وه، كه له‌سه‌ر
ئافره‌تی كورد نووسرابوو، به‌شێك له ماسته‌رنامه‌كه به
دیدێكی ئیسلامی نووسرابوو، به‌شه‌كه‌ی تری به دیدێكی ماركسی!!
له‌م دوو
په‌ره‌گرافه‌ی خواره‌وه حاڵه‌تێكمان له‌لا دروست ده‌بێت، كه
وه‌ك ماسته‌رنامه‌كه، ئه‌م كتێبه‌ش "دوو كه‌س" نووسی بیان!!
با ته‌واو
له‌و قسه‌یه‌ی هه‌ورامی وردبینه‌وه كه ده‌ڵێت: "ئێستا له‌و
بڕوایه‌دام سۆراخكردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و
قوتابخانه‌یه سۆراخكردنی گۆشه‌یه‌كی فیكری كوردییه.."
بێگومان ئه‌و
سۆراخكردنه‌ی له‌و رسته‌یه دایه، سۆراخكردنێكی
پۆزه‌تیڤانه‌یه‌و ئامانجیش لێی دۆزینه‌وه‌ی گۆشه‌یه‌كی هزری
كوردییه، به‌ڵام له‌و چه‌ند دێره‌ی خواره‌وه هه‌ورامی
بانگاشه‌ی ئه‌وه ده‌كات نه حوجره هزرێكی كوردییه و نه
بابه‌ته‌كانی ناو حوجره‌ش هزر به‌رهه‌م دێنن. وێڕای ئه‌مه‌ش،
ئه‌و جۆره خوێندنه ته‌واو له بنه‌ماو شه‌نگسته‌كانی بونیادی
هزری كوردی و كۆمه‌ڵی كوردی داده‌بڕێت و به به‌شێك له
كه‌لتوری كوردیشی دانانێت، هه‌روه‌ها به قه‌ولی ئه‌و، حوجره
له دوور و نزمیكه‌وه هه‌واڵی كه‌لتوری میلله‌تی كوردی
نه‌نوسیووه‌و نه‌یناسیوه!!
له رووی
ئه‌كادیمییه‌وه واباوه، لێره‌ش، ده‌قی قسه‌كانی
نێگه‌تیڤه‌كانی هه‌ورامی له‌باره‌ی حوجره بگوازمه‌وه، ئه‌وجا
زیاتر له‌وه‌ی سه‌ره‌وه شرۆڤه‌یان بكه‌م.
له لاپه‌ڕه
(8) هه‌ورامی ئه‌وها له‌باره‌ی كتێبه مه‌نهه‌جیه‌كانی حوجره
ده‌دوێت:
"ئه‌و
كتێبانه وه‌كو به‌ردی بنگۆم وه‌هانه هه‌رگیز له ڕه‌قی و بێ
سوودی خۆیان ناكه‌ون و هه‌ر به‌رده ڕه‌قه مردووه‌كه‌ی جارانن
و رۆژگار له زووه‌وه به‌جێی هێشتوون و له‌كاری خستوون...".
ئه‌م ده‌قه
"هه‌ورامیی)یه‌كی ترمان پێ ده‌ناسێنێ ته‌واو جیاواز له‌و
"هه‌ورامیی)یه‌ی له چه‌ند په‌ره‌گرافی ده‌یوت: "حوجره...
دیارده‌یه‌كی هزری و په‌روه‌رده‌یی... كارێكی قوڵ و ئه‌وبه‌ر
نادیار و... گۆشه‌یه‌كی فیكری كوردییه..."
ئه‌مه ته‌نها
دوو لێكدانه‌وه و شرۆڤه‌كردن هه‌ڵده‌گرێت: ئه‌م كتێبه دوو
كه‌سی هه‌ڤدژ له‌باره‌ی حوجره‌وه نووسیویانه یان نووسه‌ر
"فڕی) به‌سه‌ر "یه‌كێتی بابه‌ت" و "نووسینی ئه‌كادیمی"یه‌وه
نییه!
سه‌یرم به‌و
بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینه‌ی نووسه‌ر دێت، چونكه ئه‌و "قسانه"
"مرۆڤی نیاندرتال"یش وه‌ری ناگرن، نه‌ك رۆناكبیران و خوێنه‌ره
موكڕه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگای كوردی!
ده‌بێ
زانایانی كورد فه‌لسه‌فه، لۆژیك، ماتماتیك، فیۆلۆژی،
فه‌له‌كناسی، زمانی عه‌ره‌بی، زمانی فارسی، زمانی توركی، زمانی
كوردی له‌كوێ فێر بووبن؟!
حوجره، یان
رێكتر قوتابخانه‌ی ئایینی له كوردستان، تاكه فێرگه‌و
مه‌ڵبه‌ندی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی رۆشنبیری كوردی بووه. هه‌ر تاكێكی
كورد، به‌ر له‌وه‌ی قوتابخانه‌ی حكومه‌ت له كوردستان
بكرێته‌وه، حوجره تاكه قوتابخانه بووه بۆی. ئه‌وه‌ی
باكگراوندێكی مه‌عریفی و فه‌لسه‌فیی نه‌بێت ناتوانێت هه‌تا له
دیواری حوجره‌وه‌ش نزیك ببێته‌وه، چونكه ئه‌و بابه‌تانه‌ی
له حوجره ده‌خوێندران بابه‌تگه‌لێك بوون بونیادی فیكری و
زانستی مرۆڤیان داده‌ڕشت.
له‌باره‌ی
گرنگی كتێبه‌كانی حوجره، دكتۆرێكی كۆمۆنیستی كورد چه‌ندان جار
له تاوتوێكردنی ماسته‌رنامه‌و دكتۆرانامه‌و هه‌تا له هۆڵی
وانه‌وتنه‌وه‌دا ده‌یگۆت: ئه‌و بابه‌تانه‌ی له حوجره
خوێندراون، نه به‌شی عه‌ره‌بی ئادابی به‌غدا و نه شه‌ریعه‌ی
به‌غداش (هه‌شتاكان نه‌ك ئێستا!!) ناگه‌نه ئاستی ئه‌و. له‌وێ
زانا دروست ده‌بوو، نه‌ك ته‌نها خوێنده‌وار و كۆلكه رۆشنبیر.
ئه‌و زانسته‌ی مه‌لای كور د له باره‌ی (فیقه) و (شه‌ریعه‌ت) و
(لۆژیك) و (فه‌لسه‌فه) هه‌یبووه، به‌راورد ناكرێ له‌گه‌ڵ
مه‌لای گه‌لانی هاوسێ. عه‌قڵی مه‌عریفی كوردیی كۆڵه‌گه‌یه‌كی
به‌هێزی بونیادی شارستانی ئیسلامییه، ئه‌و به‌شدارییه‌ی كورد
له‌و پرۆژه حه‌زارییه‌دا كوردی له فه‌وتان و له‌ناوچوون
رزگار كرد. حوجره (ئیبن ئاده‌م) و (ئیبن خه‌له‌كان) و
(شاره‌زوری) و (ئیبن مسته‌وفی ئه‌ربیلی) و (مه‌لا ئیدریسی
به‌دلیسی) و (مه‌لای خه‌تێ) و (مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی)...هتد.
دروستكرد. ئه‌وانه هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كوردستان ناسراو
نه‌بوون، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی ئیسلامیش و هه‌موو رۆژهه‌ڵات،
ناسراو بوون.
با لێره‌دا
ته‌نها پرسیارێك له (هه‌ورامیی) بكه‌ین، پاش ئه‌وه‌ی رۆژئاوای
حه‌زاره‌ت و مافی مرۆڤ كوردستانی داگیركرد و دابه‌شكرد و
عه‌لمانیه‌تی توركی، عه‌ره‌بی، فارسی به لكاندنی كوردستان
پێیانه‌وه رازی بوون، سه‌رانی عه‌لمانی كوردیش به‌و پرۆژه
ئیستعمارییه رۆژئاوایی و رۆژهه‌ڵاتییه رازی بوون، ناوی
ته‌نها دوو زانای كوردم پێ بڵێ كه نه‌ك له ده‌ره‌وه
ناسراو بن، به‌ڵكو ته‌نها له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردی به (زانا)
بناسرێن؟!
نازانم ئه‌مه
چ عه‌قڵێكه باوه‌ڕی به‌وه‌یه كه كتێبه مه‌نهه‌جییه‌كانی
حوجره ڕه‌ق و بێ سوود بن. خۆم باوه‌ڕی موتڵه‌قم به‌وه‌یه
كه له كتێبی ڕه‌ق و بێ سوود بیریار، هزرڤان، فه‌یله‌سوف و
زانا دروست نابن! ئێ خۆ كورد زانای له حوجره دروست كرد،
شاعیری وه‌ك نالی و مه‌حوی دروستكرد، شه‌ڕی شاعیره
ناوداره‌كانی گه‌لانی هاوسێی پێ بكه‌ن. ئێ خۆ هه‌ر حوجره
مه‌لای جه‌زیری و ئه‌حمه‌دی خانێی دروستكرد، كه به‌ردی
بناغه‌ی "هزری نه‌ته‌وه‌یی دروست"یان به‌ر له ئه‌وروپا له‌ناو
كۆمه‌ڵی كورده‌واری دروستكرد. كه‌سێكی وه‌ك عه‌لی ته‌ره‌ماخی
له گوندێكی لاچه‌پی كوردستان یه‌كه‌م رێزمانی به‌راوردیی
له‌سه‌ر ئاستی جیهان نه‌ك كوردستان نووسی. به‌داخه‌وه عه‌قڵی
سیاسی ده‌سه‌ڵاتی كوردی گرنگی به عه‌قڵی مه‌عریفی زانایانی
خۆی نادات، ئه‌گه‌رنا ته‌نها ئه‌و كتێبه‌ی ته‌ره‌ماخی باشترین
به‌ڵگه‌یه له‌سه‌رپێشه‌نگی به‌شداری عه‌قڵی كوردی له
زمانه‌وانیدا!
هه‌ردوو زانای
كورد مه‌لا مه‌حمودی بایه‌زیدی و مه‌لا سه‌عیدی كوردستانی ئه‌و
دوو زاته‌ن كه به‌شێكی زۆری كه‌لتوری كوردیان له فه‌وتان
رزگاركرد، هه‌ریه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌لیكزه‌نده‌ر ژاباو باسیل
نیكتین كوردناس خه‌ریكی توێژینه‌وه‌و پاراستنی به‌شێكی زۆری
ئه‌ده‌بی زاره‌كی و نووسراوی كوردی. ته‌نها چیرۆكه‌كه‌ی
بایه‌زیدی به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی زانكۆی سۆربۆنی فه‌ڕه‌نسی
دكتۆرا به فه‌رهاد پیرباڵ بدات!
به كورتی:
1- یه‌كه‌م
په‌خشانی كوردی، چ كتێبه رێزمانییه‌كه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی
بێ، مه‌لودنامه‌كه‌ی مه‌لای باته‌یی بێ، مه‌م و زینه‌كه‌ی
مه‌لا مه‌حمودی بایه‌زیدی بێ، یان مه‌لودنامه‌كه‌ی قازی بێ،
نوسه‌ره‌كانیان هه‌مووی ده‌رچووی حوجره بوون و ژێده‌ری
سه‌ره‌كی مه‌عریفه‌و رۆشنبیرییان حوجره بووه.
2- یه‌كه‌م
شاعیری داهێنه‌ری هزری نه‌ته‌وایه‌تی، كه ئه‌حمه‌دی خانێ
یه، ده‌رچووی حوجره بووه!
3- یه‌كه‌م
زانای سیاسه‌ت و به‌رقه‌راركه‌ری بیرۆكه‌ی فیدراڵیه‌ت له‌نێوان
میرنشینه‌كانی كورد و ده‌وڵه‌تی عوسمانی مه‌ولانا ئیدریسی
به‌دلیسی بوو!
4- رابه‌رانی
شیعری كلاسیكی كوردی زۆربه‌یان مه‌لا بوون، نالی، وه‌فایی،
مه‌حوی...هتد.
5- هه‌تا
یه‌كه‌م نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی له رووی روخسار و ناوه‌ڕۆك
(گۆڕان)ی شاعیر نییه، به‌ڵكو (ره‌حمی هه‌كاری)یه، به‌ڵام
چونكه ئه‌ویش وه‌ك مه‌لا سه‌عیدی كوردی (سه‌عیدی نه‌وره‌سی)
له (دین) نزیك بۆوه‌و له (سیاسه‌ت) دوركه‌وته‌وه، كورده
عه‌لمانییه‌كانی مافی رابه‌رایه‌تییان لێ سه‌نده‌وه!
هه‌ورامی له
لاپه‌ڕه (8) و (9) چه‌ند رسته‌یه‌كی (بێ سه‌روبه‌ر)
ده‌نووسێ كه جگه له شێواندنی مێژووی مه‌عریفی كوردی هیچی
تر نییه، ئه‌وه‌ته ده‌نووسێت:
"حوجره
له‌ماوه‌ی مێژووی دوورودرێژی خۆیدا هیچ كات به‌هیچ جۆرێ ئاوڕی
له كه‌لتوری میلله‌تی كورد نه‌داوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی مێژووی
په‌روه‌رده‌ی میلله‌تانی خوێندبێته‌وه بۆی ده‌ركه‌وتووه
قوتابخانه بۆ ئه‌وه هاتووه نه‌ته‌وه بپارێزێت و گه‌شه به
ڕه‌وتی كۆمه‌ڵ بدات و له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌ی پاشی
بیگوێزێته‌وه، كه‌چی حوجره له دوور و نزیكه‌وه هه‌واڵی
كه‌لتووری میلله‌تی كوردی نه‌پرسیوه‌و نه‌ی ناسیووه..."
ئه‌م ده‌قه-text
له سیاقی زمانه‌وانی و نا-زمانه‌وانی
Linguistic Context and non-Linguistic
Context په‌یوه‌ندی به زمان و
كه‌لتور و كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه نییه، چونكه هه‌تا
ئاماژه‌یه‌كی بۆ راستیشی تێدا نییه. وێڕای ئه‌مه‌ش، نووسه‌ر
له چه‌مكی كه‌لتور Culture
و په‌روه‌رده
Education نه‌گه‌یشتووه.
هه‌روه‌ك چۆن
(ئایین) كه‌لتور نییه، به هه‌مان شێوه‌ش كه‌لتور دین نییه،
به‌ڵكو ئایین په‌یامێكی خوداییه‌و كه‌لتوریش زاده‌ی عه‌قڵ و
هزر و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه له ژیان، مرۆڤ خۆی. جا هه‌رچه‌ند
كه‌لتور توانستێكی جیهانیی مرۆڤ بێت، ئه‌وه به حوكمی ئه‌وه‌ی
مرۆڤ هه‌رده‌م مه‌یلی "جودایی" و "تایبه‌تمه‌ندێتی" و
"ناسنامه‌ی زاتی" خۆی ده‌كات، به هه‌مان شێوه‌ش كه‌لتور
به‌گوێره‌ی عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌بێته
"ناوچه‌یی" له فه‌زای "جیهانێتی" به‌ته‌واوی نامێنێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، كه‌لتور و لایه‌نی رۆحی-
Spiritual و
لایه‌نی ماددی- Material
هه‌یه. هه‌ردوك پێكه‌وه به‌شێك له
پێكهاته‌ی عه‌قڵ و عه‌قڵیه‌ت و كه‌له‌پوری نه‌ته‌وه پێك
ده‌هێنن.
به‌كورتی،
ده‌كرێ كه‌لتور نه‌ته‌وه‌یی بێت، هه‌روه‌ها كه‌لتوور
موقه‌ده‌س-یش ده‌كرێ هه‌رچه‌نده خۆی هه‌مووی موقه‌ده‌س
نییه، یاخود له لایه‌نی دینیی و مه‌عریفییه‌وه موقه‌ده‌س
نییه!
هه‌رچی
په‌روه‌رده‌یه، سیسته‌می خوێندن و فێربوونه، ئه‌م سیسته‌مه‌ش
چه‌نده‌ها میتۆدی Method
هه‌یه، میتۆده‌كان له قۆناغێكی مێژوویی
بۆ قۆناغێكی تر جیاوازی هه‌یه. سیسته‌می په‌روره‌ده مۆركێكی
نه‌ته‌وه‌یی نییه، چونكه خود پرۆسه‌كه مه‌عریفییه له‌وه‌ی
داب و نه‌ریتێكی نه‌ته‌وه‌یی بێت، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به
نه‌ته‌وه‌وه بابه‌ته‌كانی سیسته‌مه‌كه‌ن نه‌ك خودی
سیسته‌مه‌كه.
میتۆدی حوجره
جیابوو له میتۆدی كه‌نیسه، چونكه له حوجره شێوازێك له
دایه‌لۆگ و گفتوگۆی دوولایه‌نه Mutual
Communication هه‌بوو، حوجره
له‌سه‌ر چه‌مكی رووتی دین- شه‌ریعه‌ت نه‌ده‌وه‌ستا، به‌ڵكو
ده‌رگای واڵابوو به رووی فه‌لسه‌فه‌و لۆژیك هه‌تا فیقه،
چونكه فیقه خۆی هه‌ڵێنجان و لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه بۆ كۆمه‌ڵ.
پاش ئه‌مه،
با بچینه‌وه سه‌ر حوجره‌و كه‌لتور و په‌روه‌رده. حوجره به
ته‌واوی دام و ده‌زگایه‌وه خۆی به‌شێك له كه‌لتوری كوردیی
پێك دێنێ، چونكه ئه‌م جۆره قوتابخانه‌یه ئه‌گه‌ر به
شێوازی تر له وڵاتانی دی موسڵمان هه‌بووبێ، ئه‌وه ئه‌وه‌ی
كوردیی مۆركی كوردانه‌ی پێوه زاڵه. هه‌رچ نه‌بێ هه‌ژموونی
زمانی كوردی به‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه زۆر زاڵ بووه.
كۆمه‌ڵگای گوندیی كوردیی، كۆمه‌ڵگایه‌كی تاكزمانیی بووه،
ته‌نها توێژی خوێنه‌واران و رۆناكبیران زمانی تریان زانیوه،
ئه‌مانه‌ش ته‌نها له حوجره بوونه. به هه‌بوونی حوجره له
هه‌ر ده‌ڤه‌رێكی كوردیی دیارده‌ی جووت زمانیی
Bilinqualism و
فره‌زمانی Multilinqualism
دروست بووه. ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگای كوردی له
داخراویی رزگاركردووه‌و وای له رۆناكبیری كورد كردووه
سنوره‌كانی زمان و مه‌عریفه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌زێنێ و
گه‌وره‌ترین كۆڵه‌گه‌ی نه‌ته‌وه‌ش، كه زمانه، به سه‌دان
زاراوه‌ی دینی و فه‌لسه‌فیی و لۆژیكی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات.
هه‌ندێ وشه‌و زاراوه‌ی وا له ده‌قی ئایینی هه‌ڵێنجێ كه
ئه‌گه‌ر دووباره ته‌رجومه‌ی عه‌ره‌بی بكرێنه‌وه، واتا
ئایینییه‌كه نابه‌خشن وه‌ك بۆ نمونه سه‌ر فیتره، پارشێو،
شه‌شه‌ران (شه‌شك)، به‌ربانگ، رۆژی (رۆژوو)، مه‌لا، سه‌ید،
شێخ، فه‌قێ، قوتابی...
جا كه
حوجره‌و شێوازی خوێندنی حوجره به‌شێك بن له كه‌لتوی كوردی،
چۆن حوجره هیچ كات و به‌هیچ جۆرێ ئاوری له میلله‌تی كورد
نه‌داوه‌ته‌وه؟!
حوجره كه
ناوه‌ندێكی رۆشنبیریی كوردانه بێت و هه‌ر له‌وێ نه‌ك هه‌ر
زمانی كوردی بپارێزرێ، به‌ڵكو به زاراوه‌ی دینیی و
فه‌لسه‌فیی و ئه‌ده‌بیی ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت ده‌بێ چۆن ئاوڕی
له میلله‌تی كورد نه‌دابێته‌وه. میتۆدی خوێندنی حوجره وه‌ك
خوێندنی كه‌نیسا نه‌بووه كه ته‌نیا تایبه‌ت بێ به "لاهوت!"
به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ی خوێندنی دنیایی بووه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش
ئه‌و دنیایی بووه. له حوجره شێوازی (اختلاف) و دایه‌لۆگی
اختلاف و مه‌زهه‌ب دروست بوون. هه‌رچی (هزر) و فیقهی
ئیسلامییه ئه‌وه ته‌واو له (خوێندنه‌وه) و (تێگه‌یشتن) و
(كۆشش-اجتهاد)ی قوتابیانی حوجره دروستی كردوون، به شێوازێكی
تر ئه‌وانه زاده‌ی عه‌قڵی مرۆڤی كورد بوون! هه‌ربۆیه مۆركی
كوردانه زۆر به‌سه‌ر خوێندنی حوجره‌وه دیاره هه‌تا
هه‌ورامیی له بێ ئاگایی خۆی له‌لاپه‌ڕه (9) ئه‌و راستیه
ده‌دركێنێ:
"خوێندنی ئه‌و
جۆره زانستانه (فه‌لسه‌فه‌و لۆجیك و سیمتاكس، شاهیدی بۆ
حوجره له كوردستان ده‌ده‌ن كه چه‌ند پێی كرابێ خۆی خۆی به
ره‌ویه‌و میتۆده‌كانی (كه تاتیبه) عه‌ره‌بی و
ئیسلامیه‌كانه‌وه نه‌به‌ستۆته‌وه‌و هه‌وڵی خۆ ده‌ربازبوونی
له كۆته‌كانی له چه‌ند رووی تره‌وه تیا به‌دی ده‌كرێ".
ئه‌م
شایه‌دییه‌ی هه‌ورامی ته‌واو ئه‌و قسه‌یه‌ی پێشووی خۆی ره‌د
ده‌كاته‌وه!
له‌كۆتایی،
له په‌راوێزی ئه‌م ره‌خنانه‌م له كتێبه‌كه‌ی هه‌ورامی، به
په‌سه‌ندی ده‌زانم ئاماژه به رۆڵی سیاسی حوجره‌ش بكه‌م.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی قوتابی دوازده عیلمه ناسراوه كه ته‌واو
ده‌كه‌ن ده‌بن به مه‌لا. زۆربه‌ی ئه‌و مه‌لایانه‌ی به دروستی
خوێندنی حوجره‌یان ته‌واوكردووه، فاكته‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی
زۆر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی بوونه له كۆمه‌ڵگای كوردی دا هه‌ر
ئه‌وانیش رابه‌ری زۆربه‌ی راپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانی كورد بوونه.
رۆڵی كه‌سانی وه‌ك مه‌ولانا ئیدریسی به‌دلیسی، ئیبن ئاده‌م،
مه‌لا سه‌لیمی به‌دلیسی، شێخ عوبێده‌ڵڵای نه‌هریی و مه‌لا
سه‌عیدی كوردی له بزاڤی سیاسی كوردیدا زۆر دیار‌و به‌رچاوه.
هه‌روه‌ها له
قۆناغی هه‌ژموونی حیزبی عه‌لمانی كوردیش له سه‌ره‌تاكانی
سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئه‌وه چه‌نده‌ها زانای كورد موفتی شۆڕشی
كوردی بوونه. ئه‌م دیارده‌یه له ده‌وڵه‌تی عوسمانیش هه‌بوو
هه‌تا مه‌لا ئیبراهیم حه‌یده‌ری شێخ ئیسلامیی ده‌وڵه‌ت بووه.
له‌ناو شیعه‌كانیش، قوتابیانی حوجره‌ی ئه‌وێ هه‌تا ده‌گه‌نه
پله‌ی "ئایه‌توڵڵا"، ئه‌م پۆسته‌ش مه‌رجه‌عی سه‌ره‌كی حیزب و
ده‌وڵه‌ته!
|