|
پیاوێك بۆ لێ‌فێربوون
د. شێركۆ حه‌مه ئه‌مین-
زانكۆ كۆیه
نزیكه‌ی حه‌فتا ساڵ به‌ر له‌ئێستا له‌خێزانێكی
شاری سلێمانی منداڵێك له‌دایك بوو، دواتر مرۆڤێكی لێده‌رچوو،
كه‌م وێنه یان هه‌ر نه‌بوو، ئه‌م مرۆڤه مه‌زنه مامۆستای
هه‌موومان پرۆفیسۆر محه‌مه‌د مه‌عروف فه‌تاح بوو. به‌نده
به‌خت یاوه‌رم بوو كه له سێ وێستگه‌ی ژیانمدا وه‌ك
خویندكارێكی له هه‌ڵسوكه‌وت و زانسته‌كه‌ی كه‌ڵكم وه‌رگرت.
زێده‌ڕۆیی ناكه‌م كه ده‌لێم یه‌كێكم له مرۆڤه
به‌خته‌وه‌ره‌كان، ئه‌و سێ وێستگه‌یه‌ی ژیانم قۆناغه‌كانی
به‌كالۆریۆس، ماسته‌ر، دكتۆرا بوون، باسی ئه‌و زانسته ناكه‌م
كه لێوه‌ی فێربووم، چونكه قه‌ڵه‌می بابایه‌كی وه‌ك من
ناگاته دوندی زانستی مامۆستای هه‌موومان، به‌نده‌لێره‌دا
به‌شێكی بچوك له‌و هه‌زاران وانه ئاكاریییه‌ی له
هه‌لسوكه‌وتییه‌وه فێربووم ده‌نووسم، ئه‌ویش(ساده‌یی و خاكه
ڕاییه)
ئه‌و فێری كردین چه‌نده زانا‌و دانا بێت،
بارته‌قای ئه‌وه‌ش پێویسته ساده‌و قه‌له‌نده‌ری ڕێگای زانست
بێت ، ئای چه‌ند گه‌وره كه به ته‌نیا به ته‌له‌فۆنێك دڵی
بۆ چه‌ندین خوێندكار ڕۆشن ده‌كرده‌وه.
ئای چه‌نده شیرین و خاكه ڕابوویت، كه
به‌ده‌م ڕێگاشه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌ت ده‌دایه‌وه ،كه
ده‌هاتنه لات‌و گرێكوێره‌ی پرسیاره‌كانت بۆ ده‌كردنه‌وه ،
لایه‌نێكی دی ئه‌و خۆ به‌كه‌م زانین و خاكه‌ڕاییه‌ی مامۆستای
هه‌موومان له ئاخاوتن و هه‌ڵسوكوتی له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ردا
ده‌بینرا ، له سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه تا دوا
ساته‌كانی ماڵئاوایی خولیای كتێب و زانستی نوێ له ناخیدا
نه‌سره‌وت ، ئای چه‌ند ڕۆژانێكی پڕ یادگاری شیرین و مه‌زنن
له‌لام كه له خزمه‌تیدا ده‌بووم و پێكه‌وه ده‌چوینه
كتێبخانه‌ی ناوه‌ندی زانكۆی كۆیه ،وه‌ك خوێندكارێكی سه‌ره‌تای
فێربوون به ناو دۆڵابه‌كاندا ده‌گه‌ڕا ، ئه‌م چه‌ند دێره
به‌م به‌سه‌رهاته كۆتایی پێده‌هێنم ، ڕۆژی 15/5/2010 له
زانكۆی سلێمانی كۆبوونه‌وه‌ی به‌شه ئینگلیزییه‌كان بوو ، به
ڕێكه‌وت دوای ته‌واو بوونی كۆبونه‌وه‌كه به خزمه‌تی گه‌شتم،
دوای ماوه‌یه‌ك وه‌ستان و قسه‌و باس، داوای له كۆمه‌ڵێك
مامۆستاكان كرد كه‌له‌گه‌ڵیدا بوون پێش ئه‌وه‌ی بڕۆن بۆ نان
خواردنی نیوه‌ڕۆ، سه‌ردانی كتێبخانه‌ی زانیار بكه‌ن، كه
تایبه‌ته به سه‌رچاوه‌ی ئینگلیزی ،ئه‌مه نزیك كاتژمێر یه‌كی
نیوه‌ڕۆ بوو، (د. هۆشه‌نگ فاروق) شاهیدی ئه‌م به‌سه‌رهاته‌یه،
ئه‌مه‌یه گه‌وره‌یی و شه‌یدای زانست و تا دواسانی ژیان
هه‌وڵدان بۆ فێربوون.
هه‌زاران سڵاو له‌گیانی پاكت، ئاسووده بنوو،
شاهانه ژیایت ، شاهانه له دنیای ده‌رچویت، ناوێكی بۆ
هه‌تاهه‌تا زیندوو، تۆ ته‌نها به لاشه له‌ناوماندا نه‌مایت
به‌ڵكو هه‌ژمونت به سه‌ر هه‌موومانه‌وه‌یه ، ئه‌ی هه‌موومان
خودا به‌هه‌شتت بداتێ
.
|