|
زمان ئه‌و خولقێنراوه‌ی هه‌میشه له
به‌ره‌وپێشچووندایه
ئیدریس عه‌بدوڵڵا- زانكۆی سه‌لاحه‌دین
پێشه‌كی:
زمان ئه‌و
زه‌وییه‌یه، كه ئاده‌میزاد به گشتی و نووسه‌ر و ئه‌دیبان
به تایبه‌تی تۆوی بیر‌و باوه‌ڕو بیرۆكه جۆراوجۆره‌كانی خۆی
پێوه ده‌كات و له ناخیدا به‌ره جوان و شیرینه‌كانی
ده‌قه‌كانی هه‌ڵدێنجێت، به بێ ئه‌و زه‌وییه بیر‌و باوه‌ڕو
بیرۆكه لێكجیاكان، چه‌نده‌ی گرنگ و پێویستیش بن، چه‌نده‌ی
جوان و به‌سوودیش بن، له بیری خاوه‌نه‌كه‌یدا ده‌مێننه‌وه،
كه‌ناڵێكی دیكه نادۆزینه‌وه، به‌م فراوانییه ببێته
زامنكه‌ری گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌یان له بیری
خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه بۆ گوێی خوێنه‌ر و كه‌سانی به‌رامبه‌ر.
به‌ڵێ
ڕاسته، ده‌شێ جگه له زمانی وشه، ئاماژه به زمانی
ئاماژه‌ی ئه‌لیكتڕۆنی، یان زمانی هێمای ده‌ستی، یان هه‌ر
زمانێكی دیكه بكرێت، به‌ڵام له ڕاستیدا هیچیان وه‌كو زمانی
وشه، ناتوانن خه‌ونه‌كان و ڕابردوو و ئاینده‌و بیر‌و بۆچوونه
جوانه‌كان و ئامۆژگارییه پێویسته‌كان و واقیعی ئێستا‌و پێویستی
و مه‌ترسییه‌كان و هۆكانی پارێزگاری لێكردنی و هه‌موو
ئه‌وانه‌و هه‌موو شتانی گرنگی له‌وانه زیاتریش بگرنه خۆ و
له دوو توێی ئاماژه‌كانیان جێی هه‌موو ئه‌وانه بكه‌نه‌وه.
زمان ئه‌گه‌ر
به زه‌وی بچێت، ئه‌وا ده‌بینین زه‌وی هه‌میشه له
گۆڕاندایه، قه‌ت بۆ دوو ڕۆژ وه‌كو خۆی نامێنێته‌وه، ئه‌و
زه‌ویه‌ی ئه‌مڕۆ به‌تاڵه، به‌یانی تۆ ده‌كرێت، دوو به‌یانی
تۆوه‌كان له ناویدا ورده ورده ده‌كه‌ونه ژیان و پاش چه‌ند
ڕۆژێك سه‌ر ده‌ر دێنن، له‌وه به دوا ڕۆژ به ڕۆژ چڕی
سه‌وزایی زیاتر و زۆرتر ڕووی زه‌وییه‌كه داده‌پۆشێت، دوای
ئه‌وه سه‌وزیه‌كه نامێنێت و گه‌ڵاكان وشك و زه‌رد ده‌بن، پاش
ئه‌وه دروێنه ده‌كرێت و ڕووی زه‌وییه‌كه‌و ئه‌وه‌ی ناویشی
هه‌مووی گۆڕانی دیكه‌ی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌و زه‌وییه‌شی ئه‌مڕۆ
وێرانه‌یه، ده‌شێ سبه‌ینێ ژیانی لێ بتكێت، ئه‌وه‌ی
ئاوه‌دانیشه ئاساییه بۆ به‌یانی ڕازاوه‌تر و فراوانتر و
دیسانه‌وه به‌ره‌و تیاچوون و وێرانه‌یی بێته‌وه، ئه‌مه
دیرۆكی زه‌وییه‌و هه‌موومان ده‌یزانین، شتێك نییه پێویستی به
سه‌لماندن بێت. به‌ڵام بۆیه به‌م درێژییه تیشك ده‌خه‌ینه
سه‌ر وێنه‌ی ڕۆژانه‌ی زه‌وی، چونكه چۆن زه‌وییه‌كه هه‌ر
ڕۆژه‌ی له بارێكی جیا له ڕۆژه‌كه‌ی پێشه خۆیه‌تی، به
هه‌مان شێوه زمانیش هه‌میشه له گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌و
فراوانبوون و لێكبوونه‌وه‌و بارانی دیكه ده‌بێت، قه‌ت دوو ڕۆژ
زمانێك له زمانه‌كان وه‌كو خۆیان نامێننه‌وه، ته‌نانه‌ت
زمانه وه‌ستاو و مردووه‌كان، یان دابڕاوه‌كانیش له
كۆمه‌ڵگاكانی دونیای نوێ، ئه‌وانیش ڕۆژانه له كه‌ناڵانی
جۆراوجۆر و هیچ نه‌بێت له ڕێگه‌ی پیشه‌سازی و گه‌ڕان و
دۆزینه‌وه‌و داهێنانی تاكه‌كانی سه‌ر به زمانه‌كه، یان له
ڕێگه‌ی له ده‌ستچوونی به‌رهه‌مانێكی كۆنی تا دوێنی
به‌كارهێنراو، یان به هۆی مردنی كه‌سانێكی شاره‌زاو به
به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی دیكه‌ی هاو نه‌ته‌وه‌ی خۆی،
فه‌رهه‌نگ فراوانی زمانه‌كه، باری زمانه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا
دێت، وشه‌كانی كه‌م ده‌بن و زیاد ده‌بن، ده‌سته‌واژه‌و
ڕسته‌كانی به‌ره‌وپێش ده‌چن و كورتده‌بنه‌وه، ئیدیۆم و
خوازه‌و كینایه‌ی جۆراوجۆریان تیا درووست ده‌بێ، وشه‌ی نوێ
دێته ناویان و شوێنی وشه كۆنه‌كان ده‌گرنه‌وه، به‌مه ڕێك
ئه‌گه‌ر به وردی له هه‌ر زمانێك له زمانه‌كان بكۆڵینه‌وه،
ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه به به‌رده‌وامی
زمانه‌كان وه‌كو گیاندارێكی زیندوو وان و هه‌میشه ڕه‌نگ و
شێوه‌و سیما‌و ڕوخساری خۆیان ده‌گۆڕن!!
ئه‌م گۆڕانه
سوننه‌تی ژیانه‌و ئاساییه، زاناكان له كۆندا ئه‌وه‌یان
ئاشكرا كرد، كه مه‌حاڵه كه‌سێك ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی چه‌ند
ده‌قیقه‌یێكی كورتیش بێت، بتوانێ دوو جار له یه‌ك ئاودا
بپه‌ڕێته‌وه، چونكه ڕووبار و ده‌ریاو جۆگه‌له گه‌وره‌و
بچووكه‌كان، به‌رده‌وام له جوله‌و تێپه‌ڕین دان و ئه‌و ئاوه‌ی
ئێستاكه یه‌كێك پێیدا ده‌په‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر كاتێك گه‌یشته
ئه‌و به‌ری جۆگا، یان ڕووباره‌كه‌و یه‌كسه‌ر به هه‌مان شوێنی
خۆیدا هاته‌وه، ئه‌وا دیسانه‌وه به هه‌مان ئاودا
نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه، چونكه ئاوه‌كه له شوێنی خۆیدا جولاوه‌و
كه‌سه‌كه‌ی جێهێشتووه، ئیتر با به هه‌ست و قسه‌ی سه‌رزاریش
كه‌سه‌كه بڵێت: من سه‌د جار له‌م ئاوه په‌ڕیومه‌ته‌وه!!
له‌م
لێكۆلینه‌وه‌یه‌دا به‌درێژی له به‌ره‌وپێشچوون و جوله‌ی زمان
و ئه‌و هۆكارانه‌ی زمان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن و ئاینده‌ی زمان
ده‌دوێین.
زمانی مرۆڤ:
ئه‌وانه‌ی له
زمانی مرۆڤیان كۆلیوه‌ته‌وه، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ده‌قی نووسراو
وه‌كو به‌ڵگه‌یێكی بڕواپێكراو به زمانه كۆنه‌كانه‌وه
ده‌ستكه‌وتووه‌و گه‌یشتۆته زمانزانانی ئه‌مڕۆ و تاوه‌كو
یه‌كه یه‌كه‌ی زمان و زار و شێوه‌زاره‌كانی ئێستاش، ئه‌وه‌یان
بۆ ده‌ركه‌وتووه، كه: زمان هه‌میشه له ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و
درووستبوونی گروپی زمانی دیكه‌دایه، قه‌ت بۆ دوو ڕۆژ
فه‌رهه‌نگی هیچ زمانێك وه‌كو خۆی نامێنێ و به به‌رده‌وامی
ئه‌و فه‌رهه‌نگه وشه‌ی كۆنی لێ ده‌فه‌وتێ و وشه‌ی نوێی بۆ
درووست ده‌بێت. بۆ ئه‌مه زانایان به زیاتر له شێوه‌یێك ئه‌م
واقیعه‌ی زمانیان وێناكردووه، هه‌یانه گوتوویه‌تی: زمان
وه‌كو مووه‌كانی سه‌ر وایه، چۆن مووه‌كانی سه‌ر كه ئه‌مڕۆ
پارێزگاری له سه‌رمان ده‌كه‌ن، هه‌مان ئه‌و مووانه‌ی پێش سێ
مانگ، یان شه‌ش مانگ نینه‌و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ دوێنێ و پێرێش
جیاوازییان هه‌یه، چونكه به پێی سه‌رچاوه پزیشكییه‌كانیش
له باری ئاسایی له هه‌موو شه‌وو ڕۆژێكدا نزیكه‌ی سه‌د تاڵه
موو له سه‌ر و لاشه‌ی هه‌ر یه‌كێك ده‌كه‌وێت و هی دیكه
شوێنه‌كانیان پڕ ده‌كه‌نه‌وه، به هه‌مان شێوه زمانیش
به‌رده‌وام و ڕۆژانه له جێهێشتنی هه‌ندێ وشه‌و
به‌رهه‌مهێنانی هه‌ندێ وشه‌ی دیكه دایه.
هه‌یشه به
شێوه‌یێكی دیكه گوزارشتی له‌م واقیعه كردووه‌و گوتوویه‌تی:
زمان وه‌كو دارستان وه‌هایه، چۆن داره‌كانی دارستان
به‌رده‌وام له مردن و سه‌رهه‌ڵدانی نوێ دان، چۆن لق و
پۆپه‌كانی داره‌كان به‌رده‌وام له بڕینه‌وه‌و سه‌رده‌رهێنانی
هی دیكه‌ی نوێ دان، زمانیش وه‌هایه‌و قه‌ت بۆ دوو ڕۆژ وه‌كو
خۆی نامێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م
وێنانه فراوانتر بكه‌ین، ده‌بینین نه‌ك هه‌ر دارستان و
مووه‌كانی سه‌ر، به‌ڵكو هه‌رچی هه‌یه له شته‌كانی
ده‌وروبه‌ر، هه‌مووی له جوله دایه‌و به‌ره‌و گۆڕان ده‌چێت،
شتێك نییه به وه‌ستاوی و وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه، ئه‌و
شتانه‌ی هه‌ن، یان خولقێنراوی خودای گه‌وره‌ن، ئه‌وانه به
پێی هۆكاره‌كان له هیچه‌وه به‌ره‌و خولقان دێن، دواتریش له‌و
ڕۆژه‌وه‌ی دێنه بوون، ئیتر ورده ورده ته‌مه‌نیان
كورتده‌بێته‌وه‌و به‌ره‌و مه‌رگ ده‌ڕۆن، هه‌موو ئه‌و
مه‌خلوقانه قه‌ت له دوو ڕۆژدا، ئه‌قڵیان، زمانیان، سیمایان،
ئه‌ندامه‌كانیان، ئاره‌زوو و خه‌ونه‌كانیان، پێكهاته‌ی
ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌یان هه‌میشه له گۆڕاندایه‌و قه‌ت دوو ڕۆژ
وه‌كو یه‌ك نامێننه‌وه.. ئه‌و شتانه‌ش به‌رهه‌می مرۆڤه‌كانن،
به‌رهه‌می ده‌ستن، یان به‌رهه‌می بیرن، ئه‌وانیش به هه‌مان
شێوه، قه‌ت بۆ دوو ڕۆژ هیچ بیرێك و قه‌ت بۆ دوو ڕۆژ هیچ
پڕۆژه‌و به‌رهه‌مێكی ماددی وه‌كو خۆیان نامێنن، مادده‌ی خاو
ده‌هێنرێت، شتی نوێی لێ درووست ده‌كرێ، ئه‌و شته نوێیه
ماوه‌یه‌ك خزمه‌ت پێشكه‌ش ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر
له‌گه‌ڵ درووستكرانی سات له دوای سات و ڕۆژ له دوای ڕۆژ له
ته‌مه‌نی كه‌مده‌بێته‌وه، تا په‌كی ده‌كه‌وێت و سوودی نامێنێت.
ئیدی چییه
ئه‌و شته‌ی هه‌میشه له قه‌رارێك بمێنێته‌وه، پێشینان
گوتوویانه به‌س ته‌نیا خودا له قه‌رارێك ده‌مێنێته‌وه،
ده‌نا هه‌رچی هه‌یه ده‌گۆڕێ و به‌ره‌و پێش ده‌چێ و گه‌وره
ده‌بێ و سه‌ره‌نجام له كارده‌كه‌وێ و ده‌مرێ، به‌ڵام ته‌نیا
خوای گه‌وره له‌و یاسایه به ده‌ره، ئه‌ویش چونكه خالیقه‌و
سه‌ره‌تای نییه تا كۆتای ببێ، له جیهانێكی دیكه‌ی جیا له
جیهانی مادییات و گیاندار و مه‌خلوقاته‌كانی خۆیه‌تی، بۆیه
ئه‌و سوننه‌تانه‌ی به‌سه‌ر خولقێنراوه‌كانیدا جێبه‌جێ ده‌بن،
ئه‌و ناگرنه‌وه‌و له هه‌موو ئه‌و سوننه‌تانه گه‌وره‌تر و
باڵاتره، چونكه (ته‌واو)ه، (ته‌واو)یش ئیتر پێویستی به هیچ
نابێ، به‌ڵام خولقێنراوه‌كان ناته‌واون، بۆیه ده‌بێ له
جوله‌ی به‌ره‌و ته‌واوی چووندا بن.
كه‌وابێ
جوله‌و به‌ره‌وپێشچوون سیمای گشتی ته‌واوی بوونه‌وه‌ره، به
فه‌له‌ك و گیاندار و بێ‌گیان و مرۆڤه‌كان و هه‌موو شته‌كانی
دیكه، بێ جیاكردنه‌وه، ئه‌گه‌ریش ئه‌وه یاسای چه‌سپاو بێ،
ئیتر زمان چۆن بۆی ده‌بێ، له‌و یاسایه به‌ده‌ر بێ و به
وه‌ستاوی و وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه؟! بۆیه به دڵنییاییه‌وه
ده‌ڵێین: زمان خولقێنراوێكه هه‌میشه له گۆڕاندایه‌و قه‌ت بۆ
دوو ڕۆژ وه‌كو خۆی نامێنێته‌وه.
خاوه‌نی كتێبی
(زمانه‌وانی) پڕۆفیسۆر (محه‌مه‌د مه‌عروف) له زووه‌وه ئه‌و
ڕاستییه زه‌قده‌كاته‌وه‌و ده‌نووسێت: (زمان به تێپه‌ڕینی كات
ده‌گۆڕێ و به‌م پێیه كوردی سه‌ده‌ی هه‌ژده و حه‌ڤده ده‌بێ
له كوردی ئه‌مڕۆ جیاواز بووبێت).(1)
زیاتریش
له‌وه پڕۆفیسۆری ناوبراو ده‌نووسێت: (هه‌موو زمانه‌كانی جیهان
هه‌میشه له گۆڕاندان و له توانای كه‌س نییه ئه‌م گۆڕانه
ڕاگرێ، یان كه‌می بكاته‌وه، یان به ته‌واوی نه‌یهێلێ،
چونكه گۆڕان له‌گه‌ڵ هه‌ڵكه‌وتی زمان خۆیدایه).(2)
سه‌باره‌ت
به‌و بووار و ئاستانه‌ی زمانیش كه گۆڕان تیایاندا ڕووده‌دات،
دیسانه‌وه خاوه‌نی زمانه‌وانی ده‌نووسێت: (ئاشكرایه كه
گۆڕان له هه‌موو ئاسته‌كانی زماندا ڕووده‌دات، ئاستی فۆنۆلۆژی
و فۆنه‌تیك، ئاستی مۆڕفۆلۆجی و سینتاكس و سیمانتیكس، له هه‌ر
ئاستێكدا چه‌ند شێوه‌یێكی گۆڕان به‌دی ده‌كرێت).(3)
گیاندارانیش
زمانیان هه‌یه:
ئه‌مه‌ی
سه‌روو بیری من بۆ ئه‌وه ده‌بات بڵێم: زمان وه‌كو مه‌خلوقێكی
زیندوو وه‌هایه، خودا ئه‌و مه‌خلوقه‌ی خستۆته خزمه‌ت
مرۆڤه‌كان و بێجگه‌ی مرۆڤه‌كانیش، به‌ڵام دیاره تاكو ئێستا
لێكۆلینه‌وه‌كان نه‌یانتوانیوه ئه‌و نهێنیانه ئاشكرا بكه‌ن،
كه زمانی گیانداران هه‌یه‌تی، بۆیه به هه‌ڵه هه‌ندێ
گوتوویانه: زمانی گیانداران هه‌ندێ هێمای وشه‌یین، به‌شی
پێویستییه هه‌نووكه‌ییه‌كانیان ده‌كات و له‌وه به‌ولاوه
نییه، ناتوانن باسی ڕابردوو و داهاتووی پێ بكه‌ن و ناتوانن
خه‌ون و خه‌یاڵی پێ تۆمار بكه‌ن.
كه له
ڕاستیدا ئه‌م ڕایانه‌ش تیۆری لاواز و بێ بنه‌مان و
ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆز زیاتر له‌مه‌و گه‌وره‌تر له‌مه
وه‌صفی گیانداران و زمانه‌كانی ئه‌وانی كردووه‌و ده‌ریخستووه،
كه له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كان چ جیاوازییه‌كیان نییه، ئه‌وه‌تا په‌پو
سوله‌یمانه ده‌بێته گه‌ڕیده‌و له فه‌له‌ستینه‌وه گه‌شت
ده‌كات، ده‌گاته یه‌مه‌ن و سه‌به‌ئی پایته‌ختی ئه‌و
حكومه‌ته‌ی ئه‌وێ و له ژیان و بیركردنه‌وه‌و عه‌قیده‌و گفتوگۆ
و په‌رستشه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته وردده‌بێته‌وه،
ده‌یانكاته ڕاپۆرتێكی تێر و ته‌سه‌ل و بۆ حه‌زره‌تی سلێمان
(سه‌لامی خوای له‌سه‌ر) ده‌یهێنته‌وه، ئینجا كه
ده‌گه‌ڕێته‌وه خزمه‌ت حه‌زره‌تی (سلێمان)یش (سه‌لامی خوای
له‌سه‌ر)، حه‌زره‌ت پرسیاری لێ ده‌كات، تا بزانێ بۆچ به‌بێ
پرس ونبووه؟ تا ئه‌گه‌ر پاساوی نه‌بێت و نه‌توانێ به‌رگری
له خۆی بكات، سزای بدات. كه‌چی په‌پوسوله‌یمانه به‌رگری له
خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت: من هه‌واڵێكم پێیه، كه تۆ لات نییه‌و
له سه‌به‌ئه‌وه به هه‌واڵێكی یه‌قینه‌وه هاتوومه‌ته‌وه
خزمه‌تت.
ئایا ئه‌م
زمانه ته‌نها باسی پێداویستییه هه‌نووكه‌ییه‌كانی
په‌پوسوله‌یمانه‌كانه؟ یان زمانێكی پڕ و گوزارشتكه‌ر له
واقیعێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ هێماو درووست و ڕه‌وانتر له زمانی
زۆرێكی مرۆڤه‌كانه؟!
نه‌ك هه‌ر
ئه‌مه، به‌ڵكو له‌وه‌ش زیاتر، كه بچووكتر له
په‌پوسوله‌یمانه، ئه‌ویش مێرووه!! باشه ئه‌دی بۆ ئه‌وه چ
بڵێین: حه‌زره‌تی سلێمان (سه‌لامی خوای له‌سه‌ر) له‌گه‌ڵ
سوپاكه‌ی له شاره مێرووێك نزیكده‌بنه‌وه، گه‌وره‌ی
مێرووستانه‌كه وشیاری ده‌داته مێرووه‌كان و پێیان ده‌ڵێت:
ئه‌ی مێرووه‌كان بچنه‌وه ناو شاره‌كانتان، مه‌بادا له‌ژێر پێی
سلێمان و سوپاكه‌ی بپلیشێنه‌وه‌و هه‌ستیشتان پێ نه‌كه‌ن!!
ئه‌م وشیاری
دانه زۆر شتی لێ ده‌خوێنرێته‌وه، له‌وانه:
1ـ
مێروویش وه‌كو مرۆڤه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌زانن و هه‌ست
به بوونی مه‌ترسییه‌كان ده‌كه‌ن.
2ـ
زمانی مێرووانیش به‌شی ئه‌وه ده‌كات به ڕوونی و تێروته‌سه‌لی
یه‌كتر تێبگه‌ینن و ئه‌و هه‌ست و بیرانه‌ی له مێشكه
بچووكه‌كانیاندا ده‌خولێته‌وه، به زمانێكی ڕوون و به شێوازی
قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر بیگه‌یه‌ننه یه‌ك.
ئه‌دی ئه‌گه‌ر
په‌پوسلێمان و مێروو ئه‌و زمانه پێشكه‌وتووه‌یان هه‌بێ، كه
به هه‌قیقه‌ت نابینین وشه‌كانیان له زمانی مرۆـڤ كه‌متر و
شێوازه‌كانیان له هی مرۆڤ ساده‌تر بێ، ئه‌دی ده‌بێ گیانداره
زه‌به‌لاح و زیره‌ك و وشیاره‌كانی دیكه، خاوه‌نی چۆن زمانێك
بن؟! ئایا زه‌حمه‌ته بڕوا به‌وه بكرێ له نێو گیاندارانیش
شێوازی كاریگه‌ر و شێوازانی به‌هێز هه‌یه؟! به پێی
به‌ڵگه‌كانی پێشوو، من ئه‌وه به زۆر نازانم.
هۆی
به‌ره‌وپێشچوونی زمان:
هۆكانی
به‌ره‌وپێشچوونی زمان زیاترن له یه‌كێك له‌وانه:
1ـ
نوێبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیری.. دیاره له‌گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌ی بیر و
ڕۆشنبیری پێویستییه ڕۆشنبیرییه‌كانی نه‌ته‌وه، ده‌بنه
هۆكارێك بۆ گۆڕان و داهێنانكاری له زۆرێكی بوواره‌كان و به
تایبه‌تیش له بوواری زمان، ئه‌وه‌تا بیست سی ساڵ پێش ئێستا
كه‌س بۆ مردووه‌كه‌ی خۆی لافیته‌یێكی له ده‌رگای مزگه‌وته‌كه
هه‌ڵنه‌ده‌واسی، ئێستا بیر له‌وه كراوه‌ته‌وه، بوونی ئه‌م
لافیته‌یه پێویستییه‌كی سه‌رده‌مه‌و به نه‌بوونی كه‌م
گرنگیدان و كورتبینی خاوه‌نانی مردووه‌كه بۆ مردووه‌كه‌یان
ده‌گه‌ینێ، ئه‌وه‌ش ڕه‌تكراوه‌و ناپه‌سنده، بۆیه لافیته‌یێك
و زیاتر له لافیته‌یێكیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌نووسرێن،
ئه‌مه ته‌رزێك ده‌ربڕین دێنێته ناو فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی،
پێشتر ئه‌و ده‌ربڕینانه له نێو فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی
نه‌ده‌بینران، كه‌س پێشتر نه‌یده‌گوت: (به دڵێكی پڕ له ئیمان
و ڕازی به قه‌ده‌ری خوا پرسه‌ی خواڵێیخۆشبێ فڵانی كوڕی فلان
بۆ دۆست و ئازیزانی ڕاده‌گه‌ینین، كه ده‌كاته باوكی فلان و
فلان و فلان و برای فلان و فلان، پرسه‌كه‌ش له مزگه‌وتی
فلانییه‌و ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م ڕۆژی پرسه‌كه‌یه)
دوا به دوای
ئه‌مه له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كانیش جاری وه‌ها هه‌یه،
مردووه‌كه ئه‌گه‌ر ناسراو بێ، ده‌یان نامه‌و برووسكه‌ی
ماته‌مینی جۆراوجۆری بۆ ده‌نووسرێت، كه ئه‌م نامه‌و
ناوه‌ڕۆكانه له پێشتردا قه‌ت ئه‌و گرنگییه‌یان پێ نه‌ده‌دراو
فه‌رهه‌نگ ئه‌م ده‌ربڕین و ڕستانه‌ی مه‌گه‌ر زۆر به كورتی
ده‌نا له‌خۆدا هه‌ڵنه‌گرتبوو.
جگه له‌مه،
ڕێكلامه بازرگانییه‌كان ده‌یان ده‌ربڕینی نوێ ڕۆژانه دێننه
ناو فه‌رهه‌نگ، پێشتر عه‌یب بووه یه‌كێك پڕوپاگه‌نده بۆ
كاڵای خۆی بكات، ئێستا به هه‌ق و ناهه‌ق پڕوپاگه‌نده بۆ
به‌رهه‌می باش و خراپ ده‌كرێت و چ وشه‌و ده‌ربڕنێك
سیحردرووستكه‌رن ئه‌و وشه‌و ده‌سته‌واژانه ڕیكلامه‌كانیان پێ
پێشكه‌ش ده‌كرێت.
هاتنه
سه‌رته‌ختی به‌رپرس و كه‌سایه‌تییه گه‌وره‌كانی حكومه‌ته‌كان
و په‌یوه‌ندی حكومه‌ته‌كان به یه‌كتری و په‌یوه‌ندی حزب و
دامه‌زراوه‌كانی تر له‌گه‌ڵ یه‌ك و بۆنه‌كانی له‌دایكبوونی
كه‌سایه‌تییه‌كان و مردنیان و سه‌ركه‌وتنه‌كانیان و
شۆڕشه‌كانیان و ڕۆژی نیشتومانی وڵاته‌كان و بۆنه‌ی جه‌ژنه‌كان
و مه‌راسیمی ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنی به‌هره‌مه‌ندان و ده‌یان
ئاهه‌نگ و بۆنه‌ی تر، كه پێشتر، یان نه‌بوون، یان زۆر به
ساده‌یی به‌ڕێوه ده‌چوون، ئێستاكه داهێنانی گه‌وره له
نووسینی وتار و نامه‌كانی ئاراسته‌كراوی یه‌كتری له‌و بۆنانه
ده‌كرێت و هه‌موو ئه‌و بۆنه‌و بابه‌تانه ده‌بنه هه‌وێنی
درووستبوونی سه‌دان ده‌ربڕین و شێوازی دڵگیر و وشه‌و
ده‌سته‌واژه‌ی نوێ و به‌هێز، كه هه‌موو ئه‌و بارانه به هۆی
نوێبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیرییه‌وه هاتوونه‌ته پێش، ده‌نا له
ڕۆشنبیری سه‌ده‌كانی پێشوودا وێنه‌ی ئه‌مانه به‌دی نه‌ده‌كرا،
به‌ڵام ناشبێ ئه‌وه له بیر بكه‌ین، كه به پێی
به‌ره‌وپێشچوونی ڕۆشنبیری ده‌ربڕین و ئه‌ده‌بیاتی نوێ، كه‌م تا
زۆر، به به‌رده‌وامی درووستبووه‌و هیچ قۆناغێك له‌وه خاڵی
نه‌بووه.
2ـ
حه‌زی داهێنان.. به‌رهه‌مهێنانی ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ
له‌سه‌ر بنه‌مای وشه فه‌رهه‌نگییه‌كانی زمان، به ڕێگه‌و
شێوازی جۆراو جۆر له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی فۆڕم و جۆره
ئه‌ده‌بییه پڕ له داهێنانه جۆراوجۆره‌كانی وه‌كو شیعر به
هه‌موو شێوه‌و چیرۆك و وتار و ڕۆمان و بابه‌ته
په‌خشانییه‌كانی تریش به ته‌واوی شێوه‌كانیان.
3ـ
هاتنه ناوه‌وه‌ی چه‌ندین وشه‌و زاراوه له ڕێگه‌ی بابه‌ته
زانستی و ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌كانی زمانانی دیكه‌و له
ڕێگه‌ی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا و
به‌رهه‌م و كه‌ل و په‌لی دیكه، كه له هه‌موو دونیاوه
ده‌ڕژێنه بازاڕه نیشتومانییه‌كان.
4ـ
وه‌رگێڕان له زمانانی دیكه، كه ئه‌مه له لایێكدا زۆر جار
وشه‌و ده‌سته‌واژه‌و زاراوه‌ی ئه‌وان، دێنێته نێو زمانی
نه‌ته‌وه‌یی، له‌ولاشه‌وه گه‌لێ له یاسا سینتاكسی
وشه‌سازییه‌كانی زمانانی تریش ده‌گوازێته‌وه نێو زمانی
نه‌ته‌وه‌یی.
5ـ
گۆڕانی دیدی مرۆڤه‌كان به گشتی و داهێنه‌ران به تایبه‌تی،
ئه‌وه‌تا له كۆندا زمانی نه‌ته‌وه‌یی به زمانی مه‌حه‌للی
داده‌نراو به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بی و نامه گشتییه‌كان به زمانێكی
دیكه ده‌نووسران، به‌مه‌ش زمانی نه‌ته‌وه‌یی به خێرایی
به‌ره‌وپێش نه‌ده‌چوو، ئه‌وه‌تا له سه‌ده‌كانی هه‌ژده‌و
نۆزده ئه‌كادیمیای زانستی ده‌وڵه‌تی ڕووسیای قه‌یسه‌ری له
شاری بتڕس بۆرگ به‌رهه‌مه‌كانی خۆی به زمانی فڕه‌نسی تۆمار
ده‌كرد، چوونكه پێیان وابوو زمانی ڕووسی زمانی خه‌ڵكه به
گشتی و ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریش ده‌بێ به زمانی نوخبه‌ی داهێنه‌ر
و هونه‌رمه‌ند و پڕ له داهێنانی ئه‌ده‌بی بێ، عوسمانییه‌كانیش
هه‌تا سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ش به زمانی فارسی موڕاسه‌لاتی خۆیان
ده‌كرد، ئه‌وه‌تا شه‌ره‌فخانی به‌تلیسی كه شه‌ره‌فنامه
ده‌نووسێ و پێشكه‌شی سوڵتانی عوسمانیی ده‌كات، به زمانی فارسی
ئه‌و كتێبه‌ی بۆ ده‌نووسێت، ئه‌وروپاش سه‌ره‌تا هه‌ر به
لاتینی ده‌یاننووسی و لاتینییان به زمانی دایك ده‌زانی، به
ڕه‌وایان نه‌ده‌بینی له بێجگه‌ی لاتینی به زمانێكی دیكه
بنووسرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕێنیسانس و دواتر به‌ره‌وپێشچوونی
بیری نه‌ته‌وه‌یی گرنگی به زمانی نه‌ته‌وه‌یی دراو به‌مه
زمانه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌وروپا ورده ورده بووژانه‌وه‌و
به‌روپێشچوون. زمانی كوردیش تا شتی پێ نه‌نووسرایه‌وه، قه‌ت
وه‌كو ئێستا ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوو، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌وه‌ی بووه
زمانی ئه‌ده‌بیاتێكی هونه‌ری به‌رز و له‌و ڕۆژه‌وه‌ی بووه
زمانی فێرگه‌و زانكۆ و ڕاگه‌یاندن و دام و ده‌زگا
فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت له‌م پارچه‌یه‌ی كوردستاندا، ئه‌م
زمانه به‌رده‌وام له بووژانه‌وه فراوانبوونی
فه‌رهه‌نگه‌كه‌یدایه.
ئاینده‌ی زمان:
بۆ ئه‌وه‌ی
له‌و ڕاستییه نزیك بینه‌وه، كه له ئاینده‌دا زمان پێی
ده‌گات، باش وایه هه‌ندێ تێكستی زمانی له ده‌قه كۆن و
نوێكان بخه‌ینه به‌رچاو، چونكه به‌مه واقیعه‌كه‌مان به
به‌رجه‌سته‌كراوی له پێشدا زه‌قده‌بێته‌وه، له خواره‌وه
كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین.
زانایان
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن، كه مرۆـڤ به‌ره‌وپێش ده‌ڕوا، ئه‌قڵ و
ته‌مه‌ن و ڕۆشنبیریی به‌روپێش ده‌ڕوا، هه‌رچی هه‌یه‌تی وه‌كو
مادده له گۆڕان و به‌ره‌وپێشچوون ده‌بن، به هه‌مان شێوه
زمانه‌كه‌یشی به‌ره‌وپێش ده‌چێت و وه‌كو خۆی نامێنێته‌وه،
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئاراسته‌ی گۆڕانهێنان به‌سه‌ر زمانی نووسینی
شیعری كوردیش بكه‌ین، كه ڕۆژگارێك هه‌موو ئه‌ده‌بی كوردی له
شیعر كورت ده‌بووه‌وه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌مان باشتر بۆ
ده‌رده‌كه‌وێت.
زمان له
ئه‌ده‌بی كڵاسیزمدا ئاڵۆز‌و پڕ له سنعه‌ت و وشه‌ی بێگانه‌یه‌و
(هه‌موو جۆره جوانكارییه وشه‌یی و ماناییه‌كانی عه‌ره‌بی له
ڕووی مه‌شق و پڕاكتیكه‌وه له شیعری كڵاسیكی كوردی به‌دی
ده‌كرێ) (4)، بۆ نمونه: (نالی) له دێڕێكیدا ده‌ڵێت:
ـ نالی
نییه‌تی سیحری به‌یان حیكمه‌تی شیعره
ئه‌مما
نییــه‌تی قووه‌تی دڵ قودڕه‌تی ئینشا ..(5)
ئه‌م دێڕه پڕ
له وشه‌ی نا كوردییه‌و ئه‌م هونه‌رانه‌ی ڕه‌وانبێژی تیادا
هاتووه:
1ـ
له نیوه دێڕی یه‌كه‌م وشه‌ی (سیحری به‌یان) ده‌ربڕینێكی
لێكدراوی عه‌ره‌بییه، (تیلنیشان)ه بۆ فه‌رمــــووده‌ی: (ألا
أن فی البیان لسحرا، ألا أن فی الشعر لحكمه).(6)
2ـ
له نیوه دێڕی دووه‌م ده‌سته‌واژه‌ی (قودره‌تی ئینشا)
عه‌ره‌بییه‌و (تیلینیشان)ه بۆ ئایه‌تی پیرۆزی: [قل هو الژی
أنشأكم]. سوڕه‌تی پیرۆزی [الملك]، ئایه‌تی 23.
3ـ
له نێوان هه‌ردوو وشه‌ی (نییه‌ت)دا (ڕه‌گه‌زدۆزی ته‌واو)
هه‌یه، كه یه‌كه‌میان له نیوه دێڕی یه‌كه‌م به واتای
(النیه)ی عه‌ره‌بی (نیاز)ه‌وه هاتووه، ئه‌وه‌ی نیوه دێڕی
دووه‌میش به واتای (نه‌بوون) هاتووه.
4ـ
له نێوان دوو وشه‌كانی (قووه‌ت) و (قودره‌ت) (ڕه‌گه‌زدۆزی
ناته‌واو) هه‌یه، چونكه ئه‌م دوو وشانه به ته‌نها دوو پیتی
سێیه‌م و چواره‌میان له یه‌كتر جیایه، ده‌نا سێ پیته‌كانی
تریان وه‌كو یه‌كن و، به یه‌ك شێوه‌ش ڕیز بوونه،
هه‌ردووكیشیان وشه‌ی عه‌ره‌بینه.
له هه‌موو
ئه‌و ڕه‌وانبێژییه‌شدا ئه‌گه‌ر ئه‌و تێكه‌ڵكردنه‌ی وشه‌ی
عه‌ره‌بی و كوردی نه‌بووایه، هیچ یه‌كه له‌م هونه‌رانه
درووستنه‌ده‌بوون، بۆیه شاعیرانی كلاسیك و به تایبه‌ت نالی
به‌كارهێنانی عه‌ره‌بیه‌كه‌یان به هۆكارێكی گرنگی جوانی
داناوه، پێیان وابووه ئه‌مه كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر زمانی
نه‌ته‌وه‌یی ناكات، بۆیه هه‌ر نالی گوتوویه‌تی:
ته‌بعی
شه‌كه‌رباری من كوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌كا
ئیمتحانی
خۆیه مه‌قصودی له عه‌مدا وا ده‌كا
كه‌س به
ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه خۆ كردییه
هه‌ركه‌سێ
نادان نه‌بێ خۆی تالبی مه‌عنا ده‌كا
ده‌بینین نالی
شانازی زۆر به‌وه ده‌كات، كه به زمانی كوردی ده‌نووسێ، خۆ
بێگومان نالی ئه‌وه‌شی له‌به‌رچاوه، كه دیوانه‌كه‌ی به گشتی
و هه‌ر ئه‌م دوو دێڕه‌شی به تایبه‌تی پڕیه‌تی له وشه‌ی
ناكوردی، به‌ڵام وه‌كو گوتمان لای ئه‌وان ئه‌گه‌ر ڕێزمانه‌كه
كوردی بوو، ئه‌وا وشه‌ی هه‌موو دونیاشی تیا بێ، زمانه‌كه هه‌ر
كوردییه‌و ئه‌م باره‌ش چ زیانێكی نابێ.
یان (مه‌حوی)
ده‌ڵێت:
خودا ئه‌م
ئاینه‌ی لائیق به بوبه‌كرو عومه‌ر دیوه
كه ئه‌ووه‌ل
پانیی و پانی شه‌ره‌فیایه به (لوكان)
له به‌عدی
ئه‌م دووه عوسمانی (ژی النورین)ه (ژو اڵانوار)
عه‌لی شاهی
ویلایه‌ت بابی عیلم و شێری یه‌زدانه
به‌سه‌ر یانه
به‌سه‌ر باقی صه‌حابه‌و ئال و یارانه
ببارێنێ خودا
هه‌ر ئان و سات و ساعه (رچوان)ه(7)
له‌م
پارچه‌یه‌ی (مه‌حوی)ش هه‌موو ئه‌و وشانه ناكوردین: (لائیق)،
(بوبه‌كر)، (عومه‌ر)، ((ئه‌ووه‌ل)، (پانی) و (پانی)،
(شه‌ره‌فیا)، (لو كان)، (به‌عد)، ((عوسمان)، (ژی النورین)، (ذو
اڵانوار)، (عه‌لی)، (شاه)، (ویلایه‌ت)، (باب)، (عیلم)، (باقی)،
(صه‌حابه)، (ئال)، (ئان)، (ساعه)، (رضوان).
ئه‌مین فه‌یزی
به‌گیش گوتوویه‌تی:
ـ گه‌ر
ڕه‌فیقت یاری صادق بێ چ باكی ڕێگه‌ته
گه‌ر كه‌سی
به‌دخوت له‌گه‌ڵدا بێ جه‌هه‌ننه‌م جێگه‌ته(8)
لێره‌شدا
وشه‌كانی ناكوردین، به‌ڵام له قۆناغی دواتردا زمانی
ئه‌ده‌بیاتی نوێ و ڕۆمانسیزم ساده‌و په‌تییه، ئه‌وه‌تا
شیعره‌كانی (گۆران)، كه یه‌كێكه له ڕابه‌رانی شیعری نوێ و
ڕۆمانسیزمی كوردی (ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه
ئیستاتیكیه‌كانی زمانی كوردییه)(9) و، به تایبه‌ت شیعری
سییه‌كان و به سه‌ره‌وه‌ی به زمانێكی كوردی په‌تی نووسراون و
گه‌لێ وشه‌ی نوێشی هێناوه‌ته ناو.. بۆ نمونه ده‌ڵێت:
كوردستان
ئه‌گه‌رچی دووره دنیای تۆ
دۆڵ و
دارستانی چۆڵ و ته‌نیایی تۆ
دووری له
شارستان له ژینی تازه
له شه‌وی
ڕوناك و پڕ له ئاوازه
پڕ له
پێكه‌نین و پڕ له نه‌نووستن
پڕ له
سووڕانه‌وه‌و، پڕ له كۆڕ به‌ستن
ئه‌گه‌رچی تۆ
دووری له ڕۆژی شاران
ڕۆژی پڕ له
گه‌ردش هات و چۆو جووڵان
ڕۆژی پڕ له
زانست پڕ له فه‌ننی جوان
كتێب و
ڕۆژنامه هه‌یكه‌ل و مه‌یدان...هتد(10)
كه له زمانی
ئه‌م شیعره‌ی گۆران وردده‌بینه‌وه، ده‌بینین له لایێك
زمانه‌كه زۆر له وشه‌ی ناكوردی پاكبۆته‌وه، له‌ولاوه‌ش
ده‌وڵه‌مه‌ند كراوه به گه‌لێ وشه‌ی نوێ، بۆ نمونه:
وشه‌كانی (شارستان)، (ژینی تازه)، (شه‌وی ڕوناك)، (كۆڕ
به‌ستن)، (ڕۆژی شاران)، (كتێب)، (ڕۆژنامه)،
(هه‌یكه‌ل)...ئه‌مانه هه‌مووی شت و چه‌مكی نوێنه بۆ ئه‌و
ڕۆژگاره‌ی كورد، شاعیر ده‌یانورووژێنێت و، خه‌و به‌و ڕۆژه‌وه
ده‌بینێت، كه گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی ئه‌ویش چیتر له‌و شتانه دوور
نه‌بن و،سوودیان لێ ببینن.
به‌ڵام زمانی
قۆناغی پێش ڕِۆمانسیزم كه قۆناغی نێوان (كلاسیزم و
ڕۆمانسیزم)، (نالی و گۆران)ه، له بارێكی ناوه‌نده له مانه
هه‌ردووان، زۆرجار قوڕس و پڕ له وشه‌ی بێگانه‌و زۆرجاریش له
زمانی ساده‌و ئه‌ده‌بی فۆڵكلۆرو سه‌رزاری خه‌ڵكیش نزیك
ده‌بێته‌وه، بۆ نمونه (حاجی) ده‌ڵێت:
له گوێی گا
نووستوون هه‌رچه‌نده شێرن
وه‌كو
كه‌روێشكی چاو ڕامـــــاوو كوێرن
ئــــــه‌وی
ئه‌علایه سه‌رده‌سته‌ی شكاره
ئه‌وی
ئــــــه‌دنایه به‌سته‌ی زوڵفی یاره
ئه‌وی ئازایه
شــــــــه‌هنامه ده‌خوێنێ
ئه‌وی
مســـــكێنه گه‌نم و جۆ ده‌چێنێ(11)
لێره‌دا
زمانه‌كه نه وه‌كو هی نالی قوڕس و قه‌به و پڕ له ده‌ربڕینی
ناكوردییه، نه وه‌كو زمانی (گۆران)یش وه‌هایه پڕ له وشه‌ی
كوردی په‌تی و تا ڕاده‌یێكی زۆر خاڵێ له وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی
ناكوردی بێت، به شێوه‌یێكه به به‌راورد له‌گه‌ڵ (نالی)
زمانه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام گۆڕان و
به‌ره‌وپێشچوونی زمانه‌كه به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌و لای (گۆران)
و (پیره‌مێرد) و شاعیرانی دیكه‌ی دوای ئه‌وان، كه لێره‌دا
ده‌رفه‌ت نابێ نمونه‌ی هه‌موویان وه‌ربگرین، زمانه‌كه تا
هاتووه نوێبۆته‌وه‌و پڕ كراوه به وشه‌و ده‌ربڕین و
ده‌سته‌واژه‌ی كوردی و نوێ.
دیاره زمانی
په‌خشان و ئاخاوتنیش هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی شیعر بووه له كۆن و
دواتر گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌وه‌تا ئه‌گه‌ر ته‌ماشای
ئاخاوتنی حه‌فتا هه‌شتا ساڵ پێش ئێستا بكه‌ین، زمانی كوردی
پڕبوو له وشه‌ی ناكوردی، هی زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و فارسی و
توركی، جاران گوتوویانه:
ـ ڕه‌سولی
ئه‌كره‌م، سه‌یدی سه‌قه‌له‌ین و ئیمامی موڕسه‌لین، محه‌مه‌دی
كوڕی عه‌بدوڵلایه (صلی الله علیه وسلم)، كه بێ نیزاع و بێ
شك فه‌خری كائینات و حه‌بیبی باری ته‌عالایه.
ـ فه‌خامه‌تی
مه‌لیكی مووه‌قه‌ڕ عالی جه‌ناب (مه‌لیك فه‌یصه‌ل) زیاره‌تی
ڕه‌وزه‌ی شه‌ریفه‌ی كرد!
ـ حه‌ملی
حیماڕی ئه‌سوه‌دت به چه‌ند ده‌ڕاهیمی مه‌عدوده عه‌تا
ده‌ده‌ی؟
ئه‌م ڕستانه‌ی
سه‌روو و چه‌ندانی دیكه‌ی وه‌ها، كه زمانی كوردی ئه‌وسایان
پێكهێناوه، ده‌بینین زۆر خاڵینه له وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی
كوردی و ته‌نیا سیستمه‌كه‌یان سیستمی ڕسته‌سازی كوردییه،
ده‌نا چ وشه‌یێكی ئه‌وتۆی كوردی‌یان تێدا نییه، به‌ڵام
كوردیشن. كه‌چی ئێستا وه‌ها نانووسرێ، ده‌نووسرێت:
ـ پێغه‌مبه‌ری
خۆشه‌ویست (درود وسڵاوی خوای له‌سه‌ر)، گه‌وره‌ی ئاده‌میزاد و
په‌رییان، ئیمام و پێشه‌وای پێغه‌مبه‌ران، محه‌مه‌دی كوڕی
عه‌بدوڵڵایه (درود وسڵاوی خوای له‌سه‌ر)، بێ گومان جێ شانازی
هه‌مووان و خۆشه‌ویستی خودای گه‌وره‌و میهره‌بانه.
ـ سه‌رۆكی
به‌ڕێز (مام جه‌لال) سه‌ردانی باره‌گای نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات! (ته‌نانه‌ت شێوازیش گۆڕاوه، ئێستا له
ڕۆژنامه‌گه‌ریدا بۆ پیشاندانی ڕابردوو، مانشێت به ڕانه‌بردوو
ده‌نووسرێت، چونكه ئه‌مه به‌هێزتر و گه‌رمتره).
ـ باری
گوێدرێژه‌كه‌ت، یان باره‌كه‌ت به چه‌ند ده‌فرۆشی؟
ـ زمانمان
زمانێكی ڕه‌نگین و شیرین و ده‌وڵه‌مه‌نده، به تایبه‌تی
شێوه‌ی نووسینمان سه‌ربه‌خۆیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش بۆ ڕاست و
ڕه‌وان نووسین، جگه له زمانی كوردی، هیچ نه‌بێت گه‌ره‌كه
له زمانێكی دیكه‌شدا شاره‌زایی ڕێی و شوێنی نووسینی ببین، بۆ
ئه‌وه‌ی بناغه‌ی تازه‌ی نووسینمان نه‌شێوێت و خراپ نه‌ڕوات،
خووا بكا (حكومه‌تی به‌ڕێز و ڕێبه‌رمان، تێبینی ئه‌مه بكه‌ن و
به دانی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی سه‌نته‌رێكی
زمان‌ناسی گرنگی به‌م كاره چاكه بده‌ن، كه بۆ سوودی
میلله‌ته‌كه‌مانه و جێی سوپاسه...
له
ڕۆژنامه‌شدا زمان له نێوان شه‌ست حه‌فتا ساڵ پێش ئێستا‌و
ئێستادا گۆڕانی زۆر به‌سه‌ر زمانی نووسینی كوردیدا هاتووه،
له خواره‌وه ئه‌م دوو پارچه‌یه به نمونه دێنینه‌وه:
1ـ
(... زمانمان زمانێكی ڕه‌نگین و شیرین و فراوانه، وه به
تایبه‌تی شێوه‌ی نووسینمان سه‌ربه‌خۆیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش بۆ
ڕاست و ڕه‌وان نووسین، جگه له زمانی كوردی، هیچ نه‌بێت له
زمانێكا شاره‌زایی ڕێی و شوێنی نووسینی گه‌ره‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی
بناغه‌ی تازه‌ی نووسینمان نه‌شێوێت و خواروخێچ دانه‌مه‌زرێت،
خووا بكا (ڕه‌هبه‌رمان كه حكومه‌تی فه‌خیمه‌یه، تێبینی بكه‌ن
و ئه‌م كاری خێره كه بۆ چاكه‌ی ژیانی میلله‌تێكه، به
دانانی جه‌معییه‌تێكی مه‌عاریف سازی بفه‌رموون)(12)
به‌ڵام ئێستا
ئه‌م وتاره‌ی سه‌روو وه‌ها ده‌نووسرێت:
زمانمان
زمانێكی ڕه‌نگین و شیرین و ده‌وڵه‌مه‌نده، شێوه‌ی نووسینمان
سه‌ربه‌خۆیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ڕاست و ڕه‌وان نووسین،
جگه له زمانی كوردی، هیچ نه‌بێت پێویسته له زمانێكی تریشدا
شاره‌زاییمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بناغه‌ی تازه‌ی نووسینمان
نه‌شێوێت و خواروخێچ دانه‌مه‌زرێت، خووا بكا ڕێبه‌رمان كه
حكومه‌تی خاوه‌ن شكۆیه، تێبینی ئه‌مه بكه‌ن و ئه‌م كاری
خێره، كه بۆ سوودی ئێستا‌و ئاینده‌ی میلله‌تێكه، به
دامه‌زراندنی ڕێكخراوێكی زمان‌ناسی كارئاسانی بۆ بكه‌ن.
له
وتاره‌كه‌ی سه‌روو وشه‌كانی: (تازه)، (فه‌خیمه)،
(جه‌معییه‌ت)، (مه‌عاریف).. عه‌ره‌بین و ده‌ربڕیه‌كانیش
ئه‌وه‌ی كوردیشن، كۆنن، ئێستا وه‌ها نانووسرێت.
2ـ
له یه‌كێ له وتاره‌كانی گۆڤاری نیشتمانی كۆمه‌ڵه‌ی (ژێ
كاف)دا هاتووه:
ئه‌ی ڕوئه‌سای
عه‌شایری دلێر و غه‌یوری كورد
كه‌مێك
وردبینه‌وه‌و تۆزێك بیر له حاڵی ئیمڕۆ و دوێنێتان.. تا
دوێنێكه كامتان له هه‌مووان گه‌وره‌و مه‌زنتر بوو،
به‌رانبه‌ر به مه‌ئمورێكی خوێڕی حكومه‌ت نه‌ده‌وێرا قسه بكات
و زمانی لێ تێكه‌ڵ ده‌بوو، ئێستا كه خوا به‌زه‌یی به
چاره‌ڕه‌شی ئێمه‌دا هاتووه‌و زنجیره‌ی زوڵم و سته‌می دوژمنی
له شان و پیلی كورد له دوو پارچه‌ی كوردستانی داگیركراوی
عیراق و ئێران داماڵیوه، كارێكی وا مه‌كه‌ن، هه‌وری قه‌هر و
غه‌زه‌بی خوای گه‌وره‌و به‌رز گلێره‌ی نه‌گبه‌ت و
چاره‌ڕه‌شیمان به‌سه‌ردا ببارێنێت، چونكو: (الملك یبقی مع
الكفر ولا یبقی مع الڤلم)! زوڵم چ ده‌رباره‌ی بێگانه یا
خۆمانه بكرێت خراپه‌ی لێده‌وه‌شێته‌وه، بناغه‌ی كار
تێكده‌دات، ئاده‌میزاد ده‌خاته ناو چاڵی چاره‌ڕه‌شیو
نه‌گبه‌ت...(13)
به‌ڵام ئێستا
وه‌ها ده‌نووسرێت:
ئه‌ی سه‌رۆك
هۆزه دلێر و ئازاكانی كورد
كه‌مێك
وردبینه‌وه‌و تۆزێك بیر له ژیانی ئیمڕۆ و دوێنێتان
بكه‌ینه‌وه.. تا دوێنێكه كامتان له هه‌مووان گه‌وره‌و
مه‌زنتر بوو، به‌رانبه‌ر به مه‌ئمورێكی خوێڕی حكومه‌ت
نه‌ده‌وێرا قسه بكات و زمانی لێ تێكه‌ڵ ده‌بوو، ئێستا كه خوا
به‌زه‌یی به چاره‌ڕه‌شی ئێمه‌دا هاتووه‌ته‌وه‌و زنجیری زۆر و
سته‌می دوژمنی له ده‌ست و پێی كوردی ئه‌م دوو پارچه‌ی
كوردستانی داگیركراوی عیراق و ئێران داماڵیوه، كارێكی وا
مه‌كه‌ن، هه‌وری توڕه‌یی و ڕقی خوای گه‌وره‌و به‌هێز نه‌گبه‌ت
و چاره‌ڕه‌شیمان به‌سه‌ردا ببارێنێت، چونكه گوتوویانه:
ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ كوفردا درێژه‌ی ده‌بێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ
سته‌مدا تێده‌چێ!
سته‌م چ
ده‌رباره‌ی بێگانه، یا خۆمانه‌ش بكرێت خراپه‌ی
لێده‌وه‌شێته‌وه، بناغه‌ی كار تێكده‌دات، ئاده‌میزاد ده‌خاته
ناو چاڵی چاره‌ڕه‌شیو نه‌گبه‌ته‌وه...
ده‌بینین
ڕسته‌و وشه‌كانی: (ڕوئه‌سا)، (عه‌شایر)، (غه‌یور)، (حاڵ)،
(مه‌ئمور)، (زوڵم)، (قه‌هر)، (غه‌زه‌ب)، (گلێره)، (الملك یبقی
مع الكفر ولا یبقی مع الظلم)! (زوڵم)، كه به‌سه‌ریه‌كه‌وه
زیاتر له هه‌ڤده وشه پێكه‌وه ده‌نێن، ئه‌مانه هه‌موویان
وشه‌ی ناكوردین، ئێستاكه زۆربه‌یان به‌كارناهێنرێن، به وشه‌ی
كوردی جێیان پڕكراوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت وه‌كو ده‌بینین
ده‌سته‌واژه‌و ڕسته‌كانیش وه‌كو هی ئێستا نین و هی ئێستا به
جۆرێكی دیكه‌یه.
هه‌موو
ئه‌وه‌ش له ڕاستیدا ڕه‌وڕه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی زمانی
نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌خه‌نه به‌رچاو، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌نه، كه
زمان هه‌میشه له‌به‌ره‌وپێشچوونه‌و هیچ كاتێك له یه‌ك
شێوه‌دا نامێنێته‌وه.
كه‌وابێ له
ئاینده‌دا زمان هه‌میشه نوێتر ده‌بێت له‌وه‌ی له پێشوودا
هه‌یه، هه‌ر زمانێك خزمه‌تی كرا‌و زیاتر به‌كارهێنرا
ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت، ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه‌كانی
جیاوازییان تێده‌كه‌وێت، به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشوو، به‌وه‌ش
كه‌وابێ ئه‌گه‌ر مردووێكی سه‌د، یان دووسه‌د ساڵ پێشتری هه‌ر
نه‌ته‌وه‌یێك زیندووببێته‌وه، زۆر به خراپ حاڵی ده‌بێت، له
زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی، چونكه هه‌مان ئه‌و زمان نه‌ماوه، كه
پێشتر خۆیان قسه‌یان پێكردووه، ئه‌مه‌ش سوننه‌تی ژیانه، هیچ
شتێك وه‌كو خۆی نامێنێ، به‌م پێیه زمانیش ئه‌و سوننه‌ته‌ی
به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت و به‌رده‌وام له به‌ره‌وپێشچوون و
نوێبوونه‌وه ده‌بێت، مه‌گه‌ر زمانێك نه‌ته‌وه‌كه‌ی به هۆی
یه‌كێ له كاره‌ساته‌كان تیا بچن و ژماره‌ی قسه‌پێكه‌رانی
كه‌م ببنه‌وه، ئه‌وكاتی ئه‌و زمانیش وه‌كو خۆی نامێنێته‌وه،
چونكه به‌رده‌وام وشه‌و ده‌ربڕینه‌كانی كه‌م ده‌بنه‌وه‌و هی
زمانانی نزیك له خۆی تێدا كۆده‌بێته‌وه، به‌مه پاش ماوه‌یێك
ده‌بینین زمانه‌كه له‌نێو چووه‌و چ ئه‌سڵێكی نه‌ماوه،
نمونه‌ی ئه‌مه‌ش گه‌لێ زمانی كۆنی میلله‌ته تێچووه‌كانن،
وه‌كو زمانه‌كانی كاشی و لولو و سومه‌ر و بابلی و میسرییه
كۆنه‌كان و فارسی كۆن و ...هتد. كه ئه‌م زمانانه ئه‌گه‌ر
مانه‌وه‌یێكیان مابێ، له دوو توێی هه‌ندێ تێكستی كۆنه، كه
به‌و زمانانه نووسرابن، ده‌نا به‌كارهێنانیان نه‌ماوه‌و چ
میلله‌تێك ئێستاكه به‌و زمانانه قسه ناكه‌ن.
ئه‌نجام:
گۆڕان واتا
نوێبوونه‌وه، نوێبوونه‌وه‌ش وه‌كو ئاماژه‌مان پێیدا سیمایێكی
سه‌ره‌كی هه‌موو مه‌خلوقاتی خودایه، بۆیه (زمان)یش وه‌كو
هه‌ر یه‌كه له مه‌خلوقه‌كانی دیكه‌ی خودا، هه‌میشه خۆی
نوێده‌كاته‌وه‌و هه‌میشه وه‌كو خۆی له بارێكی به‌ستوودا
نامێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش تاكه هۆی درێژبوونه‌وه‌ی زمان و
مانه‌وه‌یه‌تی به شێوه‌یێكی زیندوو، تا ئه‌و كاته‌ی
ئاده‌میزاد و كۆمه‌ڵگای مرۆیی ده‌مێنن و ژیان له‌سه‌ر ئه‌م
هه‌ساره‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان
خۆیان سروشت و بیركردنه‌وه‌و چێژ‌و دیدیان بۆ جوانی و ژیان و
گه‌ردوون به گشتی و هه‌ڵس و كه‌وت و مامه‌ڵه‌و گرنگیپێدان و
ته‌واوی شته‌كانی دیكه‌یان بگۆڕێت، ده‌بێ (زمان)یشیان به
ته‌ریبی له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا بگۆڕێت، ده‌نا به پێچه‌وانه‌ی
ئه‌وه‌ی له زمان ده‌مێنێ گه‌لێ كه‌متر و ساده‌تر ده‌بێ،
له‌وه‌ی به‌شی پێویستییه نوێ و زۆره‌كانی سه‌رده‌می نوێی
مرۆڤه‌كان بكات، له‌به‌ر ئه‌وه گۆڕان و به‌ره‌وپێشچوونی
(زمان)یش وه‌كو گۆڕان و به‌ره‌وپێشچوونی ئاده‌میزاد و ته‌واوی
مه‌خلوقاته‌كانی دیكه‌ی خودا‌ش، سووننه‌تێكی خوداییه‌و ده‌بێ
وه‌كو هۆكارێكی به‌هێز و گرنگ و پێویست له ڕه‌وڕه‌وه‌ی
به‌ره‌وپێشچوونی ژیاندا له ته‌واوی زمانه‌كان وه‌دی بێت،
ته‌نیا ئه‌و زمانانه له‌و سووننه‌ته ده‌رده‌چن، كه خودای
گه‌وره مه‌به‌ستیه‌تی له‌نێو بچن و نه‌گه‌نه ڕۆژگارانێكی
دیكه، نمونه‌ی ئه‌وه‌ش گه‌لێ له زمانه كۆنه‌كانی وه‌كو
سانسكریتی و سۆمه‌ری و زمانی نه‌ته‌وه‌كانی هه‌زاره‌كانی
ده‌یه‌م و نۆیه‌م و هه‌شته‌م و هی دیكه‌ی پێش زایینن.
په‌ڕاوێز و
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ
محه‌مه‌د مه‌عروف، زمانه‌وانی، چاپخانه‌ی دار الحكمه،
هه‌ولێر، 1990، لا 114.
2ـ
سه‌رچاوه‌و لاپه‌ڕه‌ی پێشوو.
3ـ
سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا 115.
4ـ
د. مارف خه‌زنه‌دار، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی یه‌كه‌م،
ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2001، 170.
5ـ
دیوانی نالی، ئا: مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و فاتح
عه‌بدولكه‌ریم، به‌غدا، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد، لا 78.
6ـ
نورالدین علی بن ابی بكر الهیثمی المتوفی (807هـ)، مجمع
الزوائد، الجز‌ء 8، ص 123.
7ـ
دیوانی مه‌حوی، لا 439و440.
8ـ
ئه‌مین فه‌یزی به‌گ، ئه‌نجومه‌نی ئه‌دیبانی كورد.
9ـ
د. عزالدین مصطفی رسول، الواقعیه فی اڵادب الكردی، ص 201.
10ـ
دیوانی گۆران.
11ـ
دیوانی حاجی قادری كۆیی، لا 231.
12ـ
مسته‌فا شه‌وقی، وتاری نووسینمان، دوا ژماره‌ی په‌یژه، لا
42.. ئه‌مه‌ش له: (مومتاز حه‌یده‌ری، مسته‌فا شه‌وقی و
په‌یژه، كۆمپانیای چاپخانه‌ی ئه‌دیبی به‌غدادی سنووردار،
به‌غداد، 1985، لا 139و140).
13ـ
نیشتمان، بڵاوكراوه‌ی بیری كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك)، ژماره (2)، ساڵی
یه‌كه‌م، خه‌زه‌لوه‌ری 1322، لا 7و8.
|