|
سێ (یا) و یه‌ك مراوی
نزار سابیر
له‌كوردی "سۆرانی"دا سێ ده‌نگی (ی) هه‌ن كه
سێ ئه‌ركی جیاوازیان هه‌یه، به‌ڵام له كوردی به (ئه‌لفوبێ
عه‌ره‌بی)یه نووسراوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستانی عێراقدا هه‌ر
به‌یه‌ك پیت هێمایان بۆ ده‌كرێت، ئه‌ویش پیتی (ی)ه، كه
له‌قوتابخانه‌كان دا زۆرجار بۆ ئاسانكردنی ناسینه‌وه و
فێربوونی لای منداڵان "یای مراوی"ی پێ ده‌ڵێن.
ئه‌م (ی)انه دووانیان كورت ده‌رده‌گوترێن
(له‌فزده‌كرێن) و توندی ده‌خرێته سه‌ر یه‌كه‌م ده‌نگ حه‌رفی
دوا بڕگه‌ی پێش خۆیان: (ته‌ڕی كرد، ئازادی برای) هه‌رچی
سێیه‌مه‌كه‌یه، درێژ ده‌گوترێت و توندی ده‌خرێته‌سه‌ر ده‌نگ
حه‌رفه‌كه‌ی راسته‌وخۆ پێش خۆی: (ته‌ڕی، ئازادی)
وه‌زیفه‌كانی ئه‌م سێیه ئه‌مانه‌ن:
1ـ
ڕاناوی لكاوه بۆ كه‌سی سێیه‌می تاك.
نموونه: نانی خوارد، لێره‌دا ئه‌و (ی)ه
جێگه‌ی ڕاناوی (ئه‌و)ی گرتۆته‌وه، واته:
ئه‌و نانی خوار.
2ـ
ئامرازی ئیزافه‌كردن یان ته‌مه‌للوكه.
نموونه: نانی نیوه‌ڕۆی خوارد. یان: نانی منه.
3ـ
پاشگرێكه:
یان سیفه‌ت ده‌كات به ناو: (ته‌ڕ
ته‌ڕی) (باش
باشی)
(ئازاد
ئازادی)
یان ناو ده‌كات به سیفه‌ت: ئاو
ئاوی،
خاك
خاكی
عێراق
عێراقی
یان ناوێكی به‌رجه‌سته ده‌كاته حاڵه‌تێكی
نابه‌رجه‌سته: گاوان گاوانی هاوپه‌یمان هاوپه‌یمانی
ڕۆژنامه‌وان ڕۆژنامه‌وانی
یان دواده‌نگ له ده‌نگه‌كانی وشه‌یه‌ك
پێكده‌هێنێت: چی، یاری، سلێمانی، ناڵی.
نووسینی ئه‌م سێ ده‌نگه هه‌ر به حه‌رفی (ی)
بێ كێشه نییه. دیاره له تیپێكی تۆپتۆپێن دا یه‌ك (حه‌مه)
ناو هه‌بێت باشتره له‌سیان، چونكه لێكچوون و لێتێكچوون ئاسان
ده‌بن به‌خزم، سپاردنی پتر له وه‌زیفه‌یه‌ك به ده‌نگ حه‌رفێك
یان به وشه‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر جاران وه‌ك كه‌ره‌سته بۆ (جیناس) و
(موعه‌مما)ی شیعری كلاسیك جێ هێز بووایه، ئه‌وا ئه‌مڕۆ بۆ
ڕوونی و ڕه‌وانی لێكگه‌یشتن له‌سه‌رده‌می شۆڕشی زانیاری‌دا
بێگومان جێ لاوازییه.
نووسینی ئه‌م سێ ده‌نگه وه‌زیفه‌ی جیاوازه
كتومت به‌هه‌مان حه‌رفی (ی) هه‌م ده‌بێته هۆی مه‌به‌ست
لێتێكچوون و هه‌م ده‌بێته هۆی شێواندنی خێرایی و ڕه‌وان
خوێندنه‌وه. به‌تایبه‌تی كه ئیحتیماله‌كانی كۆبوونه‌وه‌و
به‌سه‌ریه‌كدا هاتنی هیچ نه‌بێت دووانیان گه‌لێك زۆرن.
ته‌ماشایه‌كی ئه‌م نموونانه بكه:
بارام ئازادی ڕۆژنامه‌وانی بینی.
بارام ئازادی ڕۆژنامه‌وانیی بینی.
بارام ئازادیی ڕۆژنامه‌وانیی بینی.
ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كه كوردی ئێرانی هه‌ڵبژارد.
ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كه كوردیی ئێرانی هه‌ڵبژارد.
ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كه كوردیی ئێرانیی هه‌ڵبژارد.
نووسه‌رانی ئێمه، كه زۆربه‌یان هه‌ر به
"هه‌ست" كوردی ده‌نووسن و سه‌ر له ڕێزمانه‌كه‌ی ده‌رناكه‌ن،
هه‌ندێك جار ئه‌وه‌نده بێباكانه ده‌نووسن، كه ئه‌گه‌ر بێت و
بۆ نموونه بنووسن: "یاری من جوانتره له‌هی تۆ"، نازانیت
مه‌به‌ستیان له "یار"ه یان له "یاری"ه، هه‌ندێكیش، كه
ده‌رك به‌م كێشه‌یه ده‌كه‌ن، هه‌ر جاره‌ی به‌جۆرێك و هه‌ر
یه‌كه به‌ڕێگه‌ی خۆی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌ده‌ن.
بۆ نموونه هه‌ندێك بۆ جوداكردنه‌وه‌ی
جۆره‌كه‌ی سێیه‌م دوو (ی) به‌سه‌ریه‌كه‌وه دنووسن: ڕۆشنبیریی،
هاوپه‌یمانیی.
هه‌ندێك ته‌نیا ئه‌وكاته دوو (ی)
به‌سه‌ریه‌كه‌وه ده‌نووسن، كه (ی)ه‌كه‌ی جۆری سێیه‌م جۆری
یه‌كه‌م یان دووه‌می به‌دوادابێت، ئه‌مه‌ش دیاره بۆ ئه‌وه‌ی
سێ (ی) به‌سه‌ریه‌كه‌وه نه‌یه‌ن: ده‌ستووری كاتیی ده‌وڵه‌ت،
هاوپه‌یمانیی كوردستان.
هه‌ندێكیش (ی)ه كورته‌كانی ئیزافه و ڕاناو
به‌جودا له‌دوای (ی)ه پاشگره درێژه‌كه‌وه ده‌نووسن. تۆفیق
وه‌هبی، كه وه‌ك زمانه‌وانێكی شاره‌زا گرنگی
لێكجوداكردنه‌وه‌ی ئه‌و (ی)انه‌ی ده‌زانی، له كتێبۆكه‌كه‌ی
(قواعد اللغه الكردیه)ی ساڵی 1956ی دا به‌م شێوه‌یه‌ی
نووسیوه: كوێرایی دائه‌هات.
دیاره ئه‌وكاته له‌ڕووی ته‌كنیكی
چاپكردنه‌وه ئیمكانییه‌تی ئه‌وه نه‌بووه، دوو (ی)
به‌سه‌ریه‌كه‌وه بنووسرێن به‌بێ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه بلكێنرێن.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌مه هه‌یه. بۆیه هه‌ندێك نووسه‌ر وه‌های
ده‌نووسن: كوێرایی دائه‌هات، هاوپه‌یمانیی كوردستان، ده‌ستووری
كاتیی ده‌وڵه‌ت.
ئه‌م ڕێنووسه دوایین چاره‌سه‌رێكی
تاڕادده‌یه‌ك باشه، به‌ڵام هێشتا ته‌واو نییه، چونكه زۆرجار
له‌داڕشتنی ڕسته‌یه‌كدا دوو وشه به‌سه‌ریه‌كدا دێن، كه به
(ی)ی درێژ كۆتاییان هاتووه. بۆ نموونه:
"ده‌سته‌ڵاتی
سیاسی زمانی كوردی هه‌روه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی سیاسه‌ت ته‌ماشا
ده‌كات".
له‌م ڕسته‌یه‌دا ڕه‌نگه گه‌لێك زه‌حمه‌ت
نه‌بێت، به ته‌واوكردنی خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو ڕسته‌كه
له‌مانای ڕسته‌كه تێبگه‌یت. واته، مانای وشه‌كان ڕێنوێنیت
بكه‌ن، كه ده‌سته‌واژه‌ی "ده‌سته‌ڵاتی سیاسی" بكه‌ره‌و "زمانی
كوردی" ته‌واوكه‌ره یان (مفعول به)ه، كه وه‌ك
كه‌ره‌سته‌یه‌كی سیاسه‌ت ته‌ماشا ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر
وشه‌ی "زمان"مان له‌ڕسته‌كه ده‌رهێناو "كوردی"مان به‌ته‌نیا
نووسی، وه‌ك چۆن ده‌ڵێین "ئینگلیزی" یان "فارسی" به‌بێ
ئه‌وه‌ی شه‌رت بێت، هه‌میشه "زمان" له‌پێشیانه‌وه
دووباره‌بكه‌ینه‌وه:
"ده‌سته‌ڵاتی
سیاسی كوردی، هه‌روه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی سیاسه‌ت ته‌ماشا ده‌كات".
لێره‌دا مرۆڤ یه‌كسه‌ر هه‌ر سێ وشه‌كه‌ی
"ده‌سته‌ڵاتی سیاسی كوردی" وه‌كو بكه‌ری ڕسته‌كه تێده‌گات و
به‌سه‌ریه‌كه‌وه ده‌یانخوێنێته‌وه. چونكه (ی)ه‌كانی كۆتایی
وشه‌كان پێش هه‌موو شتێك وه‌ها دێنه‌ڕوو كه وشه‌كه‌ی دوای
خۆیان وه‌كو سیفه‌ت ئیزافه‌بكه‌ن. ته‌نیا پاش ته‌واوبوونی
خوێندنه‌وه‌ی ڕسته‌كه بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه شتێك
له‌ڕسته‌كه‌دا كه‌مه‌و مانا نابه‌خشێت.
ئه‌مه به‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، كه (ی)ه
درێژه‌كه‌ی جۆری سێیه‌م وه‌كو حه‌رف له‌دووانه‌كه‌ی دیكه
جودابكرێته‌وه، تا یه‌كسه‌ر له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا له‌ڕێی
هێماكانیانه‌وه لێكبناسرێنه‌وه، نه‌ك پاش ته‌واوكردنی
خوێندنه‌وه‌ی ڕسته‌كه‌و له‌ڕێی ماناكه‌یه‌وه. به‌شێكی
گرفته‌كه له‌وه‌دایه، مرۆڤ به‌مه‌ودای ئیمكانییه‌ته
له‌به‌رده‌ستدابووه‌كانی (ئه‌لفوبێ)وه به‌ستراوه‌ته‌وه.
ڕه‌نگه له ئه‌لفوبێ لاتینییه‌كه‌دا ئه‌و جوداكردنه‌وه‌یه
ئاسانتر بووایه، ئه‌وه‌ش به به‌كارهێنانی حه‌رفی
(y) بۆ
(ی)ه درێژه‌كه و حه‌رفی
(i) بۆ
كورته‌كان):
hawpeymanyi Kurdistan.
من ده‌بینم، له‌سۆرانییه به‌لاتینی
نووسراوه‌كه‌شدا، هه‌روه‌كو لای كورمانجی بۆ (ی)ه درێژه‌كه
هه‌ر حه‌رفی
(i) یان
(i)ی
چوكڵه به‌سه‌ر به‌كارده‌هێنرێت. به‌ڵام ده‌بێ ئێمه ئه‌وه
بزانین، كورمانجی كێشه‌ی ئه‌م (ی)ه زۆرانه‌ی نییه. له
كورمانجیدا ڕاناوی لكاو له حاڵه‌تی ڕابردوودا نییه (نموونه:
ئه‌وی نان خوار) و ئامرازی ئیزافه‌كردن و ته‌مه‌للوكیش
به‌گوێره‌ی نێر و مێ و تاك و كۆ ده‌گۆڕێت (نموونه: دایكا من،
بابێ من، به‌رخێن مه)
له ئه‌لفوبێ عه‌ره‌بییه‌كه‌دا، كه
له‌هه‌ردوو دیوی عێراق و ئێران دا"سۆرانی"ی پێ ده‌نووسرێت،
گه‌ره‌كه بۆ (ی)ه درێژه‌كه حه‌رفێكی نوێ په‌یدابكرێت یان
ده‌ستكاری (ی)ه‌كه‌ی ئێستا به‌شێوه‌یه‌ك بكرێت كه ئاشكرا
جودابكرێته‌وه. كۆڕی زانیاری كورد، كه نووسه‌ره‌كانی له
حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوودا هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م
گرفته‌یان دابوو، بۆ (ی)ه درێژه‌كه (ی)ه‌كی داش به‌سه‌ری
به‌كارده‌هێنا. من وه‌های به باشتر ده‌زانم، حه‌رفێكی ته‌واو
جودا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته په‌یدا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ودای
تێكه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵا كورته‌كان دا ته‌واو ته‌نگ ببێته‌وه. خۆ
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كرێت، (ی)ه داش به‌سه‌ره‌كه‌ی كۆڕ
ئیلاجێكی خراپ نییه، هه‌تا ئه‌و جۆره یایه‌ش له‌چاپخانه‌كان
دا داده‌ڕێژرێت و وه‌ك فۆنتیش بۆ كیبۆردی كۆمپیوته‌ره‌كان
حازرده‌كرێت، ئه‌وه پێشنیار ده‌كه‌م، كه (ی) ـ وه‌ك ئه‌وه‌ی
له عه‌ره‌بی دا هه‌یه ـ به‌كاربێت، به‌شه‌رتێك به (ی)ه
كورته‌كه‌وه نه‌لكێنرێت ئه‌گه‌ر به‌دوایدا هات، به‌و شێوه‌یه
ڕادێین ئه‌گه‌ر له كۆتایی وشه‌یه‌كدا هێمای (ی)مان بینی،
یه‌كسه‌ر بزانین ئه‌وه نه ئامرازی ئیزافه‌كردنه بۆ وشه‌كه‌ی
دوای خۆی، نه ڕاناوی لكاوه بۆ كه‌سی سێیه‌می تاك. ئه‌و
كاته‌ش، ئه‌و پشووه كورتانه‌ی له ڕسته‌سازیدا به‌پێی پێویست
ئۆتۆماتیكییانه له‌كاتی قسه‌كردن دا ڕه‌چاویان ده‌كه‌ین،
له‌خوێندنه‌وه‌ش دا ده‌یانكه‌ین. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر
ڕسته‌كه‌ی سه‌ره‌وه به‌م شێوه‌یه ببینین: "ده‌سته‌ڵاتی سیاسی
كوردی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی سیاسه‌ت ته‌ماشا ده‌كات". و
ئاگاداری ئه‌وه‌ش بین، كه (ی) و (ی) دوو حه‌رفی وه‌كو (ر) و
(ڕ) جودان، ئه‌وسا "كوردی" وه‌كو سیفه‌تی ئیزافه‌كراو بۆ
"ده‌سته‌ڵاتی سیاسی" نابینین و پشووه‌كه‌ی نێوانیشیان له
خوێندنه‌وه‌دا ڕاده‌گرین. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌روه‌كو گوتمان، ئه‌و
دوو حه‌رفه له‌شێوه‌دا ته‌واو جودا بن، ئه‌وا
لێكتێكه‌ڵبوونیان زه‌حمه‌تتر ده‌بێت.
ده‌بێ ئه‌وه بزانین، ڕێنووس ته‌نیا
ڕه‌سمكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه نییه كه له ممانه‌وه
دێنه‌ده‌ری، به‌ڵكو هه‌روه‌ها داڕشتنه‌وه‌ی بێنراوانه‌ی ئو
ڕێسا زمانه‌وانییانه‌یه كه هۆشمان پێیان ده‌شكێت. ڕێنووس
نووسینه‌وه‌ی ته‌نیا ئه‌وه نییه، به‌گوێ ده‌بیستین، به‌ڵكو
هی ئه‌وه‌شه، به ئه‌قڵا ده‌یزانین، نه‌خشاندنی ته‌نیا
فۆنه‌تیك نییه، به‌ڵكو هه‌روه‌ها هی ڕێزمانیشه. تۆ
له‌ئینگلیزی دا كه قسه ده‌كه‌یت ده‌ڵێیت (ئیتس
its)،
به‌ڵام نانووسیت
(its)،
به‌ڵكو ده‌نووسیت
(it it
یان its)
ئه‌و
چوكڵه‌یه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، كه ده‌نگێك له‌و نێوانه‌دا
له‌به‌ر پێداویستیی فۆنه‌تیك خواره‌وه. له ئه‌ڵه‌مانی دا
ناوانی وه‌كو
(Rad
ڕاد، واته ڕێچكه) و
(Rat
ڕات، واته كۆڕ یان ئه‌نجومه‌ن) كه ده‌كرێن به‌كۆ، وه‌ها
ده‌رده‌گوترێت
(Rede
ڕێده،
Rete
ڕێته)
بۆیه له‌كۆنیشدا هه‌روه‌ها ده‌نووسران. به‌ڵام
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه به‌م شێوه نووسینه‌یان له‌گه‌ڵا
ناوان و كردارانی وه‌كو
(Rede
قسه، Rete
ڕزگاربكه یان ڕزگار ده‌كه‌م) تێكه‌ڵا ده‌بوون، هاتن حه‌رفی
(ä) یان
داهینا. به‌و شێوه‌یه، كۆی
(Rad و
Rat و
هتد) بوو به
(Räde و
Räte
و هتد)
له كوردی یشدا، هه‌رچه‌نده كاتێك ئه‌و
(یا)انه) به‌سه‌ر یه‌كدا دێن ده‌نگه‌كانیان تێكه‌ڵا ده‌بن،
به‌ڵام ده‌بێ هه‌ر بنووسرێن. بۆ نموونه، كه ده‌نووسێت
(یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ده‌ستووری كاتی به‌ڕێوه‌بردنی
ده‌وڵه‌ت، هاوپه‌یمانی كوردستان)، ڕه‌نگه ئه‌مڕۆ بۆ كه‌سێكی
دانیشتووی كوردستانی عێراق هیچ گرفتێك نه‌بێت، له
مه‌به‌سته‌كانیان تێبگات. به‌ڵام ڕه‌نگه بۆ كوردێكی ئێران،
كه ئاگای له پشته‌كییه عه‌ره‌بی یه‌كان نییه، یان كورمانجی
توركیا یان بێگانه‌یه‌ك، كه خۆیان فێری سۆرانی ده‌كه‌ن، یان
كوردێك كه له ئاینده‌یه‌كی دووردا ئه‌م جۆره ده‌ربڕینانه
له‌شێوه‌ی تێكستی دۆكه‌مێنتان دا ده‌كه‌ونه به‌رده‌می،
زه‌حمه‌تبێت به‌هه‌مان مه‌به‌ست لێیان تێبگات. ئه‌وكاته
ده‌كرێ ئه‌مانه وه‌ها بێنه تێگه‌یشتن، كه به عه‌ره‌بی
بكه‌نه‌وه (اتحاد وگن كردستان، ده‌ستور زمن اداره الدوله،
حلیف كردستان) بۆیه ده‌بێ (یا)كان به‌دوای یه‌كدا بنووسرێن و
بۆ (یا) درێژه‌كه‌ش، وه‌كو پێشتر باسم كرد، من جارێ حه‌رفی
(ی) پێشنیار ده‌كه‌م: (یه‌كیتیی نیشتمانیی كوردستان، ده‌ستووری
كاتیی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، هاوپه‌یمانیی كوردستان) یان بۆ
نموونه (دیكتاتۆریی به‌عس ئازادیی كوشت)
بۆ لێكگه‌یشتنی خێراتر و پاسپاسێنی باشتر
له‌تیپی تۆپتۆپێنه‌كه‌دا منداڵان كۆڵانان بیركردنه‌وه و
خۆماندووكردنێكی زۆریان ناوێت، تا "حه‌مه"كان به‌ناونیشانی
دیكه لێك جودابكه‌نه‌وه. به‌ڵام ـ ئه‌و با بڵێین ـ "ڕیفۆرمه
زمانه‌وانییه"ی له تیپێكی چه‌ند كه‌سیدا به‌حوكمی زه‌رووره‌ت
دێته پێشێ و ئاسان و ئۆتۆماتیك دێ به‌ده‌سته‌وه، مه‌رج
نییه له‌نێو گروپێكی چه‌ند ملیۆنیدا، كه هه‌زاران كه‌س
له‌خوێندنگه‌كان و فه‌رمانگه‌كان و ڕۆژنامه‌كان و
ته‌له‌فزیۆنه‌كان دا تاك تاك و تیپ تیپ خه‌ریكی تۆپتۆپێنی
زمانن، وه‌ها ئاسان و ئۆتۆماتیك به‌ده‌سته‌وه بێت.
له گه‌لێك ووڵاتدا، كه ده‌رك به گرنگیی
كارایی و ووردێتی ئامرازی زمان له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری
ده‌وڵه‌ت و میلله‌تدا ده‌كرێت، سیاسه‌ت ئه‌ركی ڕێكخستن و
شه‌رعییه‌ت پێ دان و گشتاندنی ڕیفۆرمه زمانه‌وانییه‌كان
ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌زگای "ڕێنووسی
orthography"
هه‌یه، كه
بڕیاره‌كانی ده‌بنه ڕه‌سمی پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی
ڕۆشنبیرییه‌وه په‌سه‌ند ده‌كرێن. ئه‌وجا ئه‌گه‌ر هات و
بڕیاردرا له‌سه‌ر گۆڕینی شێوه‌ی نووسینی ده‌نگێك، لكاندن و
جوداكردنه‌وه‌ی پاشگرو پێشگرێك، جوداكردنه‌وه‌ی یان
به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌نووسینی وشه‌یه‌كی پێكه‌وه‌نراو، یان بۆنه و
جێ به‌كارهێنانی داشێك یان كۆمایه‌ك، ئه‌وا، هه‌روه‌كو
له‌هه‌ردوو ڕێنووسه كۆن و تازه‌كه قبووڵا ده‌كرێن. به‌ڵام
پاش به‌سه‌رچوونی ماوه‌كه ئیدی ده‌بێ قوتابخانه‌كان و
ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه و هتد پابه‌ندی
گۆڕانكارییه‌كان بن.
له‌كوردستانی خۆمان دا، كه حكومه‌ته‌كانی
هه‌رێم به‌و هه‌موو وه‌زاره‌ته زۆر و زه‌به‌ندانه‌یانه‌وه
هێشتا ده‌ركیان به گرنگیی ئه‌وه نه‌كردووه، له‌دوو
ڕێیانه‌كانی نێوان شاره‌كاندا به‌دوو پارچه نووسین
به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك‌و پێك ڕێنووێنیی لێخوڕان بكه‌ن، تۆزێك زۆر و
ساویلكانه‌یه، حاڵی حازر چاوه‌ڕێ‌ی ئه‌وه له سیاسه‌ت
بكه‌یت، ده‌رك به گرنگیی چاكردنی ڕێنووسی به‌رده‌ستی منداڵانی
قوتابخانه و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌كه‌ی خۆی بكات.
به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگرێته‌وه، نه‌كه‌وینه
چاكردن و گونجاندنی زمان و ڕێنووسه‌كه‌مان. كوردی ئه‌وه‌نده‌ی
كوردستان داماوی ئاوه‌دانكردنه‌وه و چاكردن و ڕێكخستنه. بۆ
ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك خه‌ڵكه‌كه له‌م پرسه
به ئاگابهێنین. ئه‌وه‌ش به‌كردنی به‌مه‌وزووع و كه‌ره‌سته‌ی
موناقه‌شه له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌و میدیا بینراو و
بیستراوه‌كان. له‌م حاڵه‌ته‌دا باشتر وه‌هایه، به‌تایبه‌تی
ڕۆژنامه‌كان بۆچوون و پێشنیاره‌كانی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو و جارێ
پێڕه‌وی ئه‌و ڕێنووسه بكه‌ن كه به‌ڕاستترینی ده‌زانن. به‌مه
هیچ نه‌بێت ده‌گه‌ینه بینینی ڕێنووسانێك، كه له ئاگاوه
په‌یدابوون نه‌ك هه‌ر له خۆوه و بێ بیركردنه‌وه. ئه‌مه‌ش
ڕه‌نگه له‌كۆتایدا بمانگه‌یه‌نێته ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر به‌شێك
له پێشنیاره‌كان، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌مووشیان نه‌بێت.
|