|
تۆێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی زمان
و:كاوه
عه‌بدولكه‌ریم شێروانی- مامۆستا له زانكۆی سه‌لاحه‌دین
بواری
لێكۆڵینه‌وه‌كه:
كۆزمانه‌وانی
(sociolinguistics)
بوارێكه له پێوه‌ندی نێوان زمان و كۆمه‌ل، پێوه‌ندی نێوان
به‌كارهێنانی زمان و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی ئه‌و
كه‌سانه‌ی زمانه‌كه به‌كاردێنن، ده‌كۆڵێته‌وه. بوارێكی
لێكۆلینه‌وه‌یه پێیوایه كۆمه‌ڵ له چه‌ندین ره‌فتارو پاتێرنی
په‌یوه‌ست به‌یه‌ك پێكهاتووه، كه هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندییان
به زمانه‌وه هه‌یه.
یه‌كێك له
به‌كارهێنانه سه‌ره‌كیه‌كانی زمان، گه‌یاندنی مانایه، به‌ڵام
ئه‌ركی زمان ته‌نها ئه‌مه نییه، به‌ڵكو بۆ وه‌ده‌ستهێنان و
دامه‌زراندنی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش به‌كاردێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یری پێوه‌ندی نێوان دایكێك و منداڵێك بكه‌ین،
ده‌بینین زۆربه‌ی ئاخاوتنه‌كانیان ده‌رباره‌ی بره‌وپێدان و
به‌هێزكردنی بۆندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوانیانه، سه‌یری گفتوگۆی
نێوان دوو هاوڕێ بكه، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ده‌ربڕی
باشتركردنی پێوه‌ندی هاوڕێیه‌تی نێوانیانه. كه كه‌سانی نامۆ‌و
غه‌ریب ده‌بینی، شێوه‌ی قسه‌كردنیان باكگراوندی كۆمه‌ڵایه‌تی و
جوگرافییان ده‌رده‌خات، شێوه‌ی قسه‌كردنی تۆش ئاماژه‌ی شاراوه
یان ئاشكرا‌و زه‌قی تێدایه دره‌باره‌ی بۆچوونی تۆ به‌رامبه‌ر
ئه‌وان. كۆزمانه‌وان له‌و لایه‌نانه‌ی زمان ده‌كۆڵنه‌وه كه
باسكران.
له ماوه‌ی
نزیكه‌ی ئه‌و سی ساڵه‌ی كه تیایدا وه‌ك لقێكی توێژینه‌وه‌ی
زانستیانه‌ی زمان ناسراوه، كۆزمانه‌وانی به‌شێوه‌یه‌ك گه‌شه‌ی
كردووه كه بووه به بوارێكی هه‌ره گرینگ و گرێدراوی
زمانه‌وانی. ئه‌م چه‌مكه بواره بنچینه‌ییه‌كانی زمانه‌وانی
وه‌سفی و مێژوویی ( فۆنۆلۆجی و مۆرفۆلۆجی و سینتاكس) له
بواره نوێیه تێكچرژاوه‌كانی وه‌ك زمانه‌وانی ده‌ررونی (psycholinguistics)
و زمانه‌وانی كرداره‌كی (Applied
linguistics) و ده‌ماره زمانه‌وانی
(neurolinguistics)
و كۆزمانه‌وانی ( sociolinguistics
) یان سۆسیۆلۆژیای زمان جیاده‌كاته‌وه. به‌هۆی كه‌رتبوونی له
نێوان كۆمه‌ڵناسی (یه‌كێك له باوانه‌كانی ئه‌م زانسته) و
زمانزانیه‌وه (باوانه‌كه‌ی تری) ، لێكۆله‌رانی بواری
كۆزمانه‌وانی خۆیان پاراستووه له‌وه‌ی كه بكه‌ونه نێو
سنووری سه‌ختی یه‌ك تیۆر، یان بكه‌ونه ژێر داڵده و په‌ناگه‌ی
دیاریكراوی یه‌ك ده‌سته‌ی پرۆفیشناڵ. ئه‌وان میتۆدی جیاواز بۆ
ئه‌و فره بابه‌تانه به‌كاردێنن، كه یه‌ك ڕایه‌ڵ
به‌یه‌كه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه: زمان و به‌كارهێنانه‌كانی
له كۆنتێكستی كۆمه‌ڵایه‌تی.
له ڕاستیدا
هه‌ندێ له كۆزمانه‌وانان پێیان وایه كه ناكرێ به
شێوازێكی تر له زمان بكۆڵرێته‌وه. پێیان وایه كه گه‌ڕانی
زمانزانه فۆرمه‌له‌كانی وه‌ك (نه‌عۆم چۆمسكی) به دوای
زمانه‌وانیه‌كی سه‌ربه‌خۆ ، به ئامانجی وه‌سفكردنی كارامه‌یی
نمونه‌یی(idealized competence)
كه‌سێكی تاك زمانی نمونه‌یی (idealized
monolingual) له كۆمه‌ڵێكی
ئاخاوتنی تاك چه‌شنی نمونه‌یی، چاره‌نووسه‌كه‌ی نوشست هێنانه،
هه‌روه‌ك چۆن هه‌وڵه‌كانی پێشووتری زمانزانه پێكهاته‌گه‌راكان
(Structuralists)
بۆ لێكۆڵینه‌وه له پێكهاته‌ی زمان به‌بێ گرینگی‌دان به
مانا، شكستی هێنا.
له‌كاتێكدا
كه (نه‌عۆم چۆمسكی) له زۆر لایه‌نی زمانه‌وانیدا پێشڕه‌و
بوو، شۆرشی هه‌ڵگیرساند له لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی
زمان وه‌ك سیسته‌مێكی پشت به‌خۆ به‌ستوو، به‌دوای زمانزانانی
پێكهاته‌گه‌رایی وه‌ك (لیونارد بلۆمفێلد) كه‌وت، مه‌به‌ستی بوو
كه پێكهاته‌یه‌كی رێزمانی (یونیڤێرسه‌ڵی سه‌ره‌كی)
بدۆزێته‌وه، كه بتوانێ حیساب بۆ ئه‌و وێكچونانه بكات كه
له پێكهاته‌ی زمانه‌كاندا هه‌ن ، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست
به‌وه بكات كه گوێ به‌و كۆنتێكسته كۆمه‌ڵایه‌تیه بدرێ
كه زمانه‌كه‌ی تێدا به‌كاردێت. (چۆمسكی) پێی وایه كه بوونی
هه‌مه‌چه‌شنی و شێوه‌ی جیاجیای زمان، سه‌ر له زمانه‌وان تێك
ده‌دات و وای لێده‌كات كه ئه‌و سیسته‌مه ئه‌بستراكته جوانه
نه‌بینێ كه زمانی مرۆڤ له سیسته‌مه‌كانی تری پێوه‌ندیكردن
جیاده‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌لای كۆزمانه‌وانه‌وه (sociolinguist)
گرنگترین راستی حاشا هه‌ڵنه‌گر ئه‌وه‌یه كه زمان ،هه‌ر
زمانێك، پڕه له شێوه‌زاری سیسته‌ماتیكی، ئه‌م
هه‌مه‌چه‌شنیه‌ش ده‌كرێ حیسابی بۆ بكرێ ته‌نها له ڕێگه‌ی
گرینگی‌دان به ڕاستی و هێزه هاوپه‌یوه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان
له ده‌ره‌وه‌ی خودی زمان.
كۆزمانه‌وان
به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێ كه هه‌مه‌چه‌شنی زمانه‌وانی بۆ باره
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش ته‌نها
هه‌مه‌چه‌شنی سینكرۆنیكی (هه‌مه‌چه‌شن له كاتێكی دیاریكراودا)
ڕوون ناكه‌نه‌وه، به‌ڵكو هه‌مه‌چه‌شنی دایكرۆنیكی
(هه‌مه‌چه‌شن به درێژایی كات) و گۆڕانی زمانیش روون
ده‌كاته‌وه.
تێكه‌ڵبوون و
تێكئاڵانی ڕاستیه زمانی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، زۆر پێویستن بۆ
ڕێبازی كۆزمانه‌وانی. پێش ئه‌وه‌ی منداڵان بتوانن به روونی
قسه بكه‌ن. شێوازێكی جیاواز و تایبه‌ت به‌خۆیان
په‌ره‌پێده‌ده‌ن و به‌كاریده‌هێنن له كاتی قسه‌كردن له‌گه‌ڵ
هه‌ركه‌سێك یان شتێكی له خۆیان بچوكتر. كه گه‌وره‌ش ده‌بن
شێوازی جیا جیای ئاخاوتن فێرده‌بن، كه ئه‌مه‌ش له كۆتاییدا
ده‌بێته ستایلێكی ناسراوی تایبه‌ت به خۆیان. له ته‌مه‌نی
پێنج ساڵاندا، منداڵان هه‌وڵده‌ده‌ن رۆڵی جیا ببینن و لاسایی
شێوازی قسه‌كردنی جیاجیای خه‌ڵك بكه‌نه‌وه. ئه‌م
هه‌مه‌چه‌شنییه كه‌مه‌ی زمان كه هه‌موو كه‌سێكی په‌روه‌رده
بوو له ژینگه‌یه‌كی ئاسایی‌دا فێری ده‌بێ، ده‌كرێ بۆ
ناسینه‌وه‌مان، یان ناسینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه قسه‌یان
له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، یان دیاریكردنی ئه‌و بابه‌ته‌ی كه قسه‌ی
له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌كاربهێندرێت. یه‌ك شێوازی یان قسه‌كه‌ری
یه‌ك شێوه‌زار بوونی نییه؛ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاخاوتن نییه
كه هه‌ڵبژاردنی چه‌ند چه‌شنێكی له‌به‌رده‌م ئاوه‌ڵا نه‌بێت؛
ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌یه‌ك زمان قسه ده‌كه‌ن، زۆر
كه‌مترن له‌وه‌ی ئاخێوه‌رانی ئینگلیزی بیری لێده‌كه‌نه‌وه.
بوونی
هه‌مه‌چه‌شنی و شێوه‌زاری جیاجیا له زماندا، وا ده‌كات كه
خۆمان و كه‌سانی تریش بناسینه‌وه و بزانین كه هه‌ریه‌كه‌مان
سه‌ر به‌گروپێكی دیاریكراوین. پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه به‌م
شێوه‌زارانه‌وه گرێدراوه، وا ده‌كات زمان ببێته
سه‌رچاوه‌یه‌كی هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی. ته‌نها
به‌هۆی هێنانه‌ناوه‌وه‌ی فاكته‌ره زمانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
له ڕاڤه‌كردن و شیكردنه‌وه‌كانی تردا ده‌كرێ حیساب بۆ ئه‌م
ئاڵۆزیی و ره‌فتاره خاوه‌ن رێسایانه بكرێ، ئه‌مه‌ش ئامانجی
كۆزمانه‌وانییه.
ڕێبازه
ته‌واوكارییه‌كان:
به‌خۆلادان
له توندی مشتومڕی ئه‌كادیمیانه، ده‌كرێ بڵێین ڕێبازه
ته‌واوكارییه جیاجیاكانی توێژینه‌وه‌ی زمان، هه‌ریه‌كه
لایه‌نێكی جیای ئه‌م دیارده ئاڵۆزه وه‌رده‌گرێت و ده‌یكاته
دیلی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی. زمانه‌وانی فۆرمه‌ڵ به‌دوای
سیسته‌مێكی یونیڤێرساڵی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌وێ، به به‌كارهێنانی
دیزاین و پێكهاته‌ی مێشكی مرۆڤ هه‌وڵده‌دات بنه‌ما
سه‌ره‌كیه‌كانی زمان ڕوون بكاته‌وه. زمانزانی ده‌روونی
پرسیاری ئه‌وه ده‌كات كه چۆن ئه‌م سیسته‌مه كارده‌كات و چۆن
خه‌ڵكی فێری ده‌بێ یان له ده‌ستی ده‌دات. كۆزمانه‌وان
ده‌پرسێ له كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاخاوتنی زیندوو و ئاڵۆزدا ئه‌م
سیسته‌مه چۆن به‌كاردێت. وه‌ڵامه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌م
پرسیارانه گرنگن بۆ زمانه‌وانی كرداره‌كی، كه له سه‌رووی
هه‌موو شتێكه‌وه، گرنگی به چۆنیه‌تی یارمه‌تیدانی خه‌ڵك
ده‌دات له فێربوونی زمان و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی
كاریگه‌رییانه‌ی زمان له چاره‌سه‌ركردنی كێشه پراكتیكیه‌كانی
ژیانی ڕۆژانه .
هه‌روه‌ك چۆن
زمانه‌وانی فۆرمه‌ل و سایكۆزمانه‌وان گرنگی به زمان ده‌ده‌ن
وه‌ك سیسته‌مێك كه تایبه‌تمه‌ندی یونیڤێرسالی هه‌یه،
كۆزمانه‌وانیش ته‌ماشای په‌یوه‌ندی ئاڵۆزی نێوان
شێوه‌زاره‌كانی نێو زمان و چه‌شنه په‌یوه‌سته‌كانی ئه‌و
گروپه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه زمانه‌كه به‌كاردێنن، ده‌كات.
بۆ له گۆرانیدا ده‌گوترێ "توماتو"، به‌ڵام تۆ ده‌ڵێی
"تومه‌یتۆ". بۆچی من به هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێم"Good
morning" به هه‌ندێ تریش"
Hi "؟ چۆن
(پرۆفیسۆر هیگینس) ده‌زانێ كه كامه به‌شی ئاخاوتنی (ئیلینرا
دولیتل) پێویسته بگۆڕدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌ندامی چینی
سه‌رده‌ست (upper class)،
كۆزمانه‌وانی هه‌مووی ده‌رباره‌ی هه‌مه‌چه‌شنیه، به دوای
لێكدانه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ده‌گه‌ڕێ بۆ هه‌مه‌چه‌شنی و
هه‌مه‌شێوازی له به‌كارهێنانی زماندا.
كۆزمانه‌وان
گرنگی به‌وه ده‌دات چۆن ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاخاوتن
ده‌توانن كاردانه‌وه‌یان هه‌بێ و جیاوازی ده‌ربڕینه
زمانییه‌كانی په‌یوه‌ست به دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و
ئابووری و سیاسی و ئاینیه‌كانی نێو یه‌ك كۆمه‌ڵگای ئاخاوتن
دیاری بكه‌ن، له‌وه‌ی كه پێی ده‌گوترێ ئامانجی مایكرۆییانه‌ی
كۆزمانه‌وانی. زمانه‌وان ده‌یه‌وێ پیشانی بدات چۆن جیاوازییه
تایبه‌تیه‌كان له گۆكردن یان ڕێزماندا وا له ئه‌ندامانی
كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاخاوتن ده‌كه‌ن، كه بڕیار له‌سه‌ر پله‌ی
خوێنده‌واری و باری ئابووری قسه‌كه‌ر بدات. له شاری نیویۆرك،
بۆ نموونه، گۆكردنی وشه‌ی "this"
وه‌ك /دیس/ یان گۆكردنی وشه‌ی "bird"
وه‌ك /بۆید/، ئاماژه‌یه كه توێژی كۆمه‌ڵایه‌تی قسه‌كه‌ر
ده‌رده‌خات. به‌هه‌مان شێوه هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌واژه‌كان
(ئه‌گه‌ر له جیاتی "doctor's office"
بڵێی "doctor's surgery")
به ڕوونی ده‌ریده‌خات كه قسه‌كه‌ری ئینگلیز له چ به‌رێكی
ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌سی ژیاوه. له ڕاده‌به‌ده‌ر به‌كارهێنانی
كلكه‌پرسیار تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كچانی گه‌نجی نیوزله‌ندایه.
زۆر به‌كارهێنانی وشه‌ی ستانداری عه‌ره‌بی تایبه‌تمه‌ندیه‌كی
ئاخاوتنی په‌تیانه‌ی عه‌ره‌به ڕۆشنبیره‌كانه. هه‌روه‌ك چۆن
ئاخاوتن خۆی ناوه‌ڕۆك ده‌گوازێته‌وه، شێوازی ئاخاوتن و
هه‌ڵبژاردنی شێوازێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت زانیاری
كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رباره‌ی قسه‌كه‌ر و گوێگر و په‌یوه‌ندی
نێوانیان پیشان ده‌دات. به مانایه‌كی تر (مارشال ماكوهان)
گوته‌نی، ناوه‌نده‌كه (ئه‌و شێوازه‌ی هه‌ڵبژێردراوه)، خۆی
له خۆیدا ده‌بێته په‌یامێك.
له لایه‌كی
تره‌وه، ئامانجی ماكرۆیی (macro end)
شه‌به‌نگه‌كه، كه هه‌ندێ جار پێی ده‌گوترێ "سۆسیۆلۆژیای
زمان"، كه جیاوازه له كۆزمانه‌وانی، گرنگیپێدانی زانایان
له فینۆمینای زمانه‌وانی تایبه‌ت ده‌گۆڕێت بۆ گرینگی‌پێدانی
سه‌رتاسه‌ری زمان یان چه‌شن ( ئه‌م چه‌مكه به‌كارده‌هێنین بۆ
هه‌ر چه‌شنێك له چه‌شنه‌كانی زمان) له ماكرۆ زمانه‌وانی
هاوشان له‌گه‌ڵ فینۆمینه كه‌لتورییه مرۆڤایه‌تیه‌كانی تر
مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زمان ( زمانێكی تایبه‌تیش) ده‌كه‌ین. بۆ
نموونه، له‌وانه‌یه پرسیار بكه‌ین ده‌رباره‌ی گرنگی گۆڕانی
ته‌واوی زمانی گروپێكی كۆچبه‌ر له وڵاتێكی بێگانه بۆ زمانێكی
نوێ یان پاراستنی زمانه كۆنه‌كه‌یان به‌مه‌به‌ستێكی
دیاریكراو. بۆچی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له ئه‌وروپای باكووره‌وه
كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌مریكا، زۆر به خێرایی واز له زمانه‌كه‌ی
خۆیان ده‌هێنن، له كاتێكدا ئه‌و كۆچبه‌ره ئاسیاییانه‌ی بۆ
ئینگلته‌را كۆچ ده‌كه‌ن، زمانه‌كه‌ی خۆیان به زیندوویی
ده‌پارێزن ؟ چۆن زمانی وێڵزییه‌كان له داگیركردنی ئینگلیز
ده‌ربازبوو، یان چۆن زمانی باسكۆ و كه‌ته‌لان به زیندویی
مانه‌وه له‌ژێر سیاسه‌تی فرانكۆیی و ناچاركردنی به‌كارهێنانی
ئیسپانی كه‌ته‌لانی ؟ له‌وانه‌یه له پێوه‌ندی نزیكی
هه‌ڵبژاردنی زمان و ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بكۆڵینه‌وه،
پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین بۆچی ئه‌م زمانانه ئه‌وه‌نده گرنگن بۆ
مه‌وریه‌كان (Maoris)
و باسكۆییه‌كان (Basques)
و فریسیه‌كان(Frisians)،
به‌شێوه‌یه‌ك ئاماده‌بوون كه كرده‌وه‌ی سیاسیانه بگرنه‌به‌ر
بۆ ئه‌وه‌ی بیانپارێزن. ده‌كرێ پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین كه
بۆچی قسه‌كه‌رانی هه‌ندێ شێوه‌زار زۆر كاریگه‌ر و به‌هێزن،
كه‌چی قسه‌كه‌رانی شێوه‌زاره‌كانی تر به ده‌ستی سیاسه‌تی
جیاكاری ده‌ناڵێنن. ئه‌م پرسیارانه په‌یوه‌ستن به
به‌كارهێنانی سه‌رتاسه‌رییانه‌ی زمان یان شێوه‌زار نه‌ك
جیاوازی تاكه‌كه‌سی، كردنی ئه‌م پرسیارانه‌ش وا ده‌كات كه
توێژینه‌وه له زمان ببێته هۆكارێك بۆ تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵ.
هه‌ندێ له
زانایان ئه‌م جیاوازییه له بیروبۆچوون به‌كاردێننن بۆ
دابه‌شكردنی ئه‌م بواره بۆ دوو به‌ش. ده‌یانه‌وێ
كۆزمانه‌وانی، كه جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی كاریگه‌رییه
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌سه‌ر زمان ده‌كات، له سۆسیۆلۆژیای زمان
جیابكه‌نه‌وه، كه جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی ڕۆڵی زمان له
كۆمه‌ڵگادا ده‌كات. له‌م باسه‌دا، من له هه‌ردوو لایه‌نه‌كه
ده‌كۆڵمه‌وه، گرنگی به شته هاوبه‌شه‌كانی پێوه‌ندی نێوان
زمان و كۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ین، پێویستیش به‌وه ناكات پرایۆریتی
بده‌ینه یه‌كێكیان.
هه‌روه‌ك
ده‌بینین، ژماره‌یه‌كی زۆر له فینۆمینیای پچڕ پچڕ و جیاجیان،
به‌ڵام په‌یوه‌ندیدار هه‌ن كه ده‌كرێ له هه‌ردوو
گۆشه‌نیگاوه سه‌یر بكرێن، له‌وانه بابه‌ته‌كانی وه‌ك زمان و
جێنده‌ر، چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، پلاندانان بۆ زمان،
زمان و ده‌سه‌ڵات، زمان و ئیتنیك، زمان و ناسیۆنالیزم. بۆ
ئه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده په‌یوه‌سته‌كانی ئه‌و پاتێرنه‌ی كه
لێیده‌كۆڵێته‌وه بگرێته‌وه، كۆزمانه‌وانان به به‌رده‌وامی
ناچار ده‌بێت كه مه‌ودای لێتوێژینه‌وه‌كه‌ی فراوان بكات له
زانسته سه‌ره‌كیه‌كانی زمانه‌وانی و سۆسیۆلۆژی بۆ بواره‌كانی
تری وه‌ك سایكۆلۆژیای كۆمه‌ڵایه‌تی و لێكۆڵینه‌وه
جێنده‌رییه‌كان و كارگێڕی سیاسه‌تی گشتی و زانستی سیاسی و
مێژوویی.
ئه‌گه‌ر
تیمێكی هاوبه‌ش هه‌بێت كه له لێكۆڵینه‌وه‌كانی كۆزمانه‌وانی
هه‌لقووڵابێ، ده‌بێ ئه‌وه‌بێ كه ئه‌و تێكچرژانه ئاڵۆزه‌ی
پێكهاته‌ی زمان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی مانای
ئه‌وه‌یه كه هه‌ر به‌كارهێنه‌رێكی زمان به به‌رده‌وامی
كاردانه‌وه‌ی بۆ زانیاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌یه و
ئاماژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌رباره‌ی خۆی به به‌رامبه‌ر نیشان
ده‌دات. ناسنامه‌ی من (یان ناسنامه هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی من)
ده‌ناسرێته‌وه و دیاریده‌كرێت له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی من بۆ
ئه‌و شێوازه جیاوازانه‌ی كه زمان ده‌سته‌به‌ری ده‌كات.
له‌مه‌ش زیاتر، ده‌كرێ بڵێین كه ئه‌م هه‌ڵبژاردنی
ناسنامه‌یه، چاكتر له فاكته‌ره‌كانی تر، حیساب بۆ شێوازه
جیاواز و به‌رچاوه‌كانی ئاخاوتنی سرووشتی ده‌كات.
به‌ڵام پێش
ئه‌وه‌ی له‌م بابه‌ته تایبه‌تیانه بكۆڵینه‌وه و ئه‌م
تیۆرانه بخوێنین، كه ئه‌م دیاردانه ڕوون ده‌كه‌نه‌وه، زۆر
گرنگه ڕوونی بكه‌ینه‌وه كه داتای كۆزمانه‌وانی چییه، چ
ڕێبازێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م داتایانه به‌كاردێت.
میتۆده‌كانی
لێكۆڵینه‌وه:
له‌چی
بكۆڵرێته‌وه و چۆن لێكۆڵینه‌وه‌كه بكرێ، دوو پرسیاری
په‌یوه‌ست به یه‌كن. تیۆره‌كان پێمان ده‌ڵێن چ ڕاستییه‌ك به
داتا حیساب ده‌كرێ. زانست، یان به كردنی پرسیاری گرنگ له
باره‌ی داتاوه یانیش به دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی نوێی تێبینی
كردنی داتاكان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره گرینگه‌كان
پێشده‌كه‌وێ. (نه‌عۆم چۆمسكی) له زمانه‌وانیدا شۆڕشێكی
هه‌ڵگیرساند به پرسیاركردنی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن هه‌موو
ئه‌و كه‌سانه‌ی فێری زمان ده‌بن (زمانی یه‌كه‌میان، بابڵێین)
به‌ڵگه‌ی ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن كه كۆنتڕۆڵی رێساكانیان
كردووه، له كاتێكدا له كاتی قسه‌كردنی ئاسایی‌دا له‌گه‌ڵ
خه‌ڵكانی تر ئه‌مه دیارنییه. كۆزمانه‌وانان پرسیارێكی جیاواز
ده‌كه‌ن: چۆن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌مه‌چه‌شنیه راوه‌ستین، كه له
هه‌ر زمانێكدا هه‌یه. ئه‌وان چۆن گرنگی به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی
ئه‌م پرسیاره ده‌ده‌ن، ئه‌وهاش گرنگی به خودی پرسیاره‌كه
ده‌ده‌ن.
هۆی ئه‌م
گرنگی پێدانه‌ش ئه‌وه‌یه ئێمه ده‌بێ تێبینی فینۆمینه
داینامیكیه‌كه بكه‌ین له بارودۆخه سروشتیه‌كه‌ی خۆیدا.
له
بایۆلۆجیدا، به‌ربڵاوترین میتۆدی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر (بۆق)
بریتییه له توێكاری كردنی لاشه‌كه‌ی، به‌ڵام به‌دڵنیایه‌وه
بۆقێكی مردوو سوودی نیه. له كۆزمانه‌وانیدا، مه‌ته‌ڵی
هاوشێوه‌ی بۆقه‌كه ئه‌وه‌یه كه له‌بۆق پێی ده‌ڵێ پارادۆكسی
چاو‌دێر "paradox "observer'sئه‌ویش
ئه‌وه‌یه كه چۆن ده‌توانین چاودێری شێوازی قسه‌كردنی خه‌ڵك
بكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ستی پێ بكه‌ن؟
مه‌ته‌ڵه‌كه
لێره‌دایه، كۆزمانه‌وانان پێیان وایه به‌كارهێنانی زمان
هه‌میشه هه‌ستیاره و په‌یوه‌ندی به په‌یوه‌ندیه
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی به‌شداربووانی ڕووداوی ئاخاوتنه‌كه‌وه
هه‌یه.
ئێمه به‌یه‌ك
شێوه قسه‌ناكه‌ین، قسه‌كردنمان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی خۆمان
جیایه، له قسه‌كردنمان له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانمان، هاوڕێكانمان،
یان له‌گه‌ڵ منداڵان. شێوازی قسه‌كردنمان به ته‌واوی ده‌گۆڕێ
كاتێك یه‌كێكی تر (به‌تایبه‌تی كه‌سێكی نامۆ ) دێته ناو
گفتوگۆكانمان. هه‌تا منداڵانیش زۆر به خێرایی فێری
به‌كارهێنانی شێوازی جیاجیا ده‌بن بۆ قسه كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی
جیا جیا. به بوونی ئه‌م هه‌ستیاریه، زمانه‌وان، كه خۆی نامۆ
و غه‌ریبه، چۆن ده‌توانێ تێبینی شێوه‌زاری قسه‌كه‌ر و ئه‌و
شێوازه‌ی كه هاوڕێیان له نێوان خۆیاندا به‌كاری دێنن، بكات،
به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هه‌ستی پێ بكه‌ن تۆماری بكات؟ ئایا
ئاماده‌بوونی خوودی كۆزمانه‌وان سروشتی ئاخاوتنه‌كه ناكوژێ،
هه‌روه‌ك چۆن چه‌قۆی بایلۆجیسته‌كه له كاتی توێكاریه‌كه‌دا
بۆقه‌كه ده‌كوژێ؟ هیچ وه‌ڵامێكی گونجاو بۆ ئه‌م پرسیاره
نییه. كۆزمانه‌وانان به زۆر شێوه هه‌وڵیان داوه له‌م
پارادۆكسه ڕزگاریان بێ، هه‌روه‌ك له‌مه‌ودوا ده‌بینین.
داتاكان چین؟
پرسیاری
سه‌ره‌كی له هه‌ر زانستێكدا ئه‌وه‌یه كه داتای ڕوون وئاشكرا
له‌چی پێكدێت. له كۆزمانه‌وانیدا، له‌مباره‌وه ناكۆكیه‌ك له
نێوان چاودێران و ئه‌ندازه‌پێوه‌ران هه‌یه.
(جۆشوا
فیشمان) چه‌ندین جار ئه‌وه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه كه كاتێك ئه‌و
له‌گه‌ڵ (جۆن گه‌مپێرز) پێكه‌وه كاریان له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك
ده‌كرد له باره‌ی دووزمانی (bilingualism)
له نێو پیترۆ ریكانیه‌كان له شاری باریۆ له جێرسی،
(گه‌مپێرز) ناوه ناوه داوای لێكردووه كه به‌ڵگه بۆ
ڕاستیه‌كان په‌یدا بكا. (فیشمان) به‌هۆی ئه‌و باكگراونده‌ی له
سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی هه‌یبوو، كۆمه‌ڵێك ئاماری ئاماده‌كراوی
به‌هۆی كۆمپیوته‌ره‌وه ئاماده ده‌كرد. كاتێكیش (گه‌مپێرز)
له‌لایه‌ن فیشمانه‌وه ڕووبه‌ڕووی پرسیار ده‌رباره‌ی به‌ڵگه
ده‌بۆوه ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ك ئیتنۆگرافێك كاری كردبوو،
باسی ئه‌و گفتوگۆیه‌ی ده‌كرد كه شه‌وی ڕابردوو له
ئاهه‌نگێكدا گوێی لێ ببوو. سه‌یركه، (فیشمان) داتای
ده‌رهێنراوی به‌كارهێناوه، كه ده‌كرێ به شێوه‌ی ئامار
شیبكرێته‌وه، له كاتێكدا (گه‌مپێرز) له ڕێگه‌ی چاودێریكردنی
به‌كارهێنانی زمان له شوێنكاتێكی سروشتی‌دا داتاكانی
دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌وڵبده‌ین له بنچینه‌ی ئه‌م دوو
ڕێبازه تێبگه‌ین، ده‌كرێ بڵێین كۆمه‌ڵناسان به‌ڵگه‌كانی
خۆیان له شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك بۆ
ئه‌و پرسیاره وردانه‌ی كه لێیان ده‌كرێ هه‌ڵده‌هێنجن.
كۆمه‌ڵناسان پێیان وایه ئه‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه
كۆنترۆڵی ئاخاوتنی تاكه‌كان ده‌كه‌ن له‌و ئامارانه ده‌ربڕاوه
كه ئه‌گه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر له داتاكان شیبكرێنه‌وه،
ده‌كرێ لایه‌نگیری و پشتگیری ئاخێوه‌ران بدۆزرێته‌وه.
ئیتنۆگرافیه‌كان له لایه‌كی تره‌وه، كه ده‌توانن به‌راورد
له نێوان ڕه‌فتاری تاكه‌كانی كلتورێك له‌گه‌ڵ كلتووره‌كانی تر
بكه‌ن، ئه‌وان ده‌توانن پشت به هۆشی زگماكی (intuition)
خۆیان ببه‌ستن و ڕووداوێكی دیاریكراو ڕاڤه بكه‌ن. ده‌كرێ
بڵێین هه‌ردوو ڕێبازه‌كه ته‌واوكه‌ری یه‌كترن.
ئه‌گه‌ر هه‌ر
میتۆدێك به‌كاربهێنین، ئه‌وه‌ی كۆزمانه‌وانان به‌دوایدا
ده‌گه‌ڕێن ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به‌ڵگه‌ی
ئه‌وه‌یان ده‌ستكه‌وێ كه ڕێساگه‌لێكی كۆمه‌ڵایه‌تی قبووڵ
كرا‌و هه‌ن، هه‌مه‌چه‌شنی له ئاخاوتندا ته‌فسیر ده‌كه‌ن.
به‌شێكی به‌ڵگه‌كان په‌یوه‌ندیان به شێوه‌زاره‌كانه‌وه
هه‌یه (جیاوازی له گۆكردن یان هه‌ڵبژاردنی وشه‌كان یان
هه‌ڵبژاردنی ڕێزمان )، به‌شێكی تریان په‌یوه‌ندی به
تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی قسه‌كه‌ره‌وه هه‌یه (ته‌مه‌ن، جێنده‌ر،
پله‌ی خوێنده‌واری، شوێنی له دایكبوون، شوێنی نیشته‌جێبوون)،
به‌شێكی تریان په‌یوه‌ندیان به سروشتی قسه‌كردنه‌كه‌وه
هه‌یه (ژینگه‌كه، بابه‌ته‌كه، ڕۆڵی قسه‌كه‌ران). هه‌ندێ
له‌و داتایانه ده‌كرێ له ڕێگه‌ی چاودێریكردنه‌وه
كۆبكرێنه‌وه، هه‌ندێكی تریان له ڕێگه‌ی لێ هه‌ڵێنجانه‌وه.
ئایا چاودێریكردن (observation)
جێگه‌ی متمانه‌یه؟ ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كه: قسه‌كه‌ر له‌وانه‌یه
خۆی وا پیشان بدات یان درۆ بكات، چاودێریش له‌وانه‌یه زۆر به
وردی سه‌یری شته‌كان بكات یان به پێچه‌وانه‌وه زۆر شتی گرنگ
نه‌بینێ. هه‌موو ئه‌م گرفته میتۆدیانه جێگه‌ی له‌سه‌ر
وه‌ستانن، به‌تایبه‌تی له توێژینه‌وه له فینۆمینه‌یه‌كی
زیندووی وه‌ك زمان و له‌كاتی به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا.
له‌به‌ر ئه‌م
گرفتانه زۆرێك له لێكۆڵینه‌وه‌كان داتای هه‌مه‌جۆر
به‌كارده‌هێنن كه به شێوازی جیا جیا كۆكراینه‌وه. ئه‌گه‌ر
ڕێبازی چاودێریكردن هه‌مان ئه‌نجامی لێكدانه‌وه‌ی نموونه‌ی
ئاخاوتنه‌كانی هه‌بوو، ئه‌گه‌ر ڕاپرسی بیر و بۆچوونه‌كان
له‌گه‌ڵ ئاماره تێبینیكراوه‌كان هاوتابوون، لێره‌دا
كۆزمانه‌وانه‌كه ده‌توانێ دڵنیابێ له‌وه‌ی پێكهاته‌ی
ژێره‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی جێگه‌ی متمانه‌یه.
كۆزمانه‌وان
له كاتی كاركردندا:
له ڕووی
پراكتیكیه‌وه، ژماره‌یه‌ك چاره‌سه‌ری كرداری بۆ گرفته‌كانی
"پارادۆكسی چاو‌دێر" دۆزراونه‌ته‌وه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی نموونه‌ی
ئاخاوتنی سروشتی. بۆ لێكدانه‌وه‌ی گۆكردنی جیا جیا، ئه‌و
كۆزمانه‌وانانه‌ی كه لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر هه‌مه‌چه‌شنی
مایكرۆزمانه‌وانی ده‌كه‌ن، زۆر جار حیساب بۆ زۆر ڕوودان و زوو
زوو دووباره‌بوونه‌وه‌ی فیچه‌رێكی زمانه‌وانی له شوێنكاتێكی
كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌كه‌ن. بۆ دۆزینه‌وه‌ی جیاوازی چاكتر،
له‌وانه‌یه ئامێر به‌كاربهێنن بۆ پێوانی ده‌نگ له‌كاتی
ئاخاوتندا. لێره‌دا بۆ وه‌ده‌ستخستنی نموونه بۆ
شیكردنه‌وه‌كانیان، ئاخاوتنی سروشتی ده‌بێ له‌سه‌ر كاسێت
تۆمار بكرێت. ئه‌مه‌ش دیسان كێشه‌ی میتۆدی دێنێته ئاراوه.
ئایا قسه‌كه‌ران ئاگایان له تۆماركردنه‌كه بێ، هه‌وڵناده‌ن
ڕوونتر قسه‌بكه‌ن یان كه ریكۆرده‌ر ببینن، به شێوه‌یه‌كی
ستاندار قسه‌ناكه‌ن؟ ئایا ئه‌و داتایانه‌ی به‌م شێوه‌یه
كۆده‌كرێنه‌وه سروشتین؟
زۆرجاران
تۆماركردنی نهێنی به‌كارهێنراوه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی
وازی لێهێنراوه. له‌وانه‌یه هۆكاری پراكتیكی له پشتی
ئه‌مه‌وه هه‌بێ، كاسێت و ریكۆرده‌ر به‌زۆری ده‌نگه‌ده‌نگیان
هه‌یه و به پرۆسه‌یه‌كی گران به‌هاو ئاڵۆز داده‌نرێن.
له‌وانه‌یه هۆكاری ئه‌خلاقیشی له‌پشته‌وه بێ. په‌نجا ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر ده‌كرا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك پشت به‌و گفتووگۆیه
ببه‌ستێ كه به شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌و هێڵه ته‌له‌فۆنیه‌وه
وه‌رگیراوه كه به بۆردێكی زانكۆوه به‌ستراوه‌ته‌وه. بۆ
ئه‌وه‌ی زیاتر ڕێزی ئه‌و كه‌سانه بگیرێ كه تاقیكردنه‌وه‌یان
له‌سه‌ر ده‌كرێ و تایبه‌تمه‌ندیان پێشێل نه‌كرێ، ئێستا
كۆزنامه‌وانان خۆیان داوای مۆڵه‌ت له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه
كاسێتی قسه‌كردنه‌كانیان بده‌نێ. ئه‌مڕۆ ڕیكۆرده‌ر به ئازادی
به‌كارده‌هێندرێت، توێژه‌ران پێیان وایه كه كاتێك
چاوپێكه‌وتن به‌رده‌وام ده‌بێت ئه‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌بنه
هۆی ئه‌وه‌ی قسه‌كه‌ر به فۆرمه‌لی قسه‌بكات، نامێنێ.
چاوپێكه‌وتنی
كۆزمانه‌وانی، كه مۆدیلێكه له لایه‌ن (ویلیه‌م له‌بۆڤ)
گه‌شه‌ی پێدراوه و كاتی خۆی له توێژینه‌وه‌ی دكتۆراكه‌ی خۆی
(كه ئێستا به كلاسیك داده‌نرێت) به‌كاریهێناوه، كه له
باره‌ی ئینگلیزی شاری نیویۆركه‌وه، به یه‌كێك له
به‌ربڵاوترین ته‌كنیكه‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی سامپڵی زمان
داده‌نرێت. له‌م جۆره چاوپێكه‌وتنه‌دا، كۆزمانه‌وان قسه
له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كه‌دا ده‌كات، هه‌وڵده‌دات ڕایبكێشێته نێو
گفتوگۆیه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ شێوه جیاوازه‌كانی ئاخاوتن
له قسه‌كانیدا بدۆزێته‌وه. ستایلی ئاسایی ئه‌م جۆره
چاوپێكه‌وتنه تاڕاده‌یه‌ك فۆرمه‌ڵه، چونكه قسه‌كه‌ره‌كان
نامۆن به یه‌كتر، به‌ڵام چه‌ند ڕێگایه‌ك هه‌ن بۆ
كه‌مكردنه‌وه‌ی فۆرماڵیتی. چاكترین شێواز بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاگایی
قسه‌كه‌ر كه‌مبكرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه تێكستێك یان لیستێك
وشه بده‌یته ئه‌و كه‌سه‌ی كه چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ی
بۆ ئه‌وه‌ی بیخوێنێته‌وه. زۆر ئاسته‌مه بتوانی ئاستی
فۆرمالیه‌كه‌ی بپارێزێ. لێره‌وله‌وێ ئاخاوتنی نافه‌رمی هه‌ر
ده‌رده‌كه‌وێ، به تایبه‌تی كاتێك قسه‌كه‌ر قسه له‌سه‌ر
بابه‌تێك ده‌كا له ده‌ره‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه ، بۆ نموونه
كاتێك دایكێك كه له لایه‌ن كۆزمانه‌وانێكه‌وه چاوپێكه‌وتنی
له‌گه‌ڵ ده‌كرێ، منداڵه‌كه‌ی دێته ژووره‌وه و ئه‌ویش قسه‌ی
له‌گه‌ڵده‌كات. حاڵه‌تێكی تر ئه‌وه‌یه كاتێك قسه‌كه‌ر
ڕووداوێكی پڕ له جۆش و خرۆش ده‌گێڕێته‌وه كه خۆی تێیدا
به‌ژدار بووه.
ده‌كرێ سوود
له‌م حاڵه‌ته وه‌ربگیرێ به‌وه‌ی كه پرسیار له‌باره‌ی
ڕووداوێك له قسه‌كه‌ر بكرێت كه تێیدا ژیانی له مه‌ترسیدا
بووه و به‌مه‌ش ئاخاوتنێكی سرووشتی بێ ئاگایانه‌مان ده‌ست
ده‌كه‌وێ.
چاوپێكه‌وتنه‌كان بڕێكی باش داتا به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن،
له‌به‌رئه‌وه زۆر به‌هادارن له لێكۆڵینه‌وه‌ی قوڵی شێوه جیا
جیاكانی زمان. به هه‌ڵبژاردنێكی وردی كه‌سه‌كان، ڤه‌كۆله‌ر
ده‌توانێ دڵنیابێ له‌وه‌ی كه چه‌شنه كۆمه‌ڵایه‌تیه
گرنگه‌كان ( بۆ نموونه، جێنده‌ر، ته‌مه‌ن، پله‌ی خوێنده‌واری،
كار ) ده‌كرێ پیشانبدرێن. یه‌كێك له‌و ڕێگایانه ئه‌وه‌یه
ئه‌و كه‌سانه هه‌ڵبژێری كه پێشتر لێكۆڵینه‌وه‌ی
سۆسیۆلۆژانه‌یان له‌سه‌ر كراوه. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی
چاوپێكه‌وتن كات و توانایه‌كی زۆری ده‌وێ، به زۆری ژماره‌ی
ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ چاوپێكه‌وتن هه‌ڵده‌بژێردرێن دیاریكراوه.
بۆ
لێكۆڵینه‌وه له ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك، ته‌كنیكێكی شاراوه
هه‌یه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داتا پێی ده‌گوترێ وه‌ڵامه
خۆتێهه‌ڵنه‌قورتێنه‌ره‌كان (non-intrusive
responses) . له‌بۆڤ ئه‌م
ته‌كنیكه‌ی به‌كارهێنا، كاتێك پرسیاری له فرۆشیاره‌كانی سێ
نهۆی بازاڕه‌كه‌ی نیۆرك كرد. وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ش "نهۆمی
چواره‌م" (fourth floor)
بوو. ئه‌م وه‌ڵامه دوو شێوه گۆكردنی (r)
و (پ)ێكی تێدابوو. كاتێك كه داوای لێده‌كردن وه‌ڵامه‌كه
دووباره بكه‌نه‌وه، سێتێكی تری داتا ده‌سكه‌وت، ئه‌مجاره‌یان
وه‌ڵامه‌كان سترێسیان تێدابوو. هه‌روه‌ها ڕێبازێكی تر په‌یڕه‌و
كراوه له شارێكی فره زماندا به به‌كارهێنانی گفتوگۆ
ته‌له‌فۆنیه‌كان كه به زمانی جیا جیا كراون، بۆ زانینی
ئه‌وه‌ی كه ئایا ده‌مارگیری به‌رامبه‌ر قسه‌كه‌رانی یه‌كێك
له‌و زمانانه هه‌یه یان نا؟
كاتێك نموونه
له ئاخاوتنه سروشتیه‌كان كۆده‌كرێنه‌وه ئینجا ده‌بێ
شیبكرێنه‌وه. به زۆری زمانه‌وان گۆڕاوێك (variable)
هه‌ڵده‌بژێرێت، كه ئه‌مه‌ش فیچه‌رێكی تایبه‌تیه و
تێبینیه‌كانی پێشتر ده‌ریانخستووه. كه ئه‌م فیچه‌ره
گرنگیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. له ئینگلیزی نیویۆركدا،
گۆكردنی /r/
پاش ده‌نگی بزوێن یه‌كێكه له‌م فیچه‌رانه و له شێوازی
عه‌ره‌بی فه‌له‌ستینی /چ/ نه‌ك /ك/ له گۆكردنی وشه‌ی "كلب".
له هه‌موو ئه‌و بۆنانه‌ی كه فیچه‌ره‌كه ده‌رده‌كه‌وێ
هه‌ژمار ده‌كرێن، ڕێژه‌ی سه‌دی هه‌ر جیاوازیه‌ك (variant)
كه ده‌رده‌كه‌وێ له هه‌لومه‌رجه تایبه‌تیه‌كاندا (بۆ
نموونه، چ له لایه‌نی قسه‌كه‌ره‌وه بێت یان ستایله‌كه‌وه)
ئامارێك ده‌سته‌به‌رده‌كات كه‌ده‌كرێ له‌گه‌ڵ فاكته‌ره‌كانی
تردا به‌راوورد بكرێ.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه ده‌كات
تێڕوانینێكی پێشه‌كی ڕوونی ده‌رباره‌ی گرنگی و چۆنیه‌تی
فینومینه‌كه هه‌یه، چاوپێكه‌وتنی كۆزمانه‌وانی په‌یڕه‌وی
پرۆتۆكۆڵێكی ئاماده‌كراو ده‌كات. باش كردنه‌وه‌ی ده‌رگای
گفتوگۆ، پرسیار ده‌رباره‌ی یاری منداڵان و شتی پڕ‌و پووچ
ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كه‌ر وای لێبێت شێوه‌زاری كۆنی خۆی
به‌كاربێنێ، یان پرسیار له‌باره‌ی ڕووداوێكی گرنگ و پڕ گڕوتین
بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كه‌ر هانبدرێ له نائاگاییه‌وه قسه
بكات.
له‌وانه‌یه
لیستێك وشه به قسه‌كه‌ر بخوێنرێته‌وه یان داوای لێبكرێ ناو
له چه‌ند وێنه‌یه‌ك بنێ بۆ ئه‌وه‌ی تێبینی چۆنیه‌تی گۆكردن و
هه‌ڵبژاردنی ده‌نگه‌كان بكرێ یان تێبینی جیاوازی له ناوه‌كان
و شته‌كان بكرێ. چاوپێكه‌وتن داتا و ئامارێكی چڕ و پڕ
ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ده‌رباره‌ی ژماره‌یه‌ك له جیاوازییه
زمانه‌وانیه‌كان.
سه‌ره‌كیترین
ته‌كنیك بۆ ئه‌و كۆزمانه‌وانانه‌ی كه له‌سه‌ر نه‌ریت و
ڕێنمایی ئیتنۆگرافی ده‌ڕۆن بریتییه له تۆماركردنی ڕووداوی
ئاخاوتنه سروشتیه‌كان كه خۆیان تیایدا ئاماده‌بووینه (جا چ
ڕاسته‌وخۆ به به‌كارهێنانی ڕیكۆرده‌ر بێ یان نووسینه‌وه‌ی
له‌سه‌ر كاغه‌ز یه‌كسه‌ر پاش ڕووداوه‌كه ). هه‌روه‌ك له
تێبینی ئیتنۆگرافیدا ئه‌زموونی پێشووی چاو‌دێر وایلێده‌كات كه
بتوانی ئالوگۆڕه گرنگه‌كان هه‌ست پێبكات. ئه‌م نموونانه
ناكرێ هه‌میشه شیكردنه‌وه‌ی ئاماریانه‌یان بۆ بكرێ، به‌ڵكو
حاڵه‌تی زه‌ق و ڕۆشنن، كه وامان لێده‌كه‌ن توانای
ئیتنۆگرافه‌ره‌كه‌و قسه‌كانی قه‌بووڵ بكه‌ین و متمانه‌ی پێ
بكه‌ین و وه‌كو ڕێسایه‌كی گشتی سه‌یریان بكه‌ین نه‌ك حاڵه‌تی
ناوێزه و نائاسا.
بۆ
وه‌ده‌ستخستنی داتایه‌ك له‌باره‌ی بیروبۆچوون و ڕه‌فتار كه
بكرێ به شێوه‌ی ئامار شیبكرێته‌وه، ته‌كنیكێكی به‌ربڵاو
به‌كارده‌هێنرێت كه ئه‌ویش ڕاپرسیه، بریتی یه له لیستێك
پرسیار ده‌درێته كه‌سانی نامۆ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامیان
بده‌نه‌وه. ڕاپرسی به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له لایه‌ن
سایكۆلۆجیسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌كارهاتووه، پرسیاریان
له‌و خه‌ڵكه ده‌كرد كه توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌كردن ( یان
به وردی گروپێكیان لێ هه‌ڵده‌بژاردن، كه نوێنه‌رایه‌تی
ژماره‌یه‌كی زۆرتری خه‌ڵك بكه‌ن)، ده‌رباره‌ی خۆیان و
بیروباوه‌ڕیان و ڕه‌فتاریان. به دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان
پرسیار به شێوه‌ی جیا جیا، سایكۆلۆجیسته‌كه ده‌یتوانی بزانی
كه وه‌ڵامه‌كان جێگه‌ی بڕوان یان نا، هه‌روه‌ها به دانانی
وشه‌ی گونجاو ورد له پرسیاره‌كاندا، ده‌یتوانی جه‌خت بكاته
سه‌ر ئه‌و لایه‌ن و فیچه‌رانه‌ی كه ده‌یه‌وێ شیانبكاته‌وه.
یه‌كێك له گرفته‌كانی ڕاپرسی ئه‌وه‌یه كه زۆر به ڕوونی
جه‌خت ده‌كاته سه‌ر بابه‌تێك كه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی وه‌ڵام
ده‌داته‌وه، ده‌زانێ ڕاپرسیه‌كه مه‌به‌ستی چییه. گرفتێكی
تر ئه‌وه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕاپرسی له پێشدا داده‌نرێ، پاشان
ناگۆڕدرێ، له‌وانه‌یه پاشتر ده‌ركه‌وێ كه زۆر پرسیاری تری
چاك ده‌بوایه بكرایه. له‌م باره‌یه‌وه، چاوپێكه‌وتن زۆر
فلێكسیبڵ تره، به‌ڵام كاتی زیاتری ده‌وێ بۆ ئه‌نجامدان و
شیكردنه‌وه.
ڕاپرسی زۆر
به سووده له كۆكردنه‌وه‌ی داتای دیمۆگرافی (ته‌مه‌نت
چه‌نده؟ چه‌ند ساڵت له قوتابخانه به‌سه‌ر برد؟ كارت چییه؟
). هه‌روه‌ها بۆ لێكۆڵینه‌وه له بیروبۆچونیش به‌كاردێت
(پێتوایه كامه زمان به‌سوودترینیانه؟ كامه زمان
جوانترینیانه؟) به‌به‌كارهێنانی پرسیاری "ده‌توانی-بكه‌ی " (can-do)،
ڕاپرسی له وه‌ده‌ستخستنی توانای به‌كارهێنانی زمانه‌كانیش
به‌كاردێت ( به چه‌ند زمانێك ده‌توانی بخوێنیه‌وه؟ به چه‌ند
زمان ده‌توانی گفتوگۆ بكه‌ی؟).
پاشكۆ
تێكستی
یه‌كه‌م:
رۆناڵد وۆردۆ
: پێشه‌كیه‌ك ده‌رباره‌ی كۆزمانه‌وانی. (چاپی دووه‌م). بڵاك
وێل 1992، لاپه‌ڕه 10-11
كۆزمانه‌وانان
گرینگی به پێوه‌ندی نێوان زمان و كۆمه‌ڵ ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر
پێناسه‌ی كۆمه‌ڵ بكه‌ین به‌وه‌ی كه بریتی بێ له كۆمه‌لێك
خه‌لكی رێكخراو، زمانیش بریتی بێ له رێگه‌یه‌ك بۆ
پێوه‌ندیكردنی ئه‌م كۆمه‌ڵه خه‌ڵكه له‌گه‌ڵ یه‌ك، كه‌واته
هه‌ر له ئێستاوه جۆرێك له پێوه‌ندیمان له نێوان هه‌ردوو
چه‌مكه‌كه دیاریكردووه، چونكه كۆمه‌ڵ به زمانێك قسه
ده‌كه‌ن. له‌وانه‌یه پێوه‌ندی تری زۆر ئاڵوزتریش له نێوان
زمان و كۆمه‌ڵ هه‌بێ. له‌م تێكسته‌ی خواره‌وه، رۆناڵد ۆردۆ
چوار جۆر پێوه‌ندی له‌نێوان ئه‌م دوو چه‌مكه پێشنیار ده‌كات:
ده‌كرێ چه‌ند
جۆرێك پێوه‌ندی له نێوان زمان و كۆمه‌ڵدا هه‌بێ. یه‌كێكیان
ئه‌وه‌یه كه له‌وانه‌یه پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كاربكاته
سه‌ر پێكهاته یان ره‌فتاری زمانه‌وانی یانیش هه‌ر به ته‌واوی
ئه‌م پێكهاته‌یه دیاری بكات. ده‌كرێت چه‌ندین به‌ڵگه بۆ ئه‌م
بۆچوونه بهێنرێته‌وه: له‌وانه دیارده‌ی پله‌ی ته‌مه‌ن (
age - grading
). منداڵه بچووكه‌كان جیاواز له‌وانه‌ی له‌خۆیان گه‌وره‌تر
قسان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه جیاواز له
گه‌وره‌كان قسان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ندێ لێكۆڵینه‌وه
ده‌ریده‌خه‌ن شێوازه جیاوازه‌كانی زمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شوێنی
جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی یان بنه‌چه‌ی ئیتنیكی و ڕه‌گه‌زی
قسه‌كه‌رانه. لێكۆلینه‌وه‌ی تریش ده‌ریده‌خه‌ن كه شێوازی
قسه‌كردن و هه‌ڵبژاردنی وشه‌كان و هه‌تا ڕێساكانی
گفتووگۆكردنیش به‌گوێره‌ی داخوازیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان
دیاریده‌كرێن. لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ش كه
ده‌سه‌ڵات ( power
) چه‌مكێكی زۆر گرینگه له روونكردنه‌وه‌ی ره‌فتاره
زمانیه‌كان. ده‌سه‌ڵات، چ بۆ وه‌ده‌ستهێنان یان به‌رگریكردن
له شتێك كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی زماندا
هه‌یه.
پێوه‌ندی
دووه‌می چاوه‌ڕوانكراو به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی یه‌كه‌مه:
پێكهاته یان ره‌فتاری زمانه‌وانی له‌وانه‌یه كاریگه‌ری
هه‌بێ له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یانیش هه‌ر به‌ته‌واوی
ئه‌م پێكهاته‌یه دیاریبكات. ئه‌م بۆچوونه له پشتی گریمانه‌ی
وۆرف ( Whorfian Hypothesis
) و بۆچوونه‌كانی (بێرنستین) و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه پێیان
وایه ئه‌وه زمانه‌كانن بوونیان هه‌یه نه‌ك قسه‌كه‌رانی ئه‌م
زمانانه. جۆری سێیه‌می پێوه‌ندی له نێوان زمان و كۆمه‌ڵ
ئه‌وه‌یه كه كاریگه‌رییه‌كه دوو لایه‌نانه‌یه (
bi-directional ):
له‌وانه‌یه زمان و كۆمه‌ڵ هه‌ردوولا كارله‌یه‌ك بكه‌ن. یه‌كێك
له لایه‌نه جیاوازه‌كانی ئه‌م رێبازه ئه‌وه‌یه كه سروشتی
ئه‌م كاریگه‌رییه دایه‌لیكتیكیه، ئه‌مه‌ش بۆچوونێكی
ماركسیانه‌یه و له لایه‌ن دیتماره‌وه پێشنیار كراوه، كه
پێی وایه " ره‌فتاری ئاخاوتن و ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تی له
حاڵه‌تێكی كارلێكردنی به‌رده‌وامدان" هه‌روه‌ها "باره
زیندووه‌كانی مادده " فاكته‌رێكی گرینگن له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا.
جۆری چواره‌می
پێوه‌ندییه‌كه پێی وایه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ندی له
نێوان پێكهاته‌ی زمانه‌وانی و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نیه و
هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ربه‌خۆن. جیاوازی ئه‌م گریمانه‌یه
ئه‌وه‌یه، هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه جۆرێك پێوه‌ندی له نێوان
ئه‌م دووانه هه‌بێ، به‌ڵام چه‌ند هه‌وڵێكی پێنه‌گه‌یشتوون.
چه‌ند
پرسیارێك:
•
نووسه‌ر چ به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌هێنێته‌وه بۆ كاریگه‌ریی پێكهاته‌ی
كۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ر زمان؟
•
له زۆربه‌ی زمانه‌كاندا، ڕاناوی نێرینه به كارده‌هێنرێت بۆ
ئاماژه‌كردن به نێر‌و به مێ. بۆ نموونه: پیاو ده‌بێ له
كاتی خۆیدا كاره‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات ( ئه‌م نموونه‌یه له
لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه له شوێنی نموونه ئینگلیزییه‌كه
دانراوه). ئایا ئه‌مه جیاوازی ڕه‌گه‌زی نییه؟ ده‌توانی باسی
حاڵه‌تی تری له‌م جۆره بكه‌یت؟
•
ده‌توانێ چ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ یان له دژی بۆچوونی " هیچ
پێوه‌ندییه‌ك له نێوان زمان و كۆمه‌ڵدا نییه" بهێنیته‌وه؟
تێكستی
دووه‌م:
جه‌یمس
میلرۆی: هه‌مه‌چه‌شنی و گۆڕانی زمان. بلاك وێل 1992، لاپه‌ره
5-6
بۆی هه‌یه
باشترین ڕێگه بۆ چاودێریكردنی پێوه‌ندی نێوان زمان و كۆمه‌ڵ
ئه‌وه‌بێ كه له كاتی به‌كارهێنانی زمان له حاڵه‌تێكی
كۆمه‌ڵایه‌تیدا تێبینی بكرێت. له‌به‌ر ئه‌مه، (میلرۆی) پێی
وایه له سه‌ره‌تادا ده‌بێ له كاتی گفتوگۆدا سه‌یری زمان
بكه‌ین:
ئاخاوتن
چاڵاكیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه، به‌ڵام نووسین وانییه، چاكترین
شوێن بۆ تێبینی كردنی ئاخاوتن گفتوگۆیه. گفتووگۆكان له نێوان
دوو به‌شداربوو یان زیاتر له شوێنكاتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا
رووده‌ده‌ن، گۆڕانی زمانه‌وانیش جۆرێكی ئه‌م فینۆمینانه‌یه
كه له‌م شوێنكاتانه‌وه و له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر
ده‌گوازرێنه‌وه. هه‌ربۆیه یه‌كه‌مین بنه‌مای مۆدیلێكی
كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ گۆڕانی زمان گرنگی ده‌دات به چاودێریكردنی
زمان له‌كاتی به‌كارهێنانیدا: هه‌ر له ڕێی ئه‌م
بنه‌مایه‌شه‌وه‌یه كه ده‌كرێ چاودێری ئاڵوگۆڕكردنی ئاخاوتن
بكرێ. ته‌نهاش له شوێنكاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ئه‌م
ئاڵوگۆڕكردنانه ناكرێ له‌م شوێنكاتانه خاڵی بكرێنه‌وه. بۆ
ئه‌وه‌ی ئه‌مه جوانتر ڕوونبكه‌ینه‌وه، پێویستمان به‌م
بنه‌مایانه هه‌یه:
پرنسیپی (1):
هه‌روه‌ك چۆن
زمان ( ئه‌مه له ده‌ره‌وه‌ی مۆده ئه‌ده‌بی و
تاقیكردنه‌وه‌كانی نێو تاقیگه‌دا) به‌كارنایه‌ت، ته‌نها له
شوێنكاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نه‌بێ، كه تێبینیش ده‌كرێ
هه‌میشه له‌م كۆنتێكستانه تێبینی ده‌كرێ، له‌به‌رئه‌وه
لێكدانه‌وه‌كه‌مان - ئه‌گه‌ر وردبین بین - ده‌بێ كۆمه‌ڵگاو
بارودۆخه‌كه و قسه‌كه‌ر / گوێگر به هه‌ند وه‌ربگرێ.
ئه‌م
ینه‌مایه چه‌ندین ئه‌نجامی تر له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێ،
گرنگترینیان ئه‌و گشتاندنه‌یه كه ده‌ڵی َ پێكهاته‌ی زمان پشت
ده‌به‌ستێ به پڕۆسه‌ی به ئه‌بستراكتكردنی زمان له‌و
شوێنكاته‌ی كه به شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌رده‌كه‌وێ . له
ڕاستیدا ئێمه تێبینی زمانه‌كه یان زمان به ئه‌بستراكتی
ناكه‌ین: ئێمه تێبینی خه‌ڵكه‌كه ده‌كه‌ین. له‌به‌رئه‌وه له
به‌هه‌ند وه‌رگرتنی گۆڕانی زمان ده‌بێ ئه‌وه ڕوون
بكه‌ینه‌وه چۆن گۆڕانه‌كان ئه‌م پێكهاته ئه‌بستراكته
ده‌گرێنه‌وه، كه پێی ده‌ڵێن زمان ( كه ناتوانین به
شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ تێبینی بكه‌ین)، وه‌ك ئه‌نجامێكی ئه‌و
چالاكیانه‌ی كه خه‌ڵك له كاتی قسه‌كردندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن
(كه ده‌توانین به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ تێبینیان بكه‌ین).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تێبینیه ناپێكهاته‌ییه‌كانی ئه‌م
فینۆمینه هه‌ڵبژێردراوه به‌س نییه لێره‌دا:
وه‌سفكردنه‌كانمان بۆ شێوازه كۆزمانه‌وانییه‌كان پشت به‌و
شێوازانه ده‌به‌ستێ كه دووباره ده‌بنه‌وه و ده‌بێ
سیته‌ماتیك بێ و داتاكان به هه‌ند وه‌ربگیرێ. هه‌روه‌ها
له‌م پرینسپه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه پێویسته گرینگیه‌كی
زۆر به میتۆده‌كانی كۆكردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی داتاكان (و
پێوه‌ندیان به یه‌كه‌وه ) بده‌ین.
له‌كاتێكدا
كه بنه‌مای یه‌كه‌م ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌یه كه ناكرێ به جیا
له كۆمه‌ڵ تێبینی زمان بكه‌ین، بنه‌مای دووه‌م ده‌رباره‌ی
ئه‌وه‌یه كه ناكرێ وه‌سفی پێكهاته‌ی زمان بكه‌ین له
ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵ. ئه‌مه‌ش دیاره زۆر جێگه‌ی مشت‌ومڕ نییه.
بنه‌مای (2)
وه‌سفكردنێكی
ته‌واوی پێكهاته‌ی شێوه‌زاێك (جا چ ئینگلیزی ستاندار بێ، یان
دایه‌له‌كتێك، یان ستایلێك، یان هه‌ر ڕیجسته‌رێك بێ) ته‌نها
له‌و كاته‌دا به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام ده‌درێت كه بڕیارێكی
بنچینه‌یی یان حكومدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌م وه‌سفكردنه‌دا
به‌هه‌ند وه‌ربگیرێ.
وشه‌ی
"كۆمه‌ڵایه‌تی" لێره مانای چینی كۆمه‌ڵایه‌تی یان پایه
ناگه‌یه‌نێت – ئه‌و بڕیارانه‌ی (یان حوكمانه‌ی ) كه باسیان
ده‌كه‌ین بڕیارن (یان حوكمن) ده‌رباره‌ی نۆرمی شێوه‌زاره‌كان،
ئه‌و نۆرمانه‌ش كۆمه‌ڵایه‌تین به‌و مانایه‌ی كه به
شێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیانه قه‌بووڵ كراون – پشت به ڕێكه‌وتن
و ڕا له‌سه‌ر بوونی گشتی قسه‌كه‌ران له‌ناو كۆمه‌ڵگایه‌كدا
ده‌به‌ستێ و له كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی تریش
ده‌گۆڕێت.
چه‌ند
پرسیارێك:
ـ له چ
ڕوویه‌كه‌وه "ئاخاوتن چالاكیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه‌چی
نووسین وانییه"؟
ـ به بۆچوونی
نووسه‌ر چ جۆره تێبینی كردنێك پێویسته بۆ وه‌ده‌ستهێنانی
زانیارییه‌ك كه جێگه‌ی باوه‌ڕبێت ده‌رباره‌ی چه‌شنه‌كانی
زمان؟
ـ بۆچی
وه‌سفكردنی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵ پشت به "بڕیاره
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان" ده‌به‌ستێ؟
تێكستی
سێیه‌م:
ولیه‌م
له‌بۆڤ: به چین چین كردنی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی زمانی ئینگلیزی
له شاری نیویۆركدا. سه‌نته‌ری زمانه‌وانه‌ی كاره‌كی 1996.
لاپه‌ڕه 91-92:
ئه‌گه‌ر به‌و
ئارگیومێنته ڕازی بین كه ده‌ڵێ ده‌بێ داتا بنچینه‌ییه‌كان
له به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی زمان وه‌ربگرین، ئه‌و
پرسیاره دێته پێشه‌وه كه چۆن كۆبكرێته‌وه. كێشه‌كه
له‌وه دایه چاودێریكه‌ر (ئه‌و كه‌سه‌ی داتا كۆده‌كاته‌وه)
لایه‌نێكی تر بۆ گفتوگۆكان زیاد ده‌كات.
بۆ
وه‌ده‌ستكه‌وتنی زانیاری ورد ده‌رباره‌ی ڕه‌فتاری ئاخاوتن،
دواجار پێویستیمان به‌وه ده‌بێ كه به‌راورد له نێوان
قسه‌كردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له قسه‌كه‌ران بكه‌ین. له‌مه‌ش
زیاتر، ده‌بێ نموونه‌یه‌ك وه‌رگرین كه نوێنه‌رایه‌تی گروپێكی
زۆر گه‌وره بكات، بۆ نموونه نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كۆمه‌ڵگای
ئاخاوتنی شاری نیویۆرك بكات. ئه‌مه‌ش ته‌نها به هه‌ڵبژاردنی
لێره‌وله‌وێی نمونه‌كانه‌وه ده‌كرێ. بۆ وه‌رگرتنی نموونه
لێره‌و له‌وێ و بۆ ئه‌وه‌ی داتاكان به‌راوردی ژماره‌یه‌كی زۆر
له قسه‌كه‌ران بكه‌ن، پێویستمان به چاوپێكه‌وتنه فۆرماڵ و
پێكهاته‌ییه‌كان هه‌یه . لێره‌دا تووشی پارادۆكس ده‌بین:
چاوپێكه‌وتنی فۆرماڵ شوێنكاتێكی ئاخاوتن دیاریده‌كات كه تێیدا
به شێوه‌یه‌كی ئاسایی ته‌نها یه‌ك ستایلی قسه‌كردن به‌كاردێت،
كه له‌وانه‌یه پێی بگوترێ قسه‌كردن به وریایی (careful
speech). له‌وانه‌شه قه‌باره‌ی
قسه‌كردنی قسه‌كه‌ره‌كه له كاتێكی تردا زۆر جیاواز بێ.
له‌وانه‌یه له زۆر شوێنكاتدا قسه‌كه‌ر به وریایی قسه بكات،
به‌ڵام له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حاڵه‌ته‌كاندا زۆر گرنگی به
قسه‌كانی خۆی نادات، ستایلێكی زۆر هێمن به‌كاردێنێت، كه پێی
ده‌ڵێن ئاخاوتنی سه‌رپێیی ( casual
speech).ده‌توانین گوێمان له‌م
جۆره ئاخاوتنه سه‌رپێیانه بێ له شه‌قامه‌كانی نیویۆرك،
له باڕه‌كان، له هێڵه ژێرزه‌مینه‌كان، له كه‌ناری
ده‌ریاكان ، یان هه‌ركاتێك له شاردا سه‌ردانی هاوڕێیه‌كمان
بكه‌ین.
هاوڕێكانمان
گروپی زۆر تایبه‌تن، به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌م نیویۆركیانه‌ی زۆر
سه‌ردانی باڕه‌كان ده‌كه‌ن، قاوشانێ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان
ده‌كه‌ن، سه‌ردانی كه‌ناره گشتیه‌كانی ده‌ریا ده‌كه‌ن، یان
له چێشتخانه‌كاندا به ده‌نگێكی به‌رز قسه ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی
خه‌ڵك گوێیان لێبی. ته‌نها له ڕێگه‌ی میتۆدێكی ووردی نموونه
وه‌رگرتن كه هه‌موو هاوڵاتیان بگرێته‌وه و چاوپێكه‌وتن
له‌گه‌ڵ قسه‌كه‌ران لێره‌وله‌وێ، ده‌توانین بێ لایه‌نانه
كاره‌كانی خۆمان پێشكه‌ش بكه‌ین. ئێستا كێشه‌كه لێره‌دایه
چۆن ده‌توانین شته‌كان به‌ده‌ست بێنین له چوارچێوه‌ی سنووری
چاوپێكه‌وتندا.
چه‌ند
پرسیارێك:
ـ بۆچی
چاوپێكه‌وتنی فۆرماڵ و پێكهاته ئامێز پێویسته؟
ـ چۆن
ئاماده‌بوونی كه‌سێكی نامۆ به ئامێری ریكۆرده‌ره‌وه شوێنكات
و باری قسه‌كردنه‌كه دیاریده‌كات؟
ـ چۆن ده‌كرێ
ئه‌م ڕێبازه له چاودێریكردنی ئاخاوتنی سه‌رپێیی
به‌كاربهێنرێت؟
ـ بۆچی
چاودێریكردنی نه‌ناسراو (anonymous
observation) له شوێنه
گشتیه‌كاندا ، هێشتا بێ لایه‌نانه نییه؟
تێكستی
چواره‌م:
جۆشوا فیشمان:
"سۆسیۆلۆژیای زمان" چاپی جۆشوا فیشمان: پێشكه‌وتنه‌كانی
سۆسیۆلۆژیای زمان. ماوتن 1971. ڤۆڵ 1، لاپه‌ڕه 221:
یه‌كێك له
به‌شداریه هه‌ره گرنگه‌كانی كۆزمانه‌وان له لێكۆڵینه‌وه‌ی
زماندا ئه‌و هه‌وڵه بووه بۆ دیاریكردنی ئه‌و به‌ها
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه به شێوه‌زارێك ده‌درێت. نووسه‌ر قسه
له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات گرنگی شێوه‌زاره‌كان له‌وه‌دانییه كه
جیاوازن، به‌ڵكو به‌هایه‌كی سمبوڵی (symbolic
value) ده‌ده‌نه زمانه‌كه یان
شێوه‌زاره‌كه كه ئه‌وه‌ش دیاریده‌كات ئایا خه‌ڵك
به‌كاریده‌هێنن یان نا. هه‌روه‌ك چۆن جۆره جیاوازیه‌كانی
پۆشاك وه‌ك یه‌ك ئێمه گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام به‌رگی
ڕه‌سمی سیمبوڵی گروپێكی تایبه‌تمه‌نده، به‌هه‌مان شێوه
شێوه‌زاره جیاجیاكان به‌های تایبه‌تیان هه‌یه و سمبوڵی
ئه‌ندامێتیه له گروپێكدا.
به گشتی،
سۆسیۆلۆژیای زمان ته‌نها به‌دوای ئه‌وه‌دا ناگه‌ڕێ ئه‌و ڕێسا‌و
فۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تیانه بدۆزرێته‌وه كه ڕه‌فتاری زمان و
هه‌ڵسوكه‌وت به‌رامبه‌ر زمان له كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاخاوتندا
ڕوونبكاته‌وه و سنووری بۆ دابنێ، به‌ڵكو به‌دوای ئه‌مه‌شدا
ده‌گه‌ڕێ كه به‌ها سیمبوڵیه‌كانی زمان بۆ قسه‌كه‌رانی
دیاریبكات. شێوه‌زاره‌كانی زمان هه‌ر له خۆیانه‌وه به‌های
ئاماژه‌یی و سمبوڵیان هه‌یه، وه‌ك ئه‌نجامێكی حه‌تمی و
به‌هوێ جیاوازی ئه‌ركه‌كانیان. ئه‌گه‌ر چه‌ند شێوه‌زارێ
ئاماژه‌بێ بۆ چه‌ند خولیا‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك، چه‌ند
باكگراوندێك، یان چه‌ند بنچه‌یه‌ك ، كه‌واته په‌یوه‌ندی و
خواستی به‌رز، سنوور و چانسه‌كانی ئه‌و خولیا‌و
به‌رژه‌وه‌ندیانه دیاریده‌كه‌ن. به‌های سیمبوڵی
شێوه‌زاره‌كانی زمان په‌یدا ده‌بن و له ناو ده‌چن هه‌ركاتێك
پایه‌ی ئه‌و ئه‌ركانه یان سیماكانیان په‌یدابن و له‌ناوچن.
شێوه‌زاره‌كان لێك نزیكی و یه‌كسانی نیشانده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر به
شێوه‌یه‌كی نموونه‌یی وه‌ربگیرێن له‌و پێوه‌ندیانه‌دا
به‌كاربهێنرێن كه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر پێوه‌ندی نێوان
قسه‌كه‌رانه‌وه. له‌وانه‌یه شێوه‌زاره‌كانی تر نیشانه‌ی
پله‌ی خوێنده‌واری و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بن له ئه‌نجامی
به‌كارهێنانیان له لایه‌ن قسه‌كه‌رانیانه‌وه له ئه‌نجامی
به‌جێهێنانی ئامانجێك له به‌كارهێنانیدا، هه‌روه‌ها له
ئه‌نجامی به‌دیهێنانیان له‌و شوێنكات و په‌یوه‌ندیانه‌ی كه
شیاون بۆ فێربوونی ڕه‌سمی یان بۆ ئایدۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ت .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ئه‌ركانه ده‌كرێ بگۆڕێن.
به‌ربژوچوونی (evolution)
هه‌نگاو به هه‌نگاوی زۆربه‌ی شێوه‌زاره لۆكاڵه‌كانی ئه‌وروپا
بۆ ئه‌و ئاسته‌ی ئێستایان وه‌ك زمانی كه‌لتور و ته‌كنۆلۆجی
ته‌نها نموونه‌یه‌كه و پیشانی ده‌دات چۆن ئه‌ركه سمبوڵی و
كرداریه‌كانی زمان به شێوه‌یه‌كی دراماتیكی ده‌كرێ بگۆڕێ.
ئه‌مڕۆ گۆڕانی له‌م شێوه‌یه به به‌رده‌وامی ڕووده‌دات.
چه‌ند
پرسیارێك
ـ ژماره‌یه‌كی
زۆری خه‌ڵك پێیان وایه كه هه‌موو جۆره‌كانی زمان یه‌كسانن،
پێیان وایه هه‌موویان وه‌كو یه‌ك به‌سوودن. بۆچوونه‌كانی
فیشمان ده‌رباره‌ی به‌های سمبوڵی چۆن ئه‌م بۆچوونانه
ڕه‌تده‌كاته‌وه؟
ـ زمانی
نه‌ته‌وه‌یی چ جۆره به‌هایه‌كی سمبوڵی هه‌ڵده‌گرێ ؟ ئایا
ئه‌مه یارمه‌تیمان ده‌دات له تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌ی كه چۆن
جوڵانه‌وه نه‌ته‌واییه‌كان زمان هه‌ڵده‌بژێرن؟
ـ ئه‌گه‌ر بیر
له گۆڕانه به‌رده‌وامه‌كانی زمان بكه‌ینه‌وه، چۆن به‌های
سمبوڵی زمانه‌كان ده‌بنه گرفت بۆ كۆمه‌ڵگا ئه‌وروپیه‌كان یان
هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی فره زمان؟
ژێده‌ر:
Bernard Spolsky.
(1998). Sociolinguistics. Oxford University Press.
|